وەزیری دەرەوەی ئاڵمان بە مەبەستی دەربازکردنی بەرجام ئەچێت بۆ تاران

0
567

رۆژی كورد :
هایکۆ ماس وەزیری کاروباری دەرەوەی ئاڵمان لە درێژەی هەوڵەکانیان بۆ دەربازکردنی پەیماننانەی ناوەکی بەرجام لە قەیران ڕۆژی دووشەممە بەرەو ئێران بەڕێدەکەوێت. وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوە باسی لەوە کردووە ئەمە سەفەرێکە بۆ دڵی قەیرانەکان، سەفەری ماس دوو حەوتوو دوای چاوپێکەوتنی ناوبراو لە گەڵ مایک پۆمپێئۆ دێته‌ جێبەجێ كردن.

هایکۆ ماس وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی ئاڵمان ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٠ی حوزەیران بەرەو تاران پێتەختی وڵاتی ئێران وەڕێدەکەوێت تا بۆ دەربازکردنی پەیمانی ناوەکی بەرجام لە گەڵ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی وتووێژ بکات. ماریا ئەدبار وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان باسی ئەوەی کردووە کە هایکۆ ماس لەم سەفەرەی لە گەڵ مۆحەممەد جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەو وڵاتە چاوپێکەوتن دەکات. وێستگەکانی دواتری سەفەرەکەی هایکۆ ماس ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی و وڵاتی ئۆردۆن دەبێت. ماریا ئەدبار سەفەری هایکۆ ماس بە سەفەرێک بۆ دڵی قەیرانەکان ناودێر دەکات کە مەبەستی کەمکردنەوەی ئاستی ئاڵۆزییەکان و هەوڵ بۆ ئاشتی و ڕێکەوتنە.
بەرپرسی دیپلۆماسی ئاڵمان لە ساڵی ڕابردوو کە وەک وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەو وڵاتە دیارکراوە سەفەری بۆ تاران نەکردووە و لە ڕاستی دا ئەمە یەکەم سەفەری وەزیری دەرەوەی ئاڵمان بۆ وڵاتی ئێران لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی ڕابردوودایە. دوو حەوتوو پێش ئێستا یەنس پلۆتنێر یەکێک لە ڕاوێژکارانی پایەبەرزی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئاڵمان سەفەری کرد بۆ تاران کە ئاشکرایە مەبەستی ناوبراو لەو سەفەرە ئامادەکاری بووە بۆ سەفەرەکەی هایکۆ ماس. سەفەری پلۆتنێر بەرەوڕووی ناڕەزایەتی واشنگتۆن بوو، بەڵام سەفەری ماس بە لە بەرچاوگرتنی چاوپێکەوتنی ئەم دواییانەی ناوبراو لە گەڵ مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە بەرلین لەوانەیە بێ هاوئاهەنگی واشنگتۆن نەبێت!
ئامریکا لە ماوەی یەک ساڵ لەوەبەر هەتا ئێستا لە پەیمانی بەرجام دەکەوتووە و گوشاری ئابووری و سیاسی زۆری بۆ سەر ڕژیمی ئێران لە ڕەهەندەکانی بێ وێنە دا بەردەوام کردووە. مانگێک پێش ئێستاش ڕژیمی ئێران باسی لە پابەندنەبوونی خۆی بۆ کۆمەڵێک لە بەڵێنەکانی بەرجام ڕاگەیاند و هەڕەشەی ئەوەی کرد ئەگەر وڵاتە ئۆروپاییەکان بەڵێنەکانی خۆیان سەبارەت بە کەمکردنەوەی شوێندانەری بایکۆتەکانی ئامریکا هەتا دوو مانگی داهاتوو بە ئەنجام نەگەینن ئەوا ئێران هاوکات بەڵێن و دەستەبەریەکانی دیکەی خۆی لە پەیماننامەی بەرجام کەم دەکاتەوە.
هەواڵی سەفەری هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی وڵاتی ئاڵمان بۆ تاران هاوکات لە ڕۆژێک دا ڕادەگەیەندرێت کە ڕیکەوتی سەفەرەکەی شینزۆ ئابێ سەرۆک وەزیرانی وڵاتی ژاپۆن بۆ ئێران بە مەبەستێکی هاوشێوە بە تەواوی دابین کراوە. شینزۆ ئابێ کە ئەم دواییانە لە شاری تۆکیۆ پێتەختی وڵاتەکەی لە گەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئامریکا دیدار و چاوپێکەوتنی کرد، ڕۆژانی ١٢ هەتا ١٤ حوزەیران بە مەبەستی نێوانجیکاری نێوان وڵاتانی ئێران و ئامریکا لە تاران دەبێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.