هێزەکانی ڕژیم لە هەمەدان هێرشی توندیان کردە سەر لایەنگران و یاریزانانی سەرداری بۆکان+ڤیدیۆ

0
1222

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد، لە دوای یاریی ئەمڕۆ سێ شەممە ٣ی ڕەشەممەی ١٣٩٥ی هەتاوی له‌ نێوان یانەی سه‌رداری بۆکان و پاسی هه‌مه‌دان کە له‌ هه‌مه‌دان به‌ڕێوه‌چوو، هێزە ئینتزامییەکان و خەڵکی هەمەدان، هێرشێکی توندیان کردە سەر هاندەران و یاریزانانی سەرداری بۆکان.

هەواڵنێری ڕۆژی کورد لەمبارەوە رایگەیاند: ” یارییه‌که‌ به‌ یارمه‌تیی ئاشکرای ناوبژیوان بە ئەنجامی دوو به‌ هیچ له‌ به‌رژوه‌ندیی پاسی هه‌مه‌دان کۆتایی پێهات. له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی یارییه‌که‌ لایه‌نگرانی هه‌مه‌دان به‌ پاڵپشتیی هێز‌ی ئینتیزامی په‌لاماری یاریزانان و لایه‌نگرانی سه‌رداری بۆکانیان داوه‌.”

سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن، هێرشبەران و هێزە ئینتزامییەکان جوێنیان بە کورد و کوردستان و هێما نەتەوەییەکانی گەلی کورد داوە و بێ ڕێزییان پێکردوون.

لەو هێرشەدا، هێزی ئینتیزامی کۆماری ئیسلامی گازی فرمێسکڕێژیان دژ هەواداران و یاریزانانی  سه‌رداری بۆکان به‌کارهێناوه‌.

هه‌تا کاتی ئاماده‌کردنی ئه‌م هه‌واڵه‌، هێزی ئینتیزامی کۆماری ئیسلامی یاریزانانی سه‌رداری بۆکانی له‌ ژووری جلگۆڕین زیندانی کردووه‌، ده‌رگا‌ی لێ قفڵ کردوون و دوو جاری گازی فرمێسکڕیژی له‌ ژووره‌که‌ کردووه‌ و تا ئێستاش ئامادەنەبوون دەرگایان لێ بکەنەوە.

بەو هۆیەوە سەرجەم یاریزانانی سه‌رداری بۆکان تووشی گازگرتوویی بوون.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت