ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئیسراییل: ئامانجی داعش و ئیسراییل بە دژی ئێران لە سووریە لە ئێستادا هاوتەریبە

0
1036

ناوەندی لێکۆڵینەوەی زانیارییە تیرۆریستی و زانیارییەکانی ئیسراییل، لە ڕاپۆرتێکی نوێی خۆیدا باس لە “کۆک بوونی کاتی” لە نێون بەرژەوەندییەکانی ئیسراییل لەگەڵ ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە سووریە لەمەڕ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران دەکات.

ڕۆژی کورد: لەو ڕاپۆرتە نوێیەدا باس لەوە نەکراوە کە دەبێ داعش و ئیسراییل، پێکەوە بە فەرمی هاوکاری بکەن بەڵام دەشڵێ کە پێشگرتن بە بوونی ئێران لە سووریە، ئێستا ئامانجی هاوبەشی ئیسراییل و داعش ـە.

ئەو ڕاپۆرتە لە کاتێکدا بڵاوبۆتەوە کە ئێران چەک و چۆڵی نوێی بۆ حیزبووڵا لە سووریە ناردووە و ئیسراییل بە توندی لەوە نیگەرانە.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی زانیارییە تیرۆریستی و زانیارییەکانی ئیسراییل، هەروەها گۆڕینی ئەگەریی شێوەی شەڕکردنی داعشی خستوەتە بەر باس.

بەوپێیە پێدەچێ، چەکدارانی داعش، دوای شکست هێنانیان لە ئێراق، دەست بکەن بە شەڕکردن بە شێوەی چریکی و تیرۆریستی.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی زانیارییە تیرۆریستی و زانیارییەکانی ئیسراییل، پێش بینیی ئەوە دەکات کە لەوەبەدوا، داعش هێرش بکاتە سەر ماشێنەکانی ئێرانی لە سووریە و بیانکاتە ئامانجی خۆی.

خرانە ڕووی ئەو بابەتە دەکرێ بە واتای هاتنە ئارای هەڵوێستی نوێ لەلایەن وڵاتانی زلهێز و هاوپەیمانەکان یان ئیسراییل لە هەمبەر داعش بێ. پێدەچێ لەوەبەدوا، داعش لە دژی ئێران بەکار بهێندرێ.

دەشکرێ وا شیمانە بکرێ کە داعش جارێکی تر لە ئێراقیش، دەرفەتی خۆڕێکخستن و سەرهەڵدانەوەی بۆ ڕێک بخرێت و بەو شێوەیە، ئەوجار ئامانجی داعش، زیاتر ئێران بێت.

قاسم سلێمانی، سەرکردەی سپای تیرۆریستیی قودس، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە نامەیەکدا بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، پیرۆبایی سەرکەوتن بەسەر داعش و بنەبڕکرانی ئەو ڕێکخراوەی لە داعشی لێکرد.

لە هەمان کاتدا لە ڕۆژی ڕابردوودا لە بازاڕێک لە نزیکیی بەغدا، بە هۆی هێرشی خۆکوژیی ٥ چەکداری داعش، دەیان کەس گیانیان لە دەست داوە.

شرۆڤەکاری پرسە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤینی ناوەندی ڕۆژی کوردیش، لای وایە لەمەبەدوا، داعش زیاتر ڕوو لە کردەوەی خۆتەقاندنەوە و خۆکوژی و هێرش بۆ سەر شوێنە گشتیەکان و بنکە حکومیەکان دەکات.

موختار هووشمەند، کارناسی پرسی گرووپە ئیسلامیەکان، لە وتووێژێک لە بەرنامەی ڕاوێژ و سارێژی ناوەندی ڕۆژی کورد، لەو باوەڕەدابوو کە داعش وەک خەلافەت لەناو دەچێ بەڵام وەک ڕێکخستن لەناو ناچێت و پێدەچێت لە ئێراق بە شێوەی ڕێکخراوەیی و نهێنی و ژێرزەمینی، درێژە بە کارەکانی خۆی بدات.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.