نوێنەرانی پارلمانی بریتانیا داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەسەر لەسێدارەدان لە ئێران دەکەن

0
832

ڕۆژی کورد: نزیک بە ٢٠٠ نوێنەر و لۆردی بریتانیا لە کۆنفرانسێک کە ڕۆژی پێنج شەممە 27ی خەزەڵوەری 1395ی هەتاوی لە مەجلیسی گشتیی ئەو وڵاتە لەمەڕ دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران پێکهات، لە ڕێگای دەرکردنی ڕاگەیێندراوێکەوە داوایان کرد لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەمەڕ لەسێدارەدانەکان و کوشتنی بەندکراوە سیاسییەکان لە ئێران بکرێت.

لەو کۆنفرانسەدا کە بە سەرۆکایەتیی قەشە جان پریچارد، ئوسقۆفی پێشووی ئاکسفۆرد پێکهات، نوێنەرانی پارلمان کە لە هەموو حیزبەکانی ئەو وڵاتە پێکهاتبوون، لۆردەکان و ڕێبەرانی ئایینیی ئینگلستان، دڵەڕاوکێی جیدیی خۆیان لەمەڕ ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران و بەتایبەت لەسێدارەدانی بە ئاشکرا و هەروەها لە سێدارەدانی گەنجان و مێرمنداڵان و ژنان، دەربڕی.

قسەکەرانی ئەو کۆنفرانسە هەروەها پێشوازییان لە بڕیارنامەی چەسپاوی کومیتەی سێیەمی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ١٥ی نۆڤامبری 2016 بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرا و پشتگیرییان لە وتەکانی سەفیری وڵاتەکەیان، مارتن شێرمن لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەمبارەوە کرد.

شێرمن گوتبووی کە: “گرنگە ئێمە چەق ببەستینە سەر مافی مرۆڤ لە ئێران و وەک هەمیشە ئێران بە هۆی هەبوونی زۆرترین پێشێلکاریی مافی مرۆڤ، بخەینبە بەر لێکۆڵینەوە و وردبوونەوە”.

لەو کۆنفرانسەدا هەروەها پشتگیری لە بانگەوازیی ٢٠٠ نوێنەر و لۆردی بریتانیا بۆ لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەمەڕ کوشتنی بە کۆمەڵی بەندکراوە سیاسییەکان لە ئێران لە ساڵی ١٩٩٨ی زایینی کرد کە لە لایحەی EDM لەلایەن نوێنەرانی دوو مەجلسی پارلمانی ئەو وڵاتەوە پشتگیری لێ کرابوو.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت