نتانیاهوو ئەڵێت دەرباز بوون لە بەرزترین ئاستی دەست پێڕاگەیشتن بە ئۆرانیۆم نیشاندەری هەنگاوێکی گەورەی ئێرانە لە پێناو بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی

0
549

ڕۆژی کورد :
بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١ی تەمووز دوابەدوای ئەوەی ئێران ڕایگەیاند پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی لە ئاستی ڕێگەپێدراوی پەیماننامەی ناوەکی ساڵی ٢٠١٥ تێپەڕاندووە، ئەو وڵاتەی تاوانبار کرد بە هەڵگرتنی هەنگاوێکی گەورە بۆ لای بەرهەمهێنانی چەکوچۆڵی ناوەکی.

دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئێران لە مەڕ تێپەڕاندنی ئاستی ئۆرانیۆمی پیتێندراو لە سەرووی ڕێژەی ٣٠٠ کیلۆگرام، بنیامین نتانیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل نیگەرانی خۆی دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد ئەمە یەکەم هەنگاوی مەزنی ئێران بۆ لای بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی و لێرەوە وتە ناڕاستەکانی پێشووی ئێران دەردەکەوێت سەبارەت بە بەرنامەی ناوەکی ئەم وڵاتە کە لە درێژماوەدا وەکوو نهێنییەک پاراستبوویان. هەروەها وڵاتی بریتانیا نیگەرانی تۆندی خۆی دەربڕیووە لە ئاستی ڕاگەیاندنی هەواڵەکە لە لایەن ئێرانەوە و لە هەمان کاتیشدا ڕووسیە ئامریکا تاوانبار دەزانێت لە مەڕ هەڕەشە و بایکۆتە یەک لە دوای یەکەکانی بۆ سەر ئێران و گوشاری لە ڕادەبەدەر تا ئاستێک ئێران لە بڕیارەکانی پێشووی پاشگەز ببێتەوە.
نتانیاهوو ڕایگەیاند بە پێی ئەم هەواڵە لە لایەن ئێرانەوە، لە ئێستادا ڕژیمی ئێران خاوەنی زیاتر لە بڕی ٣٠٠ کیلوگرام ئۆرانیۆمی پیتێندراو لە ئاستی خوارەوە دایە و ئەوەش بەڵگەیەکە لەمەڕ ئەوەی کە ڕێبەرانی ئێران سەبارەت بە ئامانجەکانیان درۆیان کردووە و داوای لە وڵاتانی ئۆروپایی کرد تاران بایکۆت بکەن.
نتانیاهوو لە ڕێوڕەسمێک دا کە بە شانازی و سەربەرزی هێزە جێگرەکانی ئیسرائیل بەرێوەدەچوو، ئاماژەی بەوە کرد : ئەو کاتەی ئێمە لە ئاپریلی ٢٠١٨ ئەرشیڤە نهێنییەکانی ئێرانمان ئاشکرا کرد، ڕاستی ئەوەمان دەرخست کە هەر چەشنە ڕێکەوتنێک لە گەڵ ئێران لە سەر بنەمای درۆیەکی گەورە بنیاتنراوە، لە ئێستادا تەنانەت ئێران بۆ خۆی پێ لەم ڕاستییە دەنێت. بەم زووانە کۆمەڵێک بەڵگەنامەی دیکە ئەخەینە بەردەست کە نیشاندەری ئەوەیە هەموو ئەم ماوەیە ئێران درۆ و دەلەسەی کردووە و وتەکانی ساختە بوون.
دانپێدانانی ئێران لە ڕۆژی دووشەممە سەبارەت بە تێپەڕاندنی ئاستی ڕێگەپێدراوی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێندراو لە ئاستی نزم دا لە ژێر رێکەوتنامەی ناوەکی ٢٠١٥، یەکەمین هەنگاوی گرینگە لە لادان لە ڕێکەوتنی لێک هەڵوەشاوەی ساڵێک دوای دەرکەوتنی یەک لایەنەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەم پەیماننامە. لە ڕۆژانی پێشتر چاوەڕوانی ئەوە دەکرا ئێران کە پێشتر هۆشداری خۆی سەبارەت بە تێپەڕاندنی ئاستی ڕێگەپێدراوی ئۆرانیۆمی پیتێندراو دابوو ئەو ترازان لە ئاستی تایبەتە ڕابگەیەنێت. بەڵام بە هۆی ئەوەی کە ڕێبەرانی یەکیەتی ئۆروپا ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە ویەن پێتەختی ئۆتریش بۆ وتووێژ سەبارەت بە ڕێگاچارەکانی ڕزگارکردنی ڕێکەوتنامەکە چاوپێکەوتنیان کرد، ئێران ڕاگەیاندنی گشتی ئەم بابەتەی وەدوا خست.
ئێران هەڕەشەی ئەوەی کردووە پیتاندنی ئۆرانیۆم لە ماوەیەکی زۆر کورتدا لە ئاستی بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی نزیک بکاتەوە. نتانیاهوو پێداگری کرد لە بەڵێنی خۆی سەبارەت بە بەربەست سازکردن بۆ ئێران لە دەستپێڕاگەیشتنی ئەو وڵاتە بە چەکی ناوەکی و داوای لە واژووکارانی پەیماننامەی ناوەکی کرد کە تاران ناچار بکەن بە گوێڕایەڵی و بەرپرسایەتی لە ئاست بەڵێنەکانی.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند : دەسەڵاتدارانی ئۆروپایی بڕیاریان دابوو لە گەڵ شکاندن و لە ژێر پێنانی پەیماننامەی ناوەکی لە لایەن ئێرانەوە، ئەوان هەنگاو بنێن بۆ وەگڕ خستنەوەی بایکۆتەکانی ئەنجۆمەنی ئاسایشی نێونەتەوەیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان. نتانیاهوو لە پەیامێکی ناڕاستەوخۆدا کە بە زمانی ئینگلیزی ڕایگەیاند بە دەسەڵاتدارانی وڵاتە ئۆروپاییەکانی ڕاگەیاند کە پێویستە پابەندی بەڵێنەکانیان بن و بە ئاکامی بگەیەنن. هاوکات مۆحەممەد جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕژیمی ئێران ڕایگەیاند لە ئەگەری ئەوەی دا ئۆروپا و دەسەڵاتدارانی پەیمانی ناوەکی و ناوەڕۆکی پەیماننامەکە لە بەرچاو نەگرن و بایکۆتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا سەبارەت بە وڵاتەکەی پووچەڵ بکەنەوە، چالاکی و هەنگاوەکانی ئێمە جێگای پاشگەزبوونەوەی هەیە و ئێمە ئامادەین چالاکییەکانمان ڕابگرین.
لە لایەکی دیکەش لە نوێترین کاردانەوەکان سەبارەت بە زیادکردنی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێندراو لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە، سەرۆک کۆماری فەرانسە داوای لە ئێران کردووە بە زووترین کات ڕەوتی پیتاندنی ئۆرانیۆم ڕابگرێت، هاوکات وڵاتی چین سەبارەت بەم بابەتە نیگەرانی خۆی دەربڕیووە و ڕووسیاش بانگهێشتی ئێرانی کردووە بۆ هێدی بوونەوە و داوای لەو وڵاتە کردووە خۆڕاگر بێت لە هەڵگرتنی هەنگاوی هەستیار و ورووژێنەر. کاردانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانیش لە هەمبەر زیادکردنی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێندراو لە لایەن ئێرانەوە، بە هەنگاوێک بۆ کۆتایی هێنان بە ڕێگاچارەی دیپلۆماسی هەڵدەسەنگێنێت لە ئاستی ئاڵۆزییەکانی بەرنامەی ناوەکی ئەو وڵاتە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.