ئاکامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی شارەداری ئەستەمبووڵ : سەرکەوتنی بەربژێری پارتی دژبەری دەوڵەت

0
680

ڕۆژی کورد :
بە پێی دوایین ئاکامەکانی نافەرمیی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی شارەداری ئەستەمبووڵ، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو بەربژێری پارتی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری گەلی سەرکەوتنی تەواوی ئەم هەڵبژاردنەی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە. بینالی یڵدریم دەستەبەری تێکشکانی خۆی بووڵ و ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیە لە دووتۆی پەیامێکدا سەرکەوتنی ئیمام ئۆغڵووی لە ناوبراو پیرۆز کردوووە.

ڕاگەیەندنەکانی تورکیە کاتژمێر و نیوێک دوای داخرانی دەرگای شوێنەکانی دەنگدان، دەرەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی شارەداری گەورەشاری ئەستەمبووڵیان ڕاگەیاند. بە پێی ئەم ڕاپۆرتانە، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو بەربژێری پارتی ئۆپۆزیسیۆنی “پارتی کۆماری گەلی” بە وەدەستهێنانی زیاتر لە ٥٤% دەنگەکان بوو بە براوەی ئەم هەڵبژاردنە و توانیویەتی پۆستی سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەمبووڵ بۆ خۆی مسۆگەر بکات. بینالی یڵدریم بەربژێری پارتی خاوەن دەسەڵات “پارتی داد و گەشەپێدان” دەوروبەری ٤٥%ی دەنگەکانی ئەستەمبووڵی بەدەست هێناوە. یڵدریم بە ئامادەبوونی لە بەرانبەر هەواڵنێران و کامێرای ناوەندە هەواڵنێریەکان، ئیقراری بە شکەستی خۆی کرد و پیرۆزبایی لە بەرهەڵستکاری خۆی ئیمام ئۆغڵوو کرد.
بینالی یڵدریم هیواداری خۆی دەربڕی لەوەی کە دەرئەنجامی ئاکامی هەڵبژاردنەکانی شارەداری ئەستەمبووڵ شوێندانەری ئەرێنی بەدواوە بێت بۆ ئەو شارە. ئەو هاوکات باسی لەوە کرد ئامادەیە بۆ بەدەست هێنانی ئاسوودەگی و ئاسایشی جەماوەری شاری ئەستەمبووڵ پشتیوانی هەنگاوەکانی ئیمام ئۆغڵوو بکات.
ئەم دەرئەنجامانە ئاکامی ژماردنی نزیک بە ٩٨%ی کۆی گشتی دەنگەکانە. لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی شاری ئەستەمبووڵ زیاتر لە 31 هەزار سنووق و شوێنی دەنگدان بۆ دەنگدەران دابین کرابوو و نزیکەی ١١ ملوێن کەس خاوەنی مافی دەنگدان بوون. ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو بێجگە لە پارتەکەی پەیڕەو لێکراوی خۆی “پارتی کۆماری گەلی” هاوکات لە پشتیوانی “گوود پارتی” پارتی تازەدامەزراوی تورکیا سوودمەند بوو کە پێکەوە لە بەرەیەکی هاوبەش دا بە ناوی “بەرەی جەماوەری” لە هەڵبژاردنی شارەدارییەکانی تورکیە پێکەوە هاوکاری و هاوئاهەنگیان پێک هێنابوو.
هەروەها پارتی خاوەن دەسەڵاتی داد و گەشەپێدان لە بەرەیەکی دیکە لە ژێر ناوی “بەرەی کۆمار” لە گەڵ پارتی نەوەیی خوازی “پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی” هاوکار و هاوڕێ بوون. لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی شارەدارییەکانی ئەستەمبووڵ کوردەکان و حیزبی سەرەکی ئەوان “پارتی دێموکراتیکی گەلان” بە پێچەوانەی جارەکانی پێشوو بەربژێریان دیاری نەکردبوو، لە هەمان کاتدا لایەنگری و پشتیوانیان دەکرد لە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو بەربژێری پارتی کۆماری گەلی.
هەروەها نژدەت گۆێک چنار لە پارتی سەعادەت و مۆستەفا ئیلکەر یووجەل لە پارتی وەتەن دوو بەربژێری دیکەی ئەمجارەی هەڵبژاردنی شارەداری ئەستەمبووڵ بوون کە پێکەوە بە تێکڕا کەمتر لە ١%ی دەنگەکانی ئەم شارەیان وەدەست هێنا.
چەن خولەکێک دوابەدوای وتەکانی بینالی یڵدریم لە بەرانبەر ڕاگەیەنە گشتییەکان و میدیاکان، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو بەربژێری سەرکەوتووی هەڵبژاردنی ئەمجارەی شارەداری ئەستەمبووڵ لە بەرانبەر کامێرای ناوەندە هەواڵنێریەکان ئامادە بوو. ناوبراو لە ئاحافتنەکانی خۆی دا باسی لەوە کرد : یەکێک لە شێوازەکانی هەڵبژاردنی ٢٣ی حوزەیران بەشداری کردن لە گەشەپێدانی پرۆسەی دێموکراسی لە تورکیە دابوو. هیوادارم ئەم هەڵبژاردنە و ئاکامەکانی بۆ وڵاتەکەمان و شاری گەورەی ئەستەمبووڵ ببێتە هۆی خێر و بەرەکەت.
بە پێی ڕاپۆرتێکی ناوەندی هەواڵنێری ئاناتۆلی هاوکات ئیمام ئۆغڵوو لە درێژەی وتەکانی خۆی دا ڕێز و سپاسی خۆی دەربڕی بەرانبەر بە هاوشارییەکانی خۆی و وتیشی : ئێوە لە بەرانبەر چاوی هەموو دونیا دا پاسەوانی و ئاگادارییتان کرد لە متمانەی دێموکراسی و بە ئاشکرا ئەوەتان نیشاندا کە نەتەوەی ئێمە توانیویەتی داب و نەریتی دێموکراسی کە زیاتر لە سەد ساڵە فەرمانڕەوایی تورکیە دەکات بپارێزێت.
لە هەڵبژاردنی پێشوو کە دەوروبەری سێ مانگی ڕابردوو بەڕێوەچوو ڕێزدار ئیمام ئۆغڵوو توانیبووی بە جیاوازی ١٣ هەزار دەنگ سەرکەوتوو بێت بەڵام ئەم جارە بە جیاوازی زیاتر لە ڕێژەی ٧٧٥ هەزار دەنگ توانی ببێتە براوەی هەڵبژاردنەکە و سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و ئەوەش بووەتە هۆی تێکشکانێکی زۆر دژوار و تاڵ بۆ پارتی داد و گەشەپێدان بە ڕێبەرایەتی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.