وتووێژی تایبەتیی ڕۆژی کورد لەگەڵ عەلی عابدی، ئاهەنگدانەر، ژەنیار و مامۆستای موزیکی کوردی

0
2088

بەشی فەرهەنگ و هونەری ناوەندی ڕۆژی کورد، لە درێژەی بەسەرکردنەوەی هونەرمەندانی کورد ئەمجارە وتووێژێکی لەگەڵ عەلی عابدی، ژەنیار، ئاهەنگدانەر و مامۆستای موزیکی کورد ئەنجام داوە، هونەرمەندێک کە تا ئێستا چەندین جار بۆ لێپێچینەوە و لێکۆڵینەوە بانگهێستی ئیدارە ئەمنیتیەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کراوە و بەردەوام لە ژێر گوشار دایە و لە ساڵی ١٣٧٧ـەوە ئیزنی بەڕێوەبردنی کۆنسێرتیان پێ نەدراوە و مۆڵەت (مجوز)ی کاری پێ نادەن. لەساڵانی ڕابردووشدا بە پلانیکی داڕێژراو ئەم هونەرمەندە لەلایەن نەیارانیەوە دەرمانداو کراوە و تا ئێستاش بەم دەردەوە دەناڵێنێت.

دەقی وتووێژەکە:

ڕوژی کورد: پێناسە بەڕێزتان بۆ هونەری موزیک چییە و چۆن چێژ و مانایەکی هەیە لە لای ئێوە؟

عابدی: بەڕای من هونەر بریتییە لە داهێنان بۆ بزواندنی هەستی مرۆڤ، خوڵقاندنی بیرێک کە بتوانێ خزمەت بە مرۆڤ و بایەخە مرۆڤایەتی و ئەخلاقییەکان بکات. لەهەمان کاتدا زمانی دەربڕینی، زمانی  ئاسایی نەبێت و بەرانبەری توشی ڕامان و بیرکردنەوە بکات و بتوانێت هەستە جۆراوجۆرەکانیش ببزوێنێ.

ڕۆژی کورد: بەڕێزتان ساڵانێکی زۆرە خزمەت بە هونەر و مووزیکی کوردی دەکەن و جێ پەنجەشتان بە جوانی دیارە، دەکرێ بۆ خوێنەرانی ئێمە بفەرموون دەستپێکی ژیانی هونەریی ئێوە چۆن بوو و چۆن پێتان نا نێو ئەو گۆڕەپانە و کێ یان چ کەسانێک پشتگیرییان کردن و چۆن بوو ئامێری ڤیۆلۆنتان هەڵبژارد؟

 photo_2016-11-14_00-15-46عابدی: من لەسەرەتا دا ساڵی ١٣٦٤ هەتاوی کاری هونەریم بە شیعر و ئەدەبییاتەوە دەست پێکرد و ساڵی ١٣٦٥ بەر لە فێربوونی هەر سازێک، بە ئاوازدانان و دروست کردنی مێلۆدی، موزیکم دەست پێکرد. دواتر بەهۆی ئەوەی دەنگی ویۆڵۆنی مامۆستا موجتەبا میرزادە هەر لە سەرەتای منداڵیەوە لە گوێم دا دەزرینگایەوە و هیچ شتێک نەیدەتوانی هێندە هەستم ببزوێنێ، هەر بۆیە زۆر هۆگری ئەو سازە بووم و فێربوونی ویۆلۆنم سەرەتا خۆم بە بێ مامۆستا دەست پێکرد و دواتریش چوومە خزمەت مامۆستا میرزادە بۆ بردنە سەرەوەی ئاستی ژەنینم. تا ئێستا سەرپەرەشتی ٣ گروپی مۆسیقا بووم کە بریتین لە:  تیپی مۆسیقای سروە ی سەقز (دەیەی ٦٠) – تیپی مۆسیقای سەردەشت (دەیەی ٦٠) –تیپی مۆسیقای نەکەرۆز( لە ساڵی ١٣٧٢ تا ئێستا). ماوەی ٤ ساڵ بەرپرسی ئەنجومەنی مۆسیقای شاری سەردەشت بووم و زیاتر لە ٢٦ ساڵە وانەی موزیک دەڵێمەوە و لە شارە کانی دیکەشەوە دێنە فێرگەکەم و زۆر قوتابیم پەروەردە کردووە کە خۆیان ئێستا هونەرمەند و شارەزای ئەم بوارەن. لە ماوەی ئەو ٣٠ ساڵ چالاکییەمدا تەنیا ٤ جار کۆنسێرتم کردووە و لە ساڵی ١٣٧٧ ـوە ئیزنی کۆنسێرتیان پێنەداوم. جیا لە ژەنیاری، چالاکی و شارەزایی من لە بنەڕەتدا ئاهەنگسازی و ئاوازدانانە و چەندین ئاوازم داوە بە گۆرانی بێژان وەک : کامەران عومەر، ژاڵە ، محەمەد ڕەئوف کەرکوکی ، مەحمود هەژیر، هێدی قادری، حسەین دانایی، محەمەد گۆمانی، شێرزاد حەسەن زادە، جەلیل یوسفی، حامید عوسمان، عادڵ عەزیز، ئومێد مستەفا، تارا ڕەسوڵ، محەمەد فەیزی، کەریم خاکی،  نایب منبەری و چەندین کەسی تر. چەندین سروودی نەتەوەییم هەیە و بڵاو بونەتەوە. هەمووی چالاکییەکانم لەسەر ئەرکی خۆم و بێ پشتیوانی هیچ کەس و لایەنێک بووە.

ڕۆژی کورد: بێجگە لە بەڕێزتان کەسی هونەرمەند و دەنگخۆش لە بنەماڵەکەتاندا هەبووە کە پشتگیریت بکات؟

عابدی: بەهۆی ئەوەی براکانم نەوارفرۆشیان هەبوو و هونەرمەندێکی زۆر بۆ تۆمارکردنی گۆرانی دەهاتنە ماڵمان، بنەماڵەم زۆر حەزیان لە موزیک بوو. وەک هونەرمەند پێش من لە بنەماڵەماندا نەبووە بەڵام ئێستا لە بنەماڵەماندا چەند کەس ژەنیارن و موزیک دەزانن بەڵام زۆر چالاک نین، هەرچەندە کوڕەکەم ئاهەنگساز و ژەنیارە و چالاکە و لە کارەکانم دا هاوکارمە. بنەماڵەم وەک پشتیوانی، پشتیوانم نەبوون بەڵام ڕێگریشم نەبوون.

ڕۆژی کورد: بەڕێزتان بەرهەمتان زۆرە و بۆ زۆرێک لەو کارەساتانەی کە بەسەر نەتەوەکەماندا هاتووە، بەرهەمەکانتانی خۆتان لەگەڵ ئازارەکانیاندا خستووە و وەک هونەرمەندێک پێت ڕاگەیاندوونە کە ئێوە تەنیا نین! بۆ کارەساتی هەڵەبجە، بۆ شەنگال و کۆبانی و ….هتد، کە زۆریان بوونەتە وێردی سەر زمانی کۆمەڵگە کەمان. ئەگەر بکرێت بفەرموون “بۆ هەڵەبجە”- کە بە بەتەنیا جێم مەهێڵن زیاتر ناسراوە- چۆن ئەم ئاوازەتان دانا؟ باسی ئەو هەست خۆتانمان بۆ بکەن لەو کاتەدا و ئایا  م. ڕفێق سابیر  ئەو هۆنراوەی  تایبەت بۆ ئەو ئاوازەی بەڕێزتان دانا یان نا ئێوە ئاوازەکەتان لەسەر ئەو هۆنراوەیە دانا؟

عابدی: “بەتەنیاجێم مەهێڵن”. چەند مانگێک بوو کارەساتی هەڵەبچە ڕویدابوو، من لە ڕێگەی برادەرێک چاوم بە ویدیۆی ئەو کارەساتە کەوت، بەڕاستی زۆر تێکچووم و کاری تێکردم و هیچ شتێک هێند داینەچڵەکاندم، ئەوە بوو داوام لە کاک ساڵح سوزەنی کرد کە شێعرێک بۆ ئەو کارەساتە بنوسێت تا بیکەم بە سروود و ئێمەش وەک کوردی ڕۆژهەڵات، هاودەردیی خۆمان ڕابگەێینین و بڵەین “هەڵەبجە تەنیا نییە”، ئەویش لە شێعری مامۆستا ڕەفێق سابیر کەڵکی وەرگرت و بەرەو شێعری ئەوە چوو و هەستی خۆی تێکەڵی ئەو شێعرە کرد، منیش ئەو شێعرەم کرد بەو سروود و دواتریش بەدەنگی چەندین کەس بڵاو کرایەوە. بەداخەوە زۆر کەس ئەو گۆرانیەیان بەناوی خۆیانەوە بڵاو کردەوە، بەڵام هێندەی نەبرد حەقیقەت ئاشکرا بوو. بۆ ڕای گشتی دەبێت بڵێم میلۆدی و ئارێنجی (ڕێکخستن) ئەو سروودە من کردوومە و شێعرەکەی مامۆستا ڕفێق سابیر و کاک ساڵح سوزەنی ـیە. ئەم سرودە و وەرزێک لە ئاوازەکانم لە کتێبێکدا بەناوی (بەتەنیاجێم مەهێڵن) ساڵی ٢٠٠٤ لە وەزارەتی ڕۆشنبیری چاپ کراوە و پارێزراوە.

ڕۆژی کورد: چ پڕۆژەیەکتان بۆ داهاتوو هەیە؟

photo_2016-11-14_00-15-39عابدی: هێندەم کار بەدەستەوەیە نازانم ئاماژە بە کامیان بکەم! بەڵام باسی ئەوانە دەکەم کە لە داهاتووی نزیک دا دەکرێت؛ زنجیرە کتێبم لە سەر مۆسیقای کوردی نوسیووە و جیاوازە لەو کارانەی کە تا ئێستا کراوە و ئەزمونی ٣٠ ساڵ توێژینەوە منە لە سەر مۆسیقای کوردی و بە شێوەیەکی ئەکادمیک نوسراون بۆ وانە و لێکۆڵینەوەی ئەو موزیکە لە زانکۆ و ئەکادمیەکانی موزیک لە داهاتووی کوردستاندا. بەڵام لەبەر نەبوونی چاپخانە یان شوێنێک کە وەئەستۆی بگرێت هەروا ماوەتەوە. تا ئێستا چوار کتێبم بەناوەکانی: بەتەنیاجێم مەهێڵن (٢٠٠٤ )– لە دڵمایە (٢٠٠٦ )– ژیلان (٢٠١٢)– زایەڵە (٢٠١٤) لە چاپ داوە .

دووهەم: خەریکی تۆما کردن و نوێژەن کردنی ئەڵبۆمێکم لە ئاوازەکانی خۆم کە لە دەیەی ٦٠ و ٧٠ ـی هەتاوی دروستم کردوون بەڵام لە بەر نەبوونی ستۆدیۆ ئەوکات تۆمار نەکران. چەندین گۆرانیی خۆم بە شێوەی پاپ و تێکەڵاو، لە ستۆدیۆ تۆمار کردووە بەڵام بەداخەوە ئەوانیش لەبەر نەبوونی پشتیوان بۆ کلیپ و بڵاوکردنەوەیان هێشتا قەتیس ماونەتەوە.

سێیەم: سەمفۆنیەکم لەسەر بەیتی خەج و سیامەند دروست کردووە و بە دووی پشتیوانی بۆ تۆمارکردنی دەگەڕێم چوون ئەو کارە بەڕاستی بە تەنیا ناکرێت

چوارەم: دوو ئەڵبۆم و چەند گۆرانیم لەبەردەستە کە کاری گۆرانیبێژانی دیکەیە و خەریکم ئاوازیان بۆ دادەنێم و ئارێنج و تۆماریان دەکەم.

ڕۆژی کورد: با بێینە سەر باسی موزیکی کوردی! بەڕای ئێوە ئەو کەم و کورتییانەی کە بە موزیکی کوردییەوە دیارن چین و دەبێ چۆن چارەسەر بکرێن؟

عابدی: بەڕای من موزیکی کوردی لە کاتێکدا ڕزگاری دێت و کەموکووڕییەکانی چارەسەر دەبێت کە دەسەڵات و دەزگا فەرهەنگیە کوردییەکان و هونەرمەندان، یاسا و سیستەمێک دابڕێژن کە هونەر بە پیشەیی بێت و هونەرمەند بتوانێت سەربەخۆ، بەتوانا و هزر و بەرهەمەکانی بەباشی بژیت و بتوانێت کاری دیکە بکات و پێویستی بە پشتگیریی لایەن و دەسەڵاتەکان نەبێت. هەوڵ بدرێت میدیا و کۆمپانیا و هتد سەربەخۆ، پیشەیی، پسپۆڕ، کارامە و دڵسۆز دروست ببن. ئەمە هەنگاوێکی هەرەگرنگە کە بەداخەوە تا ئێستا مسۆگەر نەبووە.

ڕۆژی کورد: ئەگەر بەراوردێک لە نێوان موزیکی کوردی و نەتەوەکانی دەوروبەرمان بکەین موزیکی ئێمە لە چ ئاستێکدایە؟

عابدی: ئەگەر وەک تاک سەیری ئەو بابەتە بکەین شایەد ئێمەی کورد چەند کەسایەتیەکمان هەبن (کە بەدڵنیاییەوە  ژمارەیان کەمتر لە قامکەکانی دەستە) کە لە ئاستی نێودەوڵەتی و جیهانی دابن بەڵام وەک موزیکی کوردی بەگشتی دەبێ بڵێم بەداخەوە هەر لە چاو دراوسێکانی خۆمان دەریا و ئۆقیانوس بۆ پێوانەکردنی لەدوابونمان هیشتا کەمە. موزیکی کوردی وەک ژێرخان و پۆتانسیێل، دەوڵەمەدندە بەڵام بۆ ئەوەی شان بە شانی ئەم سەردەمە و دنیای موزیک بڕواتە پێش، پێویستە کاری بۆ بکرێت و بۆ کەڵک وەرگرتن لەو ژێرخانە، دەبێت دەسەڵات و دەزگا فەرهەنگییەکان پشتیوانی لە هونەرمەندانی دڵسۆز و پسپۆڕ و ڕاستەقینە بکەن وهەلی ئەوەیان بۆ بڕەخسێنن کەبتوانن ئەو ئامانجە مسۆگەر بکەن. چەندین ساڵە پێشکەوتنێک نابینم و هەر بەرەو دوا دەگەڕێنەوە. بەڕای من هونەرمەندانی پێش ئێمە ڕۆڵی خۆیان بۆ ئەوکات بە باشی گێڕا بەڵام زۆر بەداخەوە لەم چەند ساڵەی دوایی، خراپکاریی زۆر کراوە و خزمەتی ئەو ئازیزانەش خەریکە بە فیڕۆ دەچێت. هەرچەندە من بە داهاتووی مۆسیقای کوردی گەشبینم و پێموایە کەسانێک پەیدا دەبن کە بتوانن گەلەکەمان وەئاگا بێنن و چارەسەری ئەم بارودۆخە بکەن کە خۆی باس کردنی ١٠٠ شانامەیە.

ڕۆژی کورد: زۆرجار گوێبیستی ئەو دەبین کە بەڵێ هونەرمەند بەرانبەر بە کۆمەڵگەکەی بەرپرسیارە و دەبێ هونەرەکەی لە خزمەت بەرەوپێشچوون و ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگەکەیدا بێت. ئەی ئەرکی کۆمەڵگە بەرانبەر بە هونەرمەدان چییە؟

عابدی: کۆمەڵگە دەبێت یاریدەی هونەرمەندانی ڕاستەقینە بکات بۆ ئەوەی هونەرمەند بتوانێت بەرهەمی چاک و ئاست بەرز پێشکەش بکات و ئاستی کولتوری و هونەریی کۆمەڵگەش بەرەوسەر بچێت. لە ئێستا دا ئەو بابەتە یەک لایەنەیە و هەر بۆیە هونەرمەندانمان لە بارودۆخێکی خراپ دا بەسەر دەبەن و بۆ درێژەدانی کارەکانیان ئاستەنگی زۆریان لەبەرپێشە.

ڕۆژی کورد: جارێکی تر سپاس بۆ ئەم دەرفەتەی بەخشیتان بە ئێم وەک ڕۆژی کوردە. لە کۆتاییدا ئەگەر وتەیەک هەیە کە دەتانهەوێ ئاماژەی پێبدەن تکایە بفەرموون.

عابدی: سپاس بۆ ئێوەش هەر بژین و سەرکەوتوو بن.

سروودێکیتری مامۆستا عەلی عابدی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت