نامە نووسین بۆ خامنەیی

0
1298
ئاگری ئیسماعیل نەژاد
ئاگری ئیسماعیل نەژاد

لە چەند ساڵی ڕابردوودا، باوە بووە کە باڕاک ئۆباما، سەرۆککۆماری ئەمەریکا چەند جارێک رووبە عەلی خامنەای نامەی نوسیوە و لە رووداوێکی نوێیدا ئەو کارە ڤێلادیمیر پۆتین، سەرۆکی رووسیە کردوویەتی ئەوەی نێوەرۆکی نامەکان چین و باسی چ دەکەن، من هەر ئەوەندە ئاگادارم کە لە ڕاگەیاندنەکاندا باسی لەسەرکراوە، و تەنیا دەتوانم بلێم کە نێوئاخنی ئەو نامانە، باس و بابەتی پەیوەندیدار بە سیاسەتی ستراتژی کۆماری ئیسلامی لە خۆ دەگرێت.

زۆر جار هەوڵدەدرێ خودی رووداوی نامەنوسینەکان یان نێوەرۆکی نامەکان تیشکی بخرێتە سەر و باسی بکرێت ؛ بەڵام ئەوەی کە لێرەدا گرینگی زیاتر لە ئەو دوو بابەتی کە لە سەرێ باسی لێکرا، ئەوەیە کە ئەو نامانە لە باتی سەرۆککۆمار لە ئێران، روو بە عەلی خامنەای دەنوسرێ.
هەڵبژاردنی خامنەای وەک بەردەنگ لە نامەی سەرۆکی زلهێزانی جیهاندا دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە وڵاتانی زلهێزی جیهان بە تەواوی دەرکیان بەوە کردووە، کە پێگەی سەرۆککۆماری لە ئێراندا، پێگەیەکی قورس وقایم نییە، و وەک دەڵێن دەسەڵاتی سەرەکی و بریاری ڕاستی لای خامنەیە!
دەرک پێکردنی ئەو پێگە و جێگای دەسەڵات لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی لە لایان وڵاتانی جیهان بەتایبەتی زلهێزانەوە لە چەند روووەوە گرینگە:
١: کۆماری ئیسلامی ناتوانێت لە ئاستی نێودەوڵەتییدا خۆی وەک دەسەڵاتێکی ڕەوا کە خاوەنی پێگەی کۆمەڵایەتییە نیشان بدات؛ کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی ڕابردوودا روو بە کۆمەڵگای جیهانی وا دواوە کە هەلبژاردنەکان لە ئێران ڕەوایی بەو حکوومەتە دا و بەڵگەیە بۆ پێگەی کۆمەڵایەتی ئەو رەژیمە، بەڵام کاتێک زلهێزانی جیهان لە بابەت و باسوخواسی سیاسەتی ستراتژیک روو بەخامنەی دەدوێن و دەنوسین کە وایە ئەوان باش دەزانن، کە ئەگەر تەنانەت هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ئێران هەموو تایبەتمەندی یەک هەڵبژاردنی ساغی و دێموکراتیکیشی هەبێت کەسی هەڵبژێردراو خاوەنی دەسەڵات و بریار نییە و کە وایە لە هەڵبژاردنەکانی ئێراندا دەسەڵات دەستاودەست ناکرێت.
٢: کۆماری ئیسلامی بەردەوام دوو ڕواڵەتی بووە روالەتێکی راستی و بریاردەر کە لە قسە و هەڵسووکەوتی خامنەییدا خۆی دیوەتەوە و ڕوالەتێکی هەڵخەڵەتێنەوە و سەرلێشێوێنەر کە هەتا رادەیەک لەگەڵ نۆرم و باوەکانی نێو دیپلۆماسیش دەگونجێت، کە لە قسەی و پیامی کاربەدەستانی ناوەندە هەڵبژێردراوەکانی نێو پێکهاتەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیدا خۆی دیوەتەوە، ڕوونە کە کاتێک نامەی سەرۆککۆماری دوو زلهێزی جیهان رووبەخامنەیی دەنوسرێت دەرخەری ئەو راستییەیە کە سیاسەتی جیهانی بەتەواو هاتۆتە سەر ئەو باوەرەی کە ئەوان لەگەڵ ڕواڵەت و قسە خامنەیی و ناوەندە دەستنیشانکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو بەرەوروون نەک ڕواڵەتەکەیتری کۆماری ئیسلامی دا.
٣: سێهەم خاڵ لەسەر نامەنوسینی سەرۆکی وڵاتانی زلهێز بۆ خامنەای ئەوەیە کە لە یاری باڵەکانی نێورەژیمدا دەسەڵاتداران و بریاربەدەستانی نێو وڵاتانی زلهێز ، رێفۆرمخوازەکان وەک بالێکی خاوەن بریار و دەسەڵات سەیر ناکەن، چون لە باشترین دۆخی ئێران ئەوان بەرپرسیارێتییەکانیان لە ئاستی ناوەندە هەڵبژێردراوەکاندایە، نەک ناوەندە دەستنیشانکراوەکانی نێو پێکهاتەی کۆماری ئیسلامییدا، کە خاوەنی بریار و دەسەڵاتن؛ کە وایە لە ئەگەری هەر چەشنە کارتێکەریی و پشتگیری زلهێزان لە سیاسەتی نێوخۆی ئێراندا، رێفۆرمخوازەکان وەک برابەشی دەسەڵاتی بناژۆخوازەکان لەلایان ئەو هێزانەوە سەیر ناکرێن و لە باشترین دۆخدا وەک ئۆپۆزیسیون یان بەدیلی بناژۆخوازەکان سەیریان دەکرێت.
٤: نامەنوسینی سەرۆکانی زلهێزانی جیهان بۆ خامنەای لە دەرەوەی ئەوەی نێوەرۆکیان چییە دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە کۆماری ئیسلامی بە پێچەوانەی ئەوەی لە هەڵسووکەوتی ڕواڵەتی خۆیدا نیشانی دەدا هیچ کات نەیتوانییەوە بە کۆمەڵگای جیهانی بسەلمێنێت کە ئەو دەسەڵاتە خاوەنی ڕەوای کۆمەڵایەتی و باوەری دێموکراسییە ئەوەش پێمان دەلێ بە پێچەوانەی کە بەشێک لە بەرهەڵستکارانی کۆماری ئیسلامی باسی لێدەکەن شانۆی هەڵبژاردنی نێو کۆماری ئیسلامی لە ڕاستییدا لەلایان کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییەوە بە مەبەستی فیرودانی رای گشتی نێوخۆی ئێران بەرێوەدەچێت نەک بۆ هەڵفریوانی کۆمەڵگای جیهانی کە وایە شانۆی هەڵبژاردن ڕوو بەنێوخۆی کۆمەڵگای ئێرانە، نەک روو بە کۆمەڵگای جیهانی لە پێناوی ئامانجی سیاسەتی نێودەوڵەتی دا.
خودی نامەنوسین لە پەیوەندی دیپلۆماسیدا دیارەدە نییە، بەڵام ئەوەی کێ وەک بەردەنگ هەڵدەبژێردرێ هەم دەتوانێ دیارەدە بێ، هەمیش دەرخەری زۆر ڕاستی حاشالێکرا یان شاراوە و نادیار بێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت