نووسینگەی فتوادانی خامنەیی: بەشداری کردن لە هەڵبژاردن ئەرکێکی ئایینیە و دانی دەنگی سپی حەرامە

0
598

نووسینگەی فتوادانی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لە بەرەبەری هەڵبژاردنی دەیەمین خولی پارلمان و پێنجەمین خولی مەجلیسی بژاردەکان (خوبرەگان)ی ئێران، چەند فتوایەکی شەرعی دەرکرد.

بەپێی ئەو فتوایە، دەنگ دان و بەشداری کردن لە هەڵبژاردن، ئەرکێکی ئایینی و سەرشانی هەموو مسوڵمانێکە و لە هەمان کاتیشدا دانی دەنگی سپی، حەرامە.

بە پێی ئەو فتوایە کە لەماڵپەڕی نووسینگەی فتوادانی خامنەیی، بڵاو بۆتەوە، بەشداری کردن لە هەڵبژاردن “ئەرکێکی شەرعی” و “پێویستیەکی نکوڵی لێنەکراوە”.

لە یەکێک لەو فتوایانەدا هاتووە کە “ئەگەر دەنگی سپی دان ببێتە هۆکاری لاوازبوونی حکومەتی ئیسلامی، ئەوا حەرامە”.

لە فتوایەکی تردا هاتووە “بەشداریکردن لە هەڵبژاردنێک کە ببێتە هۆکاری پێشگرتن لە گەندەڵێ یان برەو سەندنی گەندەڵی یان ئەگەر بەشداری کردن لە هەڵبژاردندا ببێتە هۆکاری لاواز بوونی ئیسلام و مسوڵمانان، ئەرکێکی شەرعی یە”.

خامنەیی لە وڵامی پرسیارێکدا کە ئەگەر هات و پیاوێک ئیزنی ژنەکەی نەدا بۆ دەنگدان لە ماڵ دەربکەوێ، ئایا بە هۆی ئەوەی کە ئیزنی ژن بە دەست مێردەکەیەتی، لێرەدا ئەرکی ژن چیە؟ دەڵێ: بەشداری کردن لە هەڵبژاردن، پێویستی بە ئیزنی مێرد نیە.

شایانی ئاماژەیە کە خامنەیی پێشتریش بە شێوەیەکی مەیلەو پاڕانەوە، تەنانەت داوای لە دوژمنەکانی خودی خۆشی کرد بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن و دواتر کە ئەژمارێکی لە ڕادەبەدەر لە کاندیدەکان ڕد کرانەوە، کوتی من نەمکوتووە دوژمنان بێن خۆ ناونووس و بەربژێر بکەن، کوتوومە بێن دەنگ بدەن.

شایانی ئاماژەیە کە تا کاتی نووسینی ئەو هەواڵە سەرجەم حیزب و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی کورستانی خۆرهەڵات جیا لە حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک)، ئەو هەڵبژاردنەیان بایکۆت کردووە.

هەروەها شەوی ڕابردوو، بەرەی یەکگرتووی کوردیش بە دانی بەیانیەی ژومارە ٣، ڕایگەیاند کە بە هۆی ئەوەی کە سەرجەم بەربژێرەکانیان لە لایەن شۆرای چاوەدێرییەوە، ڕەدی سەلاحییەت کراون، لە هەڵبژاردندا بەشداری ناکەن و پشتی هیچ کاندیێکیش ناگرن.

کەڵکاژۆ وەرگرتن لە هەستی ئایینی خەڵک لە ئێراندا، ڕەوتێکی نوێ نیە و بەتایبەتی لە ئایینزای شیعەدا کە فتوا و موفتی بوونی هەیە، بە مەبەست گەلی جیاواز بەکار دێت و لەو ناوە دەکرێ ئاماژە بە فتوای میرزا ڕەزای کرمانیش بکەین کە تووتن و تەنباکۆی لە سەردەمی ناسرەدین شادا حەرام کرد و تەنانەت ژنەکانی دەرباری پاتشاش ئامادە نەبوون، نێرگەلە بۆ پاتشا ئامادە بکەن و لە ئەنجامدا، ڕێککەوتننامەکە هەڵوەشاوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.