وتووێژ لەگەڵ شاهۆ بێدوخ، ئەو وەرزشوانە کوردە گەنجەی کە لە ئاستی ئیسکاندیناوی بوو بە یەکەم

0
1163

دەستپێک: هەر کە هەواڵی قارەمان و یەکەم هاتنەوەی کوڕە کوردێکی گەنجی تاراوگەنشین لە کێبەرکێکانی ئاستی ئیسکاندیناوی لە بواری وەرزشی تکواندۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بۆوە، ڕۆژی کورد کە وەک هەر سەرکەوتنێکی کورد لە هەر شوێنێکی ئەو جیهانە، هەست بە گەورەیی و شادی دەکات، بەو هەواڵەش شاگەشکە بووین و بە ئەرکی خۆمان زانی تا وتووێژێک لەگەڵ ئەو گەنجە کوردە سەرکەوتووه ساز بكه‌ین.

لە سەرەتای پەیوەندییەکەدا، شاهۆی گەنج، کوڕێکی ڕووح سووک و خاکەرا هاتە بەرچاو، کەسێک کە یەک تۆسقاڵ خۆ بەزل زانی و سەرخۆش بوون لە براوەبوون و خۆبایی بوون تێیدا دیاری نەدەکرد، بە دڵێکی ئاوەڵاوە وتووێژەکەی قەبووڵ کرد، هەر لە ئێستاوە هیوای سەرکەوتن بۆ کاک شاهۆی دڵ ئاوەڵا و خوێن شیرین و سەرجەم کورد بە گشتی و وەرزشوانە کوردەکان بەتایبەتی دەخوازین و سەرنجتان بۆ ئەو وتووێژە ڕادەکێشن.

ڕۆژی کورد: سڵاو و ڕێز کاک شاهۆی ئازیز، ئەو کاتەت باش، سەرەتا ئەگەر بکرێ خۆتان بۆ خوێنەرانی ڕۆژی کورد بناسێنن.

بێدوخ: سڵاو و ڕێزم هەیە بۆ سەرجەم خوێنەرانی ڕۆژی کورد و سپاس بۆ ئەو دیمانەیە و ئاوڕ لێدانەوە لە وەرزشوانان بەتایبەتی. من شاهۆ بیدوخ کوڕی ئێقباڵ و خەڵکی شاری نەغەدەی خۆرهەڵاتی کوردستانم کە ماوەی ٢ ساڵە لە وڵاتی فینلاند دەژیم و بەر لەویش ماوەی شەش ساڵ بە بنەماڵەوە لە وڵاتی تورکیە پەنابەر بووین. لە ئێستادا کە تەمەنم ٢٢ ساڵە لە وڵاتی فینلاند خەریکی درێژەدان بە خوێندنم و لە هەمان کاتێشدا شێلگیرانە سەرقاڵی وەرزشی ڕەزمیی تکواندۆم.

ڕۆژی کورد: کۆتا یاری کە بەڕێوەتان برد و تێیدا خەڵاتتان وەرگرت، ئەگەر دەکرێ بۆمان باسی ئەو یارییە بکەن.

بیدوخ: ئەو یارییە لە ئاستی وڵاتانی ئیسکاندیناوی بەڕێوەچوو و کرانەوە و دەستپێکی یارییەکانی ئیسکاندیناوی بوو بەڵام لە وڵاتانی تریشدا بەشداری تێدا کرابوو. من لە کێشی ٦٨ کیلۆگرەمی گەورەساڵاندا لە ئاستی وڵاتی فینلاند، یەکەم هاتمەوە و هەر بۆیەش لەگەڵ یانەی نەتەوەیی فینلاند، بەشداری ئەو کێ بەر کێیانە، کرد کە لە وڵاتی دانمارک بەڕێوەچوون.  بەداخەوە من لە کاتی ڕاهێنان لە یانەی خۆماندا و لە کاتی ڕاهێنانەکاندا، چۆکم بە تووندی بریندار بوو بە جۆرێک کە ڕفاندیانم بۆ نەخۆشخانە و ئەوەش خەسارێکی گەورە بووم ئەوەش لە حاڵێکدابوو کە تەنیا دوو حەوتوو کاتم هەبوو لە بەڕێوەچوونی یارییەکانی ئیسکاندیناوی لە دانمارک و ئەوەش لە حاڵێکدابوو کە من هەم تا ٣ کیلۆ کێشم زیاد ببوو و دەبوو کێشم دابەزێنم و هەمیش چۆکم بریندار ببوو و زەربەی دیتبوو، هەر بۆیەش لەو دوو حەوتوویە کە حەوتوویەکی لە نەخۆشخانە و ماڵێ بووم و لە حەوتووی بەر لە کێ بەرکێکانیش تەنیا یەکجار ئەویش بە شەقەوە توانیم بچمە یانەکە، کەوابوو کاتم نەمابوو بۆ ڕاهێنان کە ئەوەش یەکجار تووشی ئاڵۆزی کردم و لە کۆتاییشدا بە پارزێزی بەردەوام لە ئا و ونان و هەموو شتێک لە ماوەی سێ ڕۆژدا کێشم هاتەوە سەر ٦٧ کیلۆگرەم.

لەو یارییەدا و لەو کێشەدا (٦٨ کیلۆگرەم) من دە کەسم وەک ڕەقیب و بەرانبەر لە وڵاتانی جیاواز هەبوو، یەکەم یاریم لەگەڵ کەسێک بوو لە وڵاتی نۆروێژ کە بە سەریدا سەرکەوتم، دووهەمی لەگەڵ سوید بوو کە بە سەر ئەویشدا سەرکەوتم، تا دوو یاری کۆتایی کە ئەویش هەر دووکیان لە دانمارک بوون کە بە زاڵ ىوون بە سەر یەکەم کەسیاندا چووم بۆ یاری کۆتایی (فیناڵ) و لە فیناڵیش بەسەر یاریزانە دانمارکییەکەدا سەرکەوتم و توانم لە کێشی خۆمدا لە ناو وڵاتانی ئیسکاندیناوی، یەکەم بێمەوە.

تۆمار کردن و مسۆگەر کردنی پلەی یەکەم بەو حاڵەوە و دوای ئەو هەموو ئازارە بۆخۆشم هەندێ لە باوەڕ بە دوور بوو چ بگا بە هاوڕێکانم لە یانەی فینلەند، ئەوەش خۆشیەکی چەند قاتی بە هەموومان دا و وای کرد کە خەڵکانی سارد و سڕی فینلاندی ئێستا دوای ئەو یارییە یەکجار لەگەڵم گەرم و گوڕن و هەست بە نزیکبوونەوەیەکی زۆر زیاتر دەکەم لەگەڵیاندا.

ڕۆژی کورد: بەڕێزتان ل ەکەنگێوە دەستتان بە وەرزشی تکواندۆ کرد؟ لەو رێگایەدا کێ هاندەر و پاڵپشتتان بووە؟

بێدوخ: من لەو کاتەوە کە لە تورکیە دەژیاین و پەنابەر بووین دەستم کرد بە وەرزشی تکواندۆ، ئەوەش ڕێگایەک بوو بۆ دووربوونەوە لەهەندێ دیاردەی دزێو کە بەداخەوە لەوێ بوونی هەبوو هەروەها جۆرێک لە جۆرەکان بۆ بەرگری کردن لە خۆم بوو، لەو وڵاتە گەلێک ئازارمان بینی کە هیچ کات لە یاد ناچنەوە. یەکەمجار لەگەڵ هاوڕێیەکم چووم کە ئەو ماوەیەک بوو دەچۆ تکواندۆ، مامۆستا و ڕاهێنەرەکەی داوای لە من کرد کە منیش دەست بکەم بە تکواندۆ و بچم بۆ یانەکە بەڵام دەست کورتی ئەو ئیزنەی پێ نەدەداین، ڕاهێنەرەکەی هاوڕێکەم کەسێکی باش بوو، بۆ مانگێک بە بێ پارە ئیزنی دام بچمە یانەکە و ڕاهێنان بکەم، هەر ئەوە بوو بەردەوام بووم و دوای ٦ یان ٧ مانگ لە بوون لەو یانەیە و کار کردن و ڕاهێنان، ناردرام بۆ کێ بەر کێ، ئەوە ساڵی ٢٠١٠ بوو. لە یاریەکاندا زۆر نەترس بووم، ئەوەش وایکردبوو مامۆستاکەم زۆر هانی دەدام و مزگێنی دواڕۆژێکی خۆش و سەرکەوتنی زۆری پێدەدام.

لە تورکیەبەشداری زۆر یاری ناوخۆیی ئەو وڵاتەم کردووە بەڵام نەبوونی ڕەگەزنامەی تورکیە ئیزنی چوون و بەشداری کردن لە یارییەکانی دەرەوەی ئەو وڵاتەی پێ نەدەدام. هەڵبەت کوردبوون خۆی لەوێش کۆسپێک بوو بۆ پێشکەوتن، هەر ئەوەش وایکرد ماوەیەک واز لە وەرزشەکەشم بێنم تا ئەوەی کە هاتین بۆ وڵاتی فینلاند و سەر لەنوێ دەستم پێکردەوە.

ڕۆژی کورد: تا ئێستا چەند جار بوونە قارەمان و یان لە کێبەرکێیەکان لە سێ کەسی یەکەم بوون و چ میدالیایەکتان بەدەست هێناوە؟ بە گشتی چیرۆکی سەرکەوتنەکانتان لە گۆڕەپانی وەرزشدا بگێڕنەوە.

بێدوخ: جارێک لە تورکیە لە کێشی ٦٣ کیلۆگرەمدا، قارەمان هاتمەوە و دواتر کە هاتین بۆ وڵاتی فینلاند، دوو جار لە کێشی ٦٨ کیلۆدا لە فینلاند قارەمانەتیم تۆمار کردووە، ئەو یارییانەی ئەو جارەی دانمارکیش یەکەم یاری من بوو کە دەمتوانی لە ئاستی وڵاتان و جیهاندا بەشداری بکەم و ئەندامی یانەی نێونەتەوەیی فینلاند بووم کە زۆر شکور توانیم قارەمانەتی و پلەی یەکەم تۆمار بکەم.

ڕۆژی کورد: بەڕێزت بە؛سەڕنج دان بەوەی کەلە دەرەوە گەورە بوون و دەژین، وەک کوردێک بەشدار بوون یان نا؟

بێدوخ: من کوردم و وەک کوردیش بەشداری دەکەم بەڵآم لە ژێر ئاڵای فینلانددا چونکە من لە ئێستادا وەک یانەی نەتەوەیی فینلاند کار دەکەم وبەشدار دەبم و وا نیە کە خۆم وەک خۆم و بەتەنیا بەشداربم بەڵام هەموو کەس دەزانێ من کوردم و ئەوەش شانازیمە، بە نیازیش بووم ئاڵای کوردستان بەرز بکەمەوە مخابن پێشم پێ گیرا چون من بەو ناوە بەشدار بووم، هەڵبەت ئەو وڵاتەش وڵاتی دووهەمی منە بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە من کوردم و هەر بە کوردیش ژیاوم و دەژیم.

کە چووم بۆ وڵاتی دانمارک بۆ بەشداری کردن لەو یارییانەدا، ئاڵای زۆر وڵات هەڵواسرابوو، چاوێکم بە ئاڵاکاندا خشاند و کوتم زۆر جۆش دەبوو منیش وەک کوردێک ئاڵای وڵاتی خۆم هەبا و بەو ئاڵایەوە بەشدار بام، بەو حاڵەشەوە دوای یارییەکە حاڵێکی خۆشم هەبوو چونکە بەڕاستی هەم بە سەختی چووبووم و هەم بەرانبەرەکانیشم زۆر بەهێز بوون، لەو لاشەوە ئەوەی کە کوردێک لەو پێگەیە ڕادەوەستێ زیاتر هەستی شانازی و خۆشحاڵی پێدەبەخشیم، سپاس بۆ کوردەکانیش کە بەتایبەتی لە ڕێ و ڕەسمی شاری تۆرکۆ زۆر ڕێزیان لێگرتم و پیرۆزباییەکی گەرمم لە لایەن کوردەکانەوە لێکرا.

ڕۆژی کورد: بردنەوە و قارەمانەتی ئەویش بۆ کوردێکی گەنجی تاراوگە، چ هەستێکی هەیە؟

ڕاستییەکەت دەوێ بۆ من زۆر خۆشحاڵییە کە توانیم جیا لە خۆم، بنەماڵەکەم، دایک و باوکم و خوشکم و کوردێکی زۆر بەو سەرکەوتنە دڵخۆش بکەم و بۆیەش شانازییەکەم چەند قات بووە. هەروەها ئەو شانازییەی کە کوردەکان بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نیشانیان دا ئەوە بۆ من زۆر گرنگ و جێگای شانازییە، شانازییەکی کە بە هیچ پووڵ و هیچ شتێکی تر ناکڕدرێت و لە کڕین نایە.

ڕۆژی کورد: ئاستی ئێستای وەرزشی کورد چۆن دەبینن؟ لەگەڵ وەرزشوانە کوردەکان چەند پەیوەدیتان هەبووە و هەیە؟

بێدوخ: لێرە لە شاری تورکۆ کوڕێکی کوردی لێیە بە ناوی شێرکۆ ئەلیاسی کە وەرزشی لەش جوانی دەکات و یەکەمی فینلاند و سێهەمی جیهانە، لەگەڵ بەڕێزیان هەم لە یەک قوتابخانەین و هەمیش پەیوەندیمان باشە و ئەوەش بۆ من دڵگەرمە. کاک شێرکۆ ساڵی ٢٠١٥ باشترین وەرزشوان و لەش جوانی وڵاتی فینلاند بووە و ناسینی ورەیەکی زۆری داومێ.  ئاستی وەرزش و وەرزشوانی کورد ئەوەندەی من دەیبینم لە برەو دایە، کورد وڵات و حکومەتی خۆی نییە و ئەوەی دەیکات بە ناوی خەڵک تۆمار کراوە بەڵام بەو حاڵەشەوە کورد لە گۆڕەپانە وەرزشییەکاندا دەنگ و ڕەنگێکی دیار و بەرچاوە کە هیوادارم ئەوە زیاتر و بەرچاوتر بێ.

ڕۆژی کورد: لاتان واێە وەرزش تا چەند دەتوانێ یارمەتیدەری کوردبێ بۆ ناساندنی خۆی و کێشە نەتەوەییەکەی؟

بێدوخ: لە ڕێگای وەرزشەوە دەکرێ زۆر بە باشی کورد بەتایبەتی بەو کەسانە کە تا ئێستاش کورد بە باشی و وەک خۆی ناناسن، بناسێنین. ئازارەکانی کورد و مێژووی کورد و لە هەمووی زیاتر کۆڵنەدان و خۆڕاگری کورد کە بەو هەموو ئازارەوە قارەمانەتی زۆریش تۆمار دەکات، ئەوانە هەموی بە وەرزش دەکرێ بناسێندرێت. تا ئێستا زۆر جار بە من کوتراوە کە کورد زۆر بەغیرەت و بوێرن، کورد نەترسن و هیچ کات هەست بە دۆڕان ناکەن، ئەوە وشەگەل و پێناسەگەلێکە کە زۆر جار لە فینلاندییەکانم بیستووە کە دەڵێن شانازی بە کوردەوە دەکین کە وا نەترسن و سەنگەر بەرنادەین. ئەرکی وەرزشوانی کوردە کورد بناسێنێت و تا ئێستاش هەروابووە .

ڕۆژی کورد: کوردانی فەنلاند چەند هاندەرتن بۆ وەرزش و؛بەردەوام بوونت؟

بێدوخ: کوردەکانی فینلاند بە بیستنی ئەو سەرکەوتنە زۆر خۆشحاڵ بوون، بە پیرۆزبایی کردن و بە بڵاو کردنەوەی وێنەکەم لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا و زۆر شێوازی تر، خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی و بوونە هاوبەشی خۆشیەکانم. زۆریش سپاسیان دەکەم کە لە ڕێگای نامە و تەلەفوون و لە فەیسبووکەوە پیرۆزبایی گەرم و گوڕم لێکراوە و ئەوەش خۆشحاڵی کردم و وایکرد کە لەوەبەدوا زیاتر لە جاران هەستی بەرپرسارەتی لە هەمبەر کورد بە گشتی بکەم و هەرچیەکی لە دەستم بێ کەم و کورتیم نەبێ. هەڵبەت بە گشتی مرۆڤایەتی لای من پیرۆزە.

ڕۆژی کورد: لە کۆتایی ئەو دیمانەیەدا ئەگەر قسەیەکتان بۆ خوێنەرانی ڕۆژی کورد و هاندەران و هۆگرانی خۆتان هەیە، تکایە بفەرموون.

بێدوخ: زۆر حەز دەکەم و هەوڵ دەدەم لە یارییەکانی داهاتوومدا بە هەر شێوەیەک بێ ئالای کوردستانیش بەرز بکەمەوە، چونکە من جیا لەوەی کە مامێکم شەهیدی ڕێگای کوردستانە و ئێستاش دوو نێوم هەیە کە دووهەمیان جەلالەددینە کە ناوی مامی شەهدیمەوە کراوم و هەڵگری ناوی پیرۆزی شەهیدێکی ڕێگای کوردستانم، شانازی گەورەی من کوردبوونە.

لە کۆتاییدا بەتایبەتی سپاسی کوردانی تاراوگە دەکەم کە بەڕاستی پشتیان گرتم و دڵخۆشیان کردم. سپاسێکی تایبەتیشم هەیە بۆ ڕۆژی کورد کە وا کاتتان تەرخان کرد و دەرفەتتان دا بە منی کوردی گەنج تا بتوانم لەو ڕێگایەوە هەم خۆم باشتر بناسێنم و هەمیش لەگەڵ خوێنەرانتان پەیوەندییەک ساز بکەم.

ڕۆژی کورد: ئێمەش سپاسی بەڕیزتان دەکەین کە وا بە خاکەرایی و دڵ ئاوەڵاییەوە وڵامی پرسیارەکانتان داوە، هیوای سەرکەوتنی زیاتر بۆ بەڕێزت دەخوازین و ئاواتەخوازین شایەتی سەرکەوتنی زیاتری جەنابت و سەرجەم وەرزشوانە کوردەکان بەتایبەتی و کورد بە گشتی بین و لە خۆشییەکانیاندا بەشدار بین.

1

2

3

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.