نا بۆ سڕینەوەی نەریتی چوارشەممەسووری لەژێر هەر پاساوێک

0
1308

ڕوانگەی ڕۆژی کورد

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ٣٧ ساڵی ڕابردوودا، بەردەوام و لە ژێر پاساوی جیاجیا و ناماقووڵدا و زۆر جاریش لە ڕێگای بزاوتنی هەست و سۆزی خەڵکانی دڵسۆزی کۆمەڵگای کوردستان، هەوڵی داوە کەلتوورە نەتەوەییەکان کە ماکەی بوونی نەتەوەی کوردن بسڕێتەوە. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردووشدا لە ژێر پاساوی بەکارهێنانی تۆق تۆقە و زیانەکانی لەلایەن گەنجان و منداڵان و مێرمنداڵان، بە نیازە کەلتووری پیرۆزی چوارشەممە سووری بسرێتەوە.

دوایین سێ شەممەی ساڵ، لە ناو کوردان و ئێرانیەکان و چەند نەتەوەیەکی تری ناوچە، وەک چوارشەممە سووری ناسراوە، لە ئێوارەی ئەو ڕۆژەدا خەڵک لە بەر دەرگای ماڵەکانیان یان لە هەندێ شوێنی تایبەت ئاگر دەکەنەوە و لە کاتی خۆبازدان بەسەر ئاگردا دەڵێن “سووری تۆ بۆ من، زەردی من بۆ تۆ”، بەو واتایە کە خەمەکانم ببە و شادی و ڕووگەشیم بدەیە.

ئەوەی کە مێژووی ئەو نەریتە لە کوێوە دێت، باسێکی زانستیی مێژووییە و لێرەدا ناگونجێ، باسی ئەو بابەتە، پاساوی ڕژیمە کە مخابن بەشێک لە کەسانی نیشتمانپەروەری دڵسۆزیش کەوتوونەتە داوی و بە بیانووی ئەوەی کە هەندێ کەس تۆق تۆقە و یاریی ئاگری بەکار دێنن، بە نیازن پێش بەو کەلتوورە کوردییە ڕەسەنە بگرن.

بەچاوخشاندنێک لە وڵاتانی جیهان و ڕێوڕەسمە کەلتوورییەکانیان دەتوانین بڵێین کە ڕێکاری سانا و ساکار بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ڕێوڕەسمانە و بەبرەو و گەشەترکردنیان و کەم کردنەوەی خەسارەکان هەیە. لە وڵاتانی ئازادی جیهان، حکومەتەکان خۆیان تێچووی ئەو ڕێوڕەسمانە دابین دەکەن و لە شوێنێکی تایبەت، جەماوەر کۆدەکەنەوە و جوانترین یاری و سەمای ئاگرین پێشکەش دەکەن و سەرجەم خەڵکیش خۆی تێدا دەبیننەوە.

بەڵام ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی لە خەمی دایە، نەک هەندێک زیانی تۆق تۆقە و یاریە ئاگرینەکانە کە ئێمەش بە هەڵە و هەڵەشەی دەزانین و لامان وایە بە هۆی ڕێگریی حکومەت دێنە ئاراوە، کۆماری ئیسلامی تەنیا لە بوونی خۆی و لە هەندێ هێرش و هەروەهادەربڕینی هەستی بێگەردی خەڵک و بلاوکرانەوەی تراکتی حیزبەکان و مانەوەی نەتەوەی کورد و نەتەوە بندەستەکانی تر دەترسێ، بۆیەش هەر بۆنە و ڕێوڕەسمێک کە مانەوەی ئەو بۆ ساتێکیش بخاتە ژێر هەڕەشەوە پێشی پێدەگرێت.

لێرەوە داوا لەسەرجەم چالاکانی مەدەنی دەکەین لە جیاتی بەرەو پیری بانگەشەی هەڵەشەی نا بۆ چوارشەممە سووری لەلایەن ڕژیمەوە چوون، با هەوڵ بدەن ئەو ڕێوڕەسمانە بە شێوەیەکی ئەوڕۆیی بەڕێوە ببەن و هەوڵ بدەن بە شێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو، لە شوێنێکی دیاریکراو، جەماوەر کۆبکرێتەوە و ڕێوڕەسمەکە بە چاوەدێرییەکی خۆماڵییانە بەڕێوە بچێ و خەسار و تێچووە گیانیەکانیش کەم بکرێتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت