نیشتمانی کوردان مەکەنە گەمەی بەرژەوەندی و بەڵێنیە نانیشتمانیەکانتان

0
1224

شرۆڤەی ڕۆژی کورد

ڕۆژی ٢٥ی سیپتامبر، کورد لە باشووری کوردستان، گشتپرسیی سەربەخۆیی خۆی ئەنجام دا، ئەنجامەکانی گشتپرسیەکە چاوەڕوانکراو بوون بەڵام لە ڕاستیدا جیهانی تووشی سەرسووڕمان کردم بەتایبەتی ئەگەر بەراوردێک لە نێوان هەڵوێستی کورد لە باشوور و خەڵکی کاتالۆنیا و خەڵکی سکاتلەنیەکان بکەین، ڕێژەی دەنگی کورد چیرۆکێکی مێژوویی تۆمار کرد. هەر لەو کاتیشەوەی هەڕەشەکانی ئێران و دارودەستەکەی لە ناوچە و جیهان دەستی پێکرد، ئیسراییل تەنیا وڵاتێک بوو پشتیوانیی ڕاستەوخۆی خۆی لە کوردەکان دەربڕی کە ئەو باسەش جێگای مشتومڕە بەڵام پێدەچێ وڵاتانی جیهان بە زانیاری لەسەر ناکۆکیی ناو ماڵی کورد و بەتایبەت بوونی سلێمانی بە مەکۆ و پێگەی قاسم سلێمانی و تۆمۆرێکی سەرەتانی بۆ کورد بە گشتی و باشوور بەتایبەتی، وڵاتانی تر بە پەرێزەوە لە کورد و سەربەخۆییەکەیان ڕوانی.

ئێران، تورکیەی هاندا بەڵام پێناچێ تورکیە زۆری بڕوا بە ئێران هەبێ و لە هەمان کاتیشدا پەیوەندیی تورکیە لەگەڵ ڕووسیە و سەرقاڵیی تورکیە لە سووریەش دوو باسی ترن کە ئەوانیش مشتوومڕی خۆیان هەڵدەگرن و لێرە باسی ناکەین. ئێران جیا لە هاندانی تورکیە، دەوڵەتی ئێراقی هان دا و تەیارتری کرد، هاندانێک کە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ، عیبادی و دەوڵەتە شکست خواردووەکەی بە ترسەوە بەرەوپیری دەڕۆن بەڵام پێناچێ ئێران گەرەکی بێ واز بێنێت. جیا لەوە ئێران لەگەڵ حەشدی تیرۆریستی شەعبی بە ناوی ئەرتەشی ئێراق، مانۆڕێکی لە سنوورەکانی نێوان دوو کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشوور پێکهێنا کە بە هۆی دۆخی هەوا، شکستی خوارد بەڵام لاقی حەشە تیرۆریستەکانی شەعبی گەیاندە ڕۆژهەڵات و لە پیرانشار بە ئاشکرا بینران.

ئاشکرایە کە ئەرتەشی ئێراق بە هۆی پێکهاتە نالەبارەکەی لەلایەک و سەرقاڵ بوون بە شەڕی داعش لەلایەکی تر و هاوکاریی گەرەنتی نەکراوی ئەمریکا لەلایەکی ترەوە، هێزی هێرش بۆ سەر کوردستانی نیە، بەڵام چی وادەکا کە ئەمڕۆ حەشدی شەعبی هێرشی کردبێ و پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیش ڕێک وەک ڕاکردنە شانۆییەکەی ئەرتەشی ئێراق لە هەمبەر داعش لە مووسڵ تا ١٨ کیلۆمیت پاشەکشەیان کردووە و قووڵایی ٤ کیلۆمیتریان لە دوزخورماتوو تا پادگانی خالید لە کەرکووک، رادەستی حەشدی شەعبی کردووە کە بەپێی زانیارییەکان قاسم سلێمانی لە ناویانە و رێبەریی سەربازیان دەکات، قاسم سلێمانیەک کە نەیتوانی بە دانوستان و هەڕەشە، سەرکردایەتیی کورد پاشگەز بکاتەوە و ئێستا بەنیازە دۆڕانەکانی خۆی تێهەڵبێنێتەوە و پێش لە توانج و تووڕەییەکانی خامنەیی لە هەمبەر خۆی بگرێت کە ئەو چەند ساڵە دەسەڵاتی ڕەهای داوە بە قاسم سلێمانی.

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، پاڤیل تاڵەبانی، کوڕی مام جەلال ڤیدیۆیەکی بە زمانی ئینگلیسی بڵاو کردەوە کە تێیدا ئاڵای ئێراق و یەکێتیی نیشتمانی لە پشتە، یەکێتیەک کە ئیستا جیا لە گۆڕان، دوکتور بەرهەم ساڵحیشی لێ جیا بۆتەوە و جیا لەوەش لە ناوخۆیدا سێ کەرت بووە. پاڤیل لەو ڤیدۆیەدا، ڕاشکاوانە دەڵێ: “سیاسەتی ئێستای هەرێم بە هیچ شێوەیەک سیاسەت و ڕێچکەی مام جەلال نیە و داوا لە پێشمەرگەکانی یەکێتی دەکات، پاشەکشە بکەن”، پاشەکشەیەک کە ئەمڕۆ بینیمان. پاڤیل داواش دەکات ئەنجومەنی کەرکووک بگۆڕدرێت و لەگەڵ بەغدا وتووێژ بکەن، ڕێک درێژەی خەونی ئاڵا تاڵەبانی ـیە کە دەڵێ داوام لێکراوە ببم بە بەرپرسی کەرکووک. لە هەمان کاتیشدا لاهوور جەنگیش لیدوانی هاوشێوەی زۆر بوون و بەپێی چەند زانیاریەکی ناوەندی ڕۆژی کورد، لاهوور هەڕەشەی لە بەشێک لە سەرکردایەتیی حیزبەکەی واتا یەکێتی کردووە کە لە ئەگەری هاوڕانەبوون لەگەڵی و ڕێڕەونەکردنی قسەکانی قاسم سلێمانی، بەڵگەی نهێنیان لەسەر بڵاو دەکاتەوە، باسێک کە بەشێک لە ڕێبەرایەتیی یەکێتی بێدەنگ و مات کردووە.

بەڵام ئەوە بەشێکی کەمە لە چیرۆکی تاڵ و تراژدیکی ئەوجارەی کورد، بەدواداچوونەکانی ناوەندی رۆژی کورد، پەردە لەسەر دەستێکی ڕەش هەڵدەداتەوە، ئەویش مەلا بەختیار، ئەندامی مەکتەب سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی و دۆستی نزیکی قاسم سلێمانی ـیە. هەموو ئەو ڕووداوانە، سەرەداوەکەیان دەچتەوە لای مەلا بەختیار و بەڵێنی و دانیشتنەکانی بە قاسم سلێمانی و ئێران. بەڵێنیگەلێک کە ئێستا خۆی لە ڕواڵەتدا بێدەنگی لە هەمبەری هەڵبژاردووە و کەسانی تینووی ناوبانگ و پۆست و بەرپرسیارەتیی زیاتری وەک قاڤیل و ئاڵا و لاهووری کردووە بە دەمڕاست و بەو شێوەیە ئەگەر مێژووش لێدوانی لەسەر ئەمڕۆیان دا، ئەوا مەلا بەختیار ڕووسوور دێتە دەر و بێ تاوان دەنوێنێ بەڵام ڕاستییەکان ئەوە نین کە دەنوێنن.

مەلا بەختیار کە بە ئاشکرا و چەندین ساڵە لە دژی خەباتی ڕۆژهەڵات دەوەستێتەوە و بە ئاش بە تاڵ ناوی دەزڕێنێ، ماوەیەک بەر لە ئێستاش، بە هاندانی خەڵکی باڵەکایەتی لە رێگای دەست و پێوەندەکانی خۆی و باڵەکەی لە ناو یەکێتی، هەوڵیدا پاشەشکە بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە سنوورەکان بکات، ئامانجیش ڕوونە، ئاوەڵاتر بوونی دەستی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر هەرێم، هێرشێک وەک ئەوەی مێژوو بە ناوی هێرشی هەیبە سوڵتان لەسەر حدکا، تۆماری کردووە. مەلا بەختیار لەو ڕووداوە تاڵەدا کە خەڵکانی ئاسایی خێڵەکی و ناشارەزا لە ناواخنی بابەتەكان و دڵخۆش بە ڕووکەشی ڕووداوەکان، بوونە دەستە چیلەی ئاگرەکەی و مەلا بەختیار بە توندی بە دژی ڕۆژهەڵات وتاری دا و ڕێک ئەو دەستەواژانەی کردە ئامانج کە ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی دێموکرات بەکاریان دێنێ، وەک “خۆ کردنە قوربانی لە هەمبەر پارچەکانی تر”.

ئێستا، مەلا بەختیار بە هاودەستیی هێرۆخان کە پێشتریش پەردەمان لە هەندێ لە دانیشتنەکانیان لەگەڵ ئێران لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هەڵداوەتەوە و چەندین جاریش قاسم سلێمانی بە ئاشکرا سەردانی ماڵی پێشمەرگە و بەرپرسی یەکێتی کردووە و پەیوەندیی بنەماڵەیی لەگەڵ بەشێک لە بنەماڵەی فەرماندە شەهیدبووەکانی یەکێتی هەیە، پیلانێکی نگریسیان بە دژی کورد بە دەستەوەیە کە لە ناو یەکێتی پێدەچێ تەنیا بەڕێز کۆسرەت ڕەسووڵ لە دژی وەستابێتەوە وهێزێکی تایبەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە پۆشتە کردووە کە دەگوترێ دوای هێزی تایبەتیی لاهوور، یەکەم هێزی یەکێتیە لە هەر ڕوویەکەوە. بوونی هێزی تایبەت بە کەسەکانیش لە کوردستانی باشوور خۆی ڕۆمانێکی تاڵی ترە کە هیوا دەخوازرێت لە ڕۆژهەڵات، دوای ڕزگاری و چوونەوە دووبارە نەبێتەوە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.