ناوه‌ندی فه‌رهه نگی ــ هونه‌ريی ڤه‌ژين. ڕوو لە ڕای گشتی. ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە

0
870

ڕۆژی کورد: دوای ئەوەی هەینی ٢٠ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، ناوەندی ڤەژین، کە بنکە سەرەکییەکەی لە شاری مەریوانە و لە چەند شاری تری کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش بنکە و لقی چالاکی هەیە و یەکێک لەو ناوەندە کوردییە چالاکە مەدەنییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە، ەلەلایەن کەسانێکی سەر بە بنکە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئاگر درا. بنکەی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژینی مەریوان، ڕوو لە ڕای گشتی، ڕاگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە.

پێویست  بە ئاماژەیە کە جیا لە ئاگرتێبەردان لە بنکەی ڤەژین، ساڵی ڕابردووش بە مەبەستی کپ کردنی دەنگی بەرزی چالاکانی مەدەنیی مەریوان، دووکانی چالاکێکی مەدەنی و ژینگەپارێزیی ئەم شارە بە ناوی “شەریف باجوەر” بە هەمان شێوە لەلایەن کەسانێکی سەر بە ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە ئاگری تێبەردرا و تا ئێستش لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە هیچ بەداواداچوونێکی بۆ نەکرا.

دەقی ڕاگەیێندراوەکە:

بەداخەوە ڕۆژی هەینی ٢٠ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە کاتێکدا کە ڕۆژی پشوو بوو و دەفتەری سەرەکیی ناوەندی فەرهەنگی ــ هونەریی ڤەژین داخراو بوو، لە یەکێک لە ژوورەکانەوە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ئاگر لە شوێنەکە بەردرا و لەبەر تەنینەوەی ئاگر هەندێک زیانی ماددی لە شوێنەکە کەوت. دەستەی بەڕێوەبەری ڤەژین لەگەڵ ئاگادار کردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەڵگەمەند کردنەوەی ڕووداوەکەدا، بە پشکنینی ئاسەواری ڕووداوەکە، لەبەر نەوت ڕێژکرانی شوێنی ئاگر کەوتنەوەکە (نەبوونی کێشە لە نێو سیستەمی کارەبا و…) بەو ئەنجامە گەیشت کە ئاگر کەوتنەوەکە بە ئەنقەست بووە و کاری دەستێکی ڕەشی دژی کولتوور و ژیانەوە بووە.
ناوەندی ڤەژین ئەو کارە بە هەوڵێکی ترسنۆکانە و دژە کولتوور دەزانێت و هەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی دەگرێتە بەر کە بکەرانی ئەو ڕووداوە ئاشکرا بکات و بە سزای تاوانەکەیان بگەیەنێت. بەدڵنیاییەوە هەوڵی ئاوا ترسنۆکانە نەک هەنگاومان شل ناکاتەوە بەڵکوو بە زانینی ئەوەی کە هەوڵەکانمان کەسانی بیرتەسکی کتێب‌سووتێنی تووڕە کردووە، لە دروست بوونی ڕێگاکەمان دڵنیاتر دەبینەوە و ورەمان بەرزتر دەبێت. ناوەندی ڤەژین بەردەوام بەپشتیوانیی خەڵک و بۆ خەڵک هەنگاوی هەڵگرتووە و ئێستایش بەپشتیوانیی خەڵکەوە سوورتر لە جاران لەپێناو بووژاندنەوەی زمان و کولتووری ناوچەدا دەست پێ دەکاتەوە.

۲۱ / ٥ / ۱۳۹٦هـ. ناوەندی فەرهەنگی‌ ــ ‌هونەریی ڤـەژین، مەریوان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت