ناوەندی ڤەژین ـی مەریوان لەلایەن بنکە ئەمنییەتییەکانەوە ئاگر درا

0
1056

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، ئەمڕۆ هەینی ٢٠ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، ناوەندی ڤەژین ـی مەریوان، لەلایەن کەسانێکی سەر بە بنکە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئاگر دراوە.

ناوەندی ڤەژین کە بنکە سەرەکییەکەی لە شاری مەریوانە و لە چەند شاری تری کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش بنکە و لقی چالاکی هەن، یەکێک لەو ناوەندە کوردییە چالاکانەیە کە لە ماوەی چەند ساڵ بوونیدا، بەردەوام لەلایەن بنکە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کەوتۆتە ژێر هەڕەشە.

ساڵی ڕابردوو و بە مەبەستی کپ کردنی دەنگی بەرزی چالاکانی مەدەنیی مەریوان، دووکانی چالاکێکی مەدەنی و ژینگەپارێزیی ئەم شارە بە ناوی “شەریف باجوەر” بە هەمان شێوە لەلایەن کەسانێکی سەر بە ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە ئاگری تێبەردرا و تا ئێستش لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە هیچ بەداواداچوونێکی بۆ نەکرا.

ناوەندی ڤەژین، جیا لە چالاکییەکانی لە بۆنەی نەورۆزدا، تا ئێستاش چەندین خولی زمانی کوردی بە سەرکەوتووییەوە کۆتایی پێهێناوە و لە هەمان کاتیدا چەندین کۆڕ و سمیناری زانستی بە سەرکەوتووانە، بەڕێوە بردووە.

بەپێی زانیاریی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، کەس یان کەسانێکی سەر بە دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕژیم، بە مەبەستی کپ کردنی دەنگی ڕەسەنی چالاکانی مەدەنی لە مەریوان، دوای شکاندنی شووشەی ئەو ناوەندە کوردییە، ئاگریان خستووەتە ناو شوێنی ناوەندەکە و بەو شێوەیە خەسارێکی زۆری مادییان لە ناوەندی ڤەژین داوە و بوونە هۆکاری سووتانی بەشێکی بەرچاو لە بەڵگە و بروانامەکانی ئەو ناوەندە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، بینای ناوەندی ڤەژین لە مەریوان بەتەواوی سووتاوە و پێویستی بە تێچوویەکی یەکجار زێدە بۆ چاک کردنەوە و دامەزراندنەوە لەو بینایەدا هەیە.

چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد لە ناوخۆ و دەرەوە، وەک پەرچەکردارێک لە هەمبەر سووتاندن و ئاگردانی ئەو ناوەندە ڕەسەنە مەدەنییەی کورد لە مەریوان، لە ڕێگای هەشتەگـیک لە ژێر دروشمی “#ڤەژین بە ئاگر ناسووتێ! بەڵکو گڕ و تین بە خەبات و تێکۆشانی ڕۆڵەکانی گەل دەبەخشێ”، هاوسۆزی و پشتوانیی خۆیان بۆ ناوەندی ڤەژین و بێزاریی خۆیان لەو کردەوە دژەکردییە، ڕاگەیاندووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت