هەوڵەکانی نتانیاهوو بۆ دەرچوون لە قەیرانی سیاسی و پێکهێنانی دەوڵەتی هاوپه‌یمانی

0
579

ڕۆژی كورد :
هەوڵ و تێکۆشانەکانی نتانیاهوو بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی هاوپەیمانی تا ئێستا بێ دەرئەنجام بووە. ناوبراو ته‌نیا مۆڵەتی سێ ڕۆژی بە دەستەوەیە بۆ ئه‌وه‌ی دەوڵەتی خۆی پێک بهێنێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە هاوکات ئێقباڵی لایه‌نی بەرهەڵستکاری ئەو، بێنی گانتس بۆ وەدەستهێنانی زۆرینەی پێویست لە پاڕلەمان دا زۆر کەم و بەرتەسک بەرئاوەرد کراوە.

بنیامین نتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢١ی ئۆکتۆبر پێ ئەنێتە ناو تەمەنی ٧٠ ساڵییەوە. ئەم سیاسەتوانە خۆپارێزەی حیزبی لیکوود لە وڵاتی ئیسرائیل لە گەڵ دوو کێشەی سەرەکی بەرەو ڕوو بووەتەوە. یەکەم لە گەڵ ئەوەی ماوەی پێنج حەوتوو لە هەڵبژاردنی پاڕلەمانی تێپەڕ بووە، ناوبراو هێشتا نەیتوانیوە زۆرینەی پێویستی دەنگەکان لە پاڕلەمان بۆ پێکهێنانی دەوڵەت بە دەست بهێنێت. دووهەم ئەوەی کە پێویستە لە بەرانبەر دەسەڵاتدارانی دادپەروەری ئیسرائیل سەبارەت بە دووسیەکانی لە مەڕ گەندەڵی ئابووری لە خۆی بەرگری بکات. ناوەندی هەواڵنێری ئاڵمان ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ئۆکتۆبر باسی لە ئاڵۆزییەکانی نتانیاهوو بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی هاوپەیمانی کردووە. لە دوای هەڵبژاردنەکانی ١٧ی ئەیلوول ماوەی پێنج حەوتوو تێپەڕ بووە، بەڵام بە پێچەوانەی ڕاسپاردەکانی “ڕۆوین ڕیۆلین” سەرۆک کۆماری ئیسرائیل سەبارەت بە پێکهێنانی دەوڵەتێکی هاوپەیمانی گەورە لە نێوان هەر دوو پارتی لیکوود و لیستەی “سپی و شین” پێوەندیدار بە “بێنی گانتس” ڕێبەری پێشووی سۆپای ئیسرائیل، نتانیاهوو بۆ وەدەستهێنانی ڕای شیاوی حیزبە ئامادەبووەکان لە پاڕلەمان سەرکەوتنی وەدەست نەهێناوە.
یەک حەوتوو دوای کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەکان، بێنی گانتس ڕایگەیاندبوو کە ئامادە نیە بۆ بەردەوامی وتووێژەکانی نوێنەرانی پارتەکەی لە گەڵ نوێنەرانی لیکوود لە سەر پێکهێنانی دەوڵەتی هاوپەیمانی. گانتس دوای ئەوە ڕایگەیاندبوو کە هیچ کێشەیەکیان بۆ هاوکاری لە گەڵ حیزبی لیکوود نیە بەڵام بە هۆی دووسیەکانی سەبارەت بە گەندەڵی ئابووری نتانیاهوو، ئامادەی هاوکاری لە گەڵ خودی نتانیاهوو نیە. قەیرانی سیاسی پێکهێنانی دەوڵەتی هاوپەیمانی لە ئیسرائیل دوابەدوای هەڵبژاردنەکانی مانگی نیسان لە قۆناغێکی نوێ دا دەستی پێکرد. لەو کاتەش دا نتانیاهوو و بەرهەڵستکارانی پاڵوێراوی نەیانتوانیبوو زۆرینەب پێویستی دەنگەکان بۆ پێکهێنانی دەوڵەت بە دەست بهێن. هەر ئەم بابەتە بوو بە هۆی دووبارەبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی پاڕلەمان. هەڵبژاردنی دووبارەش نەیتوانی هیچ گۆڕانکارییەکی سەرەکی لە  ڕێکخستنی هێزەکان و دابەشکردنی کورسیەکان لە پاڕلەمانی ئیسرائیل پێک بهێنێت. حیزبی “لیکوود” بە ڕێبەرایەتی نتانیاهوو ٣٢ کورسی و حیزبی “شین و سپی” بە ڕێبەری بێنی گانتس توانییان ٣٣ کورسی بۆ خۆیان لە پاڕلەمان مسۆگر بکەن، بەڵام هیچ کام لەو دوو پارتە نەیانتوانیووە زۆرینەی پێویستی دەنگەکان بۆ پێکهێنانی دەنگەکان بۆ خۆیان بە دەست بهێنن. هەر بۆیە سەرۆک کۆماری ئیسرائیل خوازیاری پێکهێنانی دەوڵەتی هاوپەیمانی گەورە، لە نێوان هەر دوو حیزبی لیکوود و شین و سپی بووە. هەوڵێک کە لە ئەنجام دا بێ دەرئەنجام ماوەتەوە.
هەر کام لەم دوو حیزبە پیویستیان بە دەنگەکانی حیزبی دەستەڕاستی “ئیسرائیل ماڵی ئێمە” بە ڕێبەری “ئاویگدۆر لیبەرمەن” هەیە. لیبەرمەن ڕایگەیاندووە کە پشتیوانی لە هیچ کام لە دوو حیزبی ناوبراو ناکات. پشتیوانی نەکردنی لیبەرمەن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لە گەڵ نتانیاهوو یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شکەستی هەڵبژاردنەکانی مانگی نیسان و هەوڵەکانی نتانیاهوو لە مانگی مایسی ئەمساڵ بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی هاوپەیمانی بوو. ئێستا دوو بژاردە لە بەر دەست بنیامین نتانیاهوو دا هەیە، ئەوەی کە تا کۆتایی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی ئۆکتۆبر مۆڵەتی لە بەر دەست دا هەیە یا ئەوەی کە لە ڕیۆلین، سەرۆک کۆماری ئیسرائیل داخوازی مۆڵەتی زیاتر بکات، یان پێویستە دەسبەرداری بەرپرسیارەتی پێکهێنانی دەوڵەتی هاوپەیمانی بێت. لە وەها بارودۆخێکدا، ریۆلین داوا لە بەرهەڵستکاری ناوبراو لە هەڵبژاردنی پاڕلەمانی ئەم دواییانە، بێنی گانتس دەکات بۆ ئەوەی هەنگاو بنێت بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی هاوپەیمانی ئیسرائیل. هاوکات هەڵسەنگاندنەکان باس لەوە ئەکەن کە شانس و ئێقباڵی بێنی گانتسیش بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی هاوپەیمانی زۆر کەم و بەرتەسکە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.