وەزارەتی پێشمەرگە باس لە ڕفاندنی تۆنی ئێکمان، پێشمەرگەی خۆبەخشی سوێدی لەلایەن پەکەکەوە دەکات

0
1138

ڕۆژی کورد: وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی باشوور لە ڕاگەیێندراوێکدا باس لەوە دەکات کە پێشمەرگە خۆبەخشە سوێدییەکە لەلایەن هێزێکی سەر بە پەکەکە لە سنووری شنگال ڕفێنراوە .

وەزارەتی پێشمەرگە رۆژی سێشەممە، ٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی ڕایگەیاند “نیگەرانین لە چارەنووسی پێشمەرگەی سوێدی خۆبەخش تۆنی ئێکمان”.

بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی پێشمەرگە “ماوەیەکە پێشمەرگەی خۆبەخش تۆنی ئێکمان لە سنووری شنگال لە لایەن هێزێکی سەر بە پەکەکەوە ڕفێنراوە و تاوەکو ئێستا لە لای ئەو هێزەوە دەستبەسەرە.

تۆنی ئێکمان ماوەیەک لە سنووری کەرکووک و دواتریش لە سنووری شنگال شانبەشانی هێزەکانی پێشمەرگە لە دژی داعش لە سەنگەردا بووەو لە کۆتایی ساڵی 2015، لە کۆنترۆڵکردنەوە شنگال لە دژی داعش بەشداری کردووە.

وەزارەتی پێشمەرگە هەروەها ڕاشیگەیاندووە “ئێمە نیگەرانیی خۆمان لە بەرامبەر ئەم کردارە دەردەبڕین و هێزەکانی پەکەکە بە بەرپرسیار دەزانین لە ژیانی ئەم پێشمەرگەیە، هیوادارین لە زووترین کاتدا ئازاد بکرێت. وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەموو هەوڵ و توانای خۆی دەخاتەگەڕ بۆ ئازادکرانی ئەم پێشمەرگە خۆبەخشە”.

رۆژنامەی ئافتونبلادتی سوێدیش لەمبارەوە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵەکە ڕایگەیاندبوو تۆنی تەمەن 51 ساڵ زیاتر لە ساڵ و نیوێکە هاتووەتە باشووری کوردستان و چووەتە نێو ریزەکانی پێشمەرگە و، بەشداری لە شەڕی دژ بە داعشدا کردووە. ئێستا لەلایەن یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) کە هێزێکی سەر بە پەکەکەیە لە سنووری شنگال، دەستبەسەر کراوە.

ئەو ڕۆژنامەیە هەروەها دەقی نامەیەکی تۆنی بۆ برایەکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا داوای کردووە هەواڵەکەی بەو ڕۆژنامەیە بگەیەنێت.

لەو نامەیەدا نووسراوە: “سڵاو! هیواخوازم خۆت و بنەماڵەکەت باش بن. لێرە کێشەیەک هەیە. پەیوەندی بە ڕۆژنامەی ئافتونبلادتەوە بکە و پێیان بڵێ، من لەلایەن گرووپێکی کوردییەوە زیندانی کراوم”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت