هەرێمی کوردستان: نابێ حەشدی شەعبی لە شەڕی موسڵ دا بەشداری بکا

0
784

ڕۆژی کورد: مەسروور بارزانی، سەرۆکی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، داوای لەسەرجەم هێزە چەکدارە نافەرمییەکان کرد تا خۆ لە بەشداری کردن لە شەڕی موسڵ بپارێزن.

لە ڕاگەیێندراوێکدا مەسروور بارزانی باسی لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنێڕاڵ “ستێفان تاونسند”، فەرماندەی نوێی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق کردووە و دەشڵێ لەو چاپێکەوتنەدا پێداگری لەسەر بەشداری نەکردنی سەرجەم هێزە نافەرمییەکان لە شەڕی موسڵدا کراوە.

بارزانی لەو چاوپێکەوتنەدا گوتی: “سەرجەم ئەو هێزانەی کە بەدەر لە چوارچێوەی هێزە یاساییەکاندا کار دەکەن، نابێ هیچ دەورێکیان لە شەڕی ئازادکردنی موسڵ ـدا هەبێت”.

لەو ڕاگەیێندراوەی نووسینگەی مەسروور بارزانی ـدا هاتووە کە: “دوو لایەن لەو چاوپێکەوتنەدا باسیان لە دوایین گۆڕانکارییەکانی شەڕی دژ بە داعش کردووە و باسیان لە پێشڕەویی هێزەکانی پێشمەرگە و ئەرتەشی عێراق لە موسڵ کردووە و تاووتوێیان کردوون”.

بەو پێیە کە تا ئێستا تەنیا هێزێکی نافەرمی کە هەم باس لە بەشداری کردنی لە شەڕی موسڵدا هەیە و هەمیش بە فەرمی ڕایگەیاندووە لەو شەڕەدا بەشداری دەکات و پێشتریش هەم سوننەکانی عێراق و هەم نەتەوە یەکگرتووەکان باسیان لە کۆمەڵکوژی و جەنایەتی شەڕ لەلایەن ئەو هێزە لە ناوچەکانی دەورووبەری موسڵ کردووە، پێدەچێ مەبەستی سەرەکیی مەسروور بارزانی، هێزەکانی “حەشدی شەعبی” بێ کە بە ئاشکرا و بە فەرمی لەلایەن ئێران پشتیوانی و ئاراستە دەکرێن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت