ڕۆژی کورد: بە پێی هەواڵی ناوەندی ڕۆژی کورد، ئەمڕۆ سێ شەممە 16ی سەرماوەزی 1395ی هەتاوی، سەرجەم هاژوتوانی تاکسییەکانی مەریوان لە کردەوەیەکی مەدەنیدا، لە ڕێگای مانگرتنەوە، ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر کێشەکانیان و گوێ پێنەدانی بەرپرسان بە گرفتەکانیان دەربڕی.
هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە مەریوان لەمبارەوە گوتی: “ئەمڕۆ سێ شەممە سەرجەم هاژوتوانانی تاکسییەکانی مەریوان لە گۆڕەپانی شەوڕەنگی ئەو شارە، تاکسییەکانیان ڕاگرت و نەچوونە سەر کار و لەو ڕێگایەوە ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر پشت گوێ خرانی کێشە و داواکارییەکانیان لە لایەن بەرپرسانی شارەکەوە دەربڕی”.
ئەوان هەروەها دووپاتیشی دەکەنەوە کە لە ئەگەری گوێڕایەڵ نەبوون بە داواکارییەکانیان، لەسەر مانگرتنی خۆیان بەردەوام دەبن و ناچنەوە سەر کار.
مانگرتنی ناڕەزایەتی وکۆبوونەوەی مەدەنییانە لە مەریوان بەتایبەتی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، لەمەڕ پرسە جیاجیاکانی ئەو شارە، بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە و مەریوانی کردووە بە پێشەنگ.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ناوەندی ڕٶژی کورد، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا، ناڕەزایەتییەکی بەرین بە بۆنەی کوشتنی کۆڵبەرانی کورد، وەڕێبخرێت.