وتووێژی پۆمپێئۆ لە گەڵ یەکیەتی ئۆروپا لە مەڕ ڕێکەوتننامەی ناوەکی ئێران

0
633

رۆژی كورد :
وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی یەکیەتی ئۆروپا لە هەمبەر دەربازکردنی بەرجام چاوپێکەوتن و وتووێژ ئەکەن. هاوکات مایک پۆمپێئۆ وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی ئامریکا بە مەبەستی وتووێژان لە گەڵ هاوتا ئۆروپاییەکانی خۆی بەرەو بروکسێل پێتەختی وڵاتی بەلژیک وەڕێکەوت، ئەو دواتر بەرەو ڕووسیە بەڕێکەوت.

مایک پۆمپێئۆ وەزیری کاروباری دەرەوەی ئۆروپا بڕیار بوو رۆژی دووشەممە ١٣ ئایار بۆ چاوپێکەوتن و وتووێژ لە گەڵ بەرپرسانی رووسیە بەرەو مۆسکۆی پێتەختی ئەو وڵاتە بەڕێکەوێت، بەڵام  سەفەری ناوبراو بۆ مۆسکۆ پووچەڵ کراوەتەوە و بەرەو بروکسێل پێتەختی وڵاتی بەلژیک وەڕێ کەوتوو. هاوکات بوونی ئەم سەفەرە لە گەڵ کۆبوونەوەی وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی یەکیەتی ئۆروپا بووە هۆی ئەوەی کە مایک پۆمپێئۆ پرۆسەی سەفەرەکەی بۆ وڵاتی رووسیە بگۆڕێت و بۆ وتووێژ لە گەڵ هاوتایانی ئۆروپایی لە پێش دا بەرەو بروکسێل بەڕێ بکەوێت. ئامریکا لە پێوەندی بە بایکۆتەکانی ئێران و دابینکردنی گوشاری زیاتر بۆ سەر دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە هەوڵ ئەدات هاودەنگی وڵاتانی دیکە و بە تایبەت وڵاتانی ئەندامی یەکیەتی ئۆروپا وە دەست بهێنێت.
بە پێی ئەم ڕیزبەندە سەفەری پۆمپێئۆ بۆ وڵاتی ڕووسیە رۆژی سێسەممە ڕێکەوتی ١٤ ئایار بەڕێوەدەچێت. پۆمپێئۆ لە درێژەی سەفەرەکەی بۆ رووسیە لە گەڵ ڤلادیمیر پۆتین سەرۆک کۆماری ڕووسیە و هەروەها لە گەڵ سێرگەی لائۆرۆڤ هاوتای رووسی خۆی وتووێژ و چاوپێکەوتن ئەکات.
ماڵپەڕی تاگس شاو سەر بە تەلڤیزیۆنی دەوڵەتی ئاڵمان رۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٣ ئایار ڕاپۆرتێکی لە سەر دانیشتنی وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی یەکیەتی ئۆروپا لە مەڕ دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەک بۆ دەربازکردنی بەرجام بڵاو کردوەتەوە. ئەنجۆمەنی باڵای ئاسایشی نێونەتەوەیی کۆماری ئیسلامی ئێران هاوکات لە گەڵ ساڵڕۆژی دەرچوونی ئامریکا لە ڕێکەوتننامەی بەرجام بە بڵاوکردنەوەی داخویانێک دوو مانگ مۆڵەتی بۆ وڵاتانی ئۆروپایی دیاری کردبوو کە پابەند بن بەڵێنەکانی خۆیان لە مەڕ وڵاتی ئێران. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشەی ئەوەی ڕاگەیاندبوو کە هەرکات ئێران نەتوانێت نەوت هەناردەی دەرەوە بکات و کێشەکانی چاودێر لە سەر ئابووری و گواستنەوەی دراو لە گەڵ وڵاتانی دیکە لەم ماوەیە دا چارەسەر نەکرێت، ئەوا ئەوان پابەند نابن بە بەڵێنەکانیان لە هەمبەر سنووردارێتی بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم.
وڵاتانی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان وێڕای وەرنەگرتنی مۆڵەتی دیاری کراو لە لایەن ئێرانەوە باسیان لەوە کردووە کە بۆ دەربازکردنی بەڵێن نامەی ناوەکی بەرجام هەموو هەوڵ و توانای خۆیان وەگڕ دەخەن. هاوکات فێدریکا مۆگرینی بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتی ئۆروپا ڕایگەیاندووە کە ئەبێت بەرگری بکەین لە زیادبوونی کێشە و ئاڵۆزیەکان لە گەڵ ئێران دا و جەختی لە سەر ئەوە کردووە کە وڵاتانی ئەندامی یەکیەتی ئۆروپا پێویستە هەموو توانای خۆیان بە کار بهێنن بۆ دەربازبوونی بەرجام لەم قەیرانە.
وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی یەکیەتی ئۆروپا لە کۆبوونەوەکانی رۆژی دووشەممە ١٣ ئایار ڕێکەوتن لە سەر ئەوەی بەڵێنەکانیان لە مەڕ سازوکاری ئابووری پێوەندیدار لە گەڵ ئێران چارەسەر بکەن. حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە نێوان وتەکانی دا و هەروەها ئەنجۆمەنی باڵای ئاسایشی نێونەتەوەیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەیاننامەکەیاندا ئاماژەیان پێدابوو کە بەڵێننامەی سازوکاری ئابووری ئۆروپا ناسراو بە ئینس تێکس نەیتوانیوە چاوەڕوانیەکانی وڵاتی ئێران لەو پێوەندیەدا وەدی بهێنێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.