هەلێکی زێڕینە بۆ نەتەوە چەوساوەکانی ئێران

0
1335

جه‌میل ئه‌حمه‌دی
ئەو هەلە زێڕینەی ئەمڕۆ بۆ نەتەوەکانی وەک کورد، عەرەب، ئازەری، بەلوچ و تورکەمەن هاتۆتە ئاراوە، بۆ ئەوەی خۆیان ڕزگار بکەن لە ژێردەستەیی فارس و کۆماری ئیسلامی ئێران، هەرگیز لە ماوەی ٣٧ ساڵی ڕابردوودا هەلی وایان بۆ نەڕەخساوە.
کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەست چەندین کێشەی نێوخۆی و دەرەکیەوە دەناڵێنێت و بەرگەی فشاری سیاسی و سەربازی لە نێوخۆ ناگرێت، بەڵام نایهەوێت خۆی وا نیشان بدا و لاوازیەکانی لەم ساتە ئاڵۆزەدا دەربکەوێت. ڕێژیم باش لەوە تێگەیشتووە کە لە ئەگەری هەر سەرهەڵدانێک لە نێوخۆ، بەرگە ناگرێ و بە زووی دەڕوخێت، یا بەلانی کەمەوە بە تەواوی پاشەکشە دەکا و بچوک دەبێتەوە لە چەند شارێکی سەنتەرا.
باوەڕم وایە ئەمڕۆ ئەو ڕۆژە مێژوویەیە بۆ نەتەوە ماف خواراوەکان، کە ڕەنگە هەرگیز دووبارە نەبێتەوە و باشترین چارە ئەوەیە کە پشت بە خۆیان ببەستن. هەر کات نەتەوەکان توانیان پشت بە خۆیان ببەستن، ئەوکاتیش دەتوانن لە ڕێگای هێزی سەربازی و سیاسیەوە بارەنگاری ڕێژیم ببنەوە. بەس بەداخەوە وا دەردەکەوێت کە چاوەڕوانی قەدەرن و هیچ پلان و ستراتیژێکیان نییە، تا خوێندنەوەی دروستیان هەبێت و بتوانن سوود لە لاوازی دوژمنەکەیان وەرگرن.
ڕەنگە بپرسین بۆچی کۆماری ئیسلامی ئێران لاوازە؟
بەهێزی و لاوازی هەر دەوڵەتێک، لە چوار کۆڵەکە سەرەکیەکەی دەوڵەتدا دەردەکەوێت، ١. ئابوری باش٢. سیاسەتی دروست ٣. پشتیوانی خەڵک ٤. هێزێکی سەربازی تۆکمەیە. بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران هەر چوار کۆڵەکەکەی نەک هەر لاوازە، بگرە لە لێواری ڕووخاندایە و ڕەنگە هەرگیزیش نەتوانێ هیچکامیان بەهێز بکاتەوە، کە سەردەمانێک تا ڕادەیەک خاوەنی چەند لەم کۆڵەکانەی بەهێز بووە.
خاڵی یەکەم: ئابوریەکی سەقامگیر بڕبڕەی پشتی هەر دەوڵەتێکە و ئەگەر سیاسەتی ئابوری بەهێز نەبوو، دەوڵەت خۆی ڕاناگرێت و دەڕووخێت. کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەست قەیرانی ئابوریەوە دەناڵێنێت و و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کێشە ئابوریەکانی گەورەتر دەبن بەهۆی، گەمارۆ ئابوریەکان، دابەزینی نرخی نەوت بۆ خوار ٢٨ دۆلار، شەڕی یەمەن، سوریە، عێراق، گەندەڵی و گەلێک هۆکارێکی تر. ئەم هەموو قەیرانەی ڕێژیم دروستی کردوون، نەک هەر هۆکاری سەرهەڵدانی قەیرانی ئابورین، بەڵکو هۆکارێکیشن بۆ زیادبوونی خەرجیەکان، لە حاڵەتی بەردەوامی کێشەکان، ڕەنگە ڕێژیم نەتوانێ موچەی فەرمانبەرەکانی بدا.
خاڵی دووەم: سیاسەتی دروست وڵات ئاوەدان و خەڵک سەرفەراز دەکا، و سیاسەتی هەڵەش وڵات وێران و خەڵک ڕووبەڕوی دەیان کێشە دەکاتەوە. رێژیمی ئاخوندی هەر لە هاتنە سەرکاریەوە سیاسەتێکی سەردەمیانەی پەیڕەو نەکرد و سیاسەتی لە ژێر باڵی ئایدۆلۆژیای وشکی مەزهەبی شیعە و پاوانخوازی فارسەوە داڕێشت، کە ڕاستەوخۆ دژ بە نەتەوەکانی ترو ماف و ئازادیەکانیانە، و لە ئاستی نێودەوڵەتیش هۆکاری خوڵقاندنی چەندین کێشەیە. بەردەوامی کۆماری ئیسلامی نەهامەتی زیاتری بەدواوەیە و کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە.
خاڵی سێیەم: پشتیوانی خەڵک بۆ مانەوەی هەر دەوڵەتێک زۆر گرنگە و لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە، چەند هۆکارێک وایان کرد کە زۆرینەی خەڵک پشتیوانی لە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی بکا جگە لە خەڵکی کوردستان. هەر پشتیوانی خەڵک هۆکاربوون لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ و شەڕی هەست ساڵە، کۆماری ئیسلامی بە چۆکدا نەهات. ئەگەر ئەمڕۆ چاو لە خەڵکی ئێران بکەین، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە بە ڕاستی پێگەیشتوون و چی دیکە پشتیوانی لەم ڕێژیمە ناکەن، ئەگەر تا ڕادەیەکیش بێدەنگن، هۆکارەکەی ئەو سەرکوت و خەفەقانەیە کە لە ناوخۆ ڕێژیم خوڵقاندوویەتی، ئەگینا لە ئەگەری هەر سەرهەڵدانێک، دژ بە ڕیژیم دەوەستنەوە و داوای ماف و ئازادیەکانیان دەکەن.
خاڵی چوارەم: هێزی سەربازی تۆکمە و پڕچەک بۆ هەر وڵاتێک زۆر گرنگە، کە چەند وڵاتێکی جیهان خاوەنی ئەو هێزەن و بەهۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیاشەوە، مداوم هەوڵدەدەن چەکەکانیان نوێ بکەنەوە، بۆ ئەوەی چەکی سەردەم و نوێیان پێبێ و جێ نەمێنێن لە وڵاتانی تری ڕەقیبی خۆیان. ئەگەر چی ئێران خاوەنی نزیک بە ٦٠٠/٠٠٠هەزار سەربازی ئامادە و ٢ میلیۆن سەربازی یەدەکە، بەڵام بە هێزێکی خاوەن دیسپلین و تۆکمە هەژمار ناکریت. هێزی سەربازی رێژیم هاوشێوەی هێزەکانی حیزبی بەعسی لەناوچووی عێراق و حیزبی بەعسی سوریەیە، کە نە سەربازەکانی باوەڕیان بە ڕێژیم هەیە تا وەفادار بن بۆی و نە ئەو چەکانەی هەیانە بە دەردی ئەمڕۆ دەخوات، چوون هەمووی چەکی کۆنی ڕووسی یا دروستکراوی ئێران خۆیەتی و بە کەڵکی شەڕ نایەت. هێزی سەربازی ڕێژیم ئەو هێزە نییە کە هیندە حیسابی بۆ بکەیت و لە ئەگەر شەڕی نێوخۆ، بێگومان زۆربەی سەرباز و فەرماندەکان لە سپای پاسداران و ئەرتەش جیادەبنەوە و بەشێکیان پشتی نەتەوەکانی خۆیان بگرن.
نابێ ئەوە لە بیر بکەین کە هەر دەوڵەتێک ئابوری سەقامگیری نەبوو، توانای شەڕی نییە و ئەگەر شەڕی ناوخۆش تووشی بێ، بێگومان دەڕوخێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت