وەزیری بەرگریی کۆماری ئیسلامی: هیچ هێزێک ناتوانێ پێش بە تاقیکردنەوە موشەکییەکانمان بگرێ

0
729

ڕۆژی کورد: دوای ئەوەی کە هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکاییەوە کە نەیویستبوو ناوی ئاشکرا بکرێ، هەواڵی تاقیکردنەوەی موشەکێکی مامناوەند مەودای بڵاو کردبۆوە کە دەگوترێ ئەو موشەکە دوای بڕینی مەودایەکی هەزار کیلۆمیتری، تەقیوەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، پاسدار حسێن سەلامی، وەزیری بەرگریی کۆماری ئیسلامی، ئەنجام دانی ئەو تاقیکارییەی پشتڕاست کردەوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ئیسنا، حسێن دیهقان لەمەڕ ئەو تاقیکردنەوە موشەکییە گوتی: “ئەو کردەوەیە هیچ پێکناکۆکییەکی نە لەگەڵ بەرجام هەیە و نە لەگەڵ بڕیارنامەی ٢٢٣١. ئەو تاقیکردنەوەیە لە درێژەی بەرنامەکانی ئێمەدا بووە و پێشتریش رامانگەیاندووە کە بەرنامەکانمان لە بواری بەرهەمهێنانی کەرستە بەرگرییەکان بە مەبەستی ئامانج و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان داڕشتووە و بەڕێوەی دەبەین و هیچ هێزێکیش ناتوانێ کاریگەریمان لەسەر دانێ”.

لێژنەی نوێنەرایەتیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی دووشەممە، داوای لە شۆڕای تەناهیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد تا لەمبارەوە کۆبوونەوەیەک ڕێکبخات.

بڕیارە نیکی هێلی، باڵوێزی نوێی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدار ببێت.

لەو ڕاگەیێندراوەی کە لەلایەن نوێنەرایەتیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاو بۆتەوە هاتووە “بۆ لێکدانەوە لەمەڕ تاقیکردنەوەی موشەکێکی بالستیکیی مامناوەند مەودا لە ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، داوای دانیشتنێکی بەپەلە لە شۆڕای تەناهی دەکەین”.

بڕیارە ئەم کۆبوونەوەیەی شۆرای تەناهیی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای باس و خواست لەسەر دۆخی سووریە، کاتمێر ١٥ بەکاتی گرینویچ ئەنجام بدرێت.

لە یەکەم دژکردەوە بەو دڵەراوکێیەی کۆمەڵگای جیهانی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی دەڵێ، تاقیکردنەوەی موشەکی نەتەنیا بەشێک لە ڕێکەوتنی ناوکیی ئێران لەگەڵ ڕۆژئاوا نیە بەڵکوو ئەو تاقیکردنەوانە بەپێچەوانەی بڕیارنامەی شۆڕای تەناهیش نیە کە دوای بەرجام پەسەند کراوە”.

زەریف، ڕۆژی سێ شەممە ١٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە قەراغ چاوپێکەوتن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕانسە، بێ ئەوەی کە ئەو تاقیکردنەوەیە ڕەت بکاتەوە یان پشتڕاستی بکاتەوە گوتی: “ئێران هیچ کات موشەکە بەرهەمهێنراوەکانی خۆی بۆ هێرش بۆ سەر وڵاتانی تر بەکار ناهێنێ”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت