نامەى ئەڤیندارى لە ڕێگاى گەیشتن بۆ کەنارەکانى ئارامى

0
1804

نوسینى هەڵگورد ڕۆژهەڵاتى

siginmacilarin-umut-yolu-nda-kirik-bir-ask-5-8077286_x_300

هەواڵێکى ترى رێبوارانى حەسرەت و خۆزگەى ژیانێکى ئارام و بێ شەڕ دور لە دەنگى گولە و لە نێو گوڵ و دور لە وێرانە لە سەر شاشەى رەنگى تیڤیەکان بە دەنگیکى کز و غەمیکى قوڵەوە خویندرایەوە.  ئەم جارە هەواڵی مردنى کۆرپەیەک کە تەنیا فامى لە ژیان، شیرى دایەوە ، باوەشی گەرمى،  نەبو. هەواڵى مردنى بابێکى خاوەن ئارەزووى گەوەرە بونى مندالەکانى نەبوو، هەواڵى نقوم بونى یەک خانوادە هەموو پێکەوە نەبوو، هەواڵى مردنى ئەڤینێک بوو . ئەوە یەکەم جار نیە لە کەنارەکانى وڵاتى خواوەندى جوانى ئەڤینێک نقوم دەبێ و خۆى بە ئەبەدیەت دەسپێرێ  تا شایەد کەونێکى تر تۆزقالێ بە بەزەىتر ببینێ و بگات بە مەقسودى. ئەم جارە کۆمەڵى نامەى تەڕ بوو لە ئاوى دەریای غەم و غوربەت و ئەڤین گەیشتبون بە کەنارەکانى ئارامى  بێ ئەوەى کە خاوەنى دیار بێت.  گۆیا وشەکان زیاتر لە جەستەى تامەزرۆى دیدار بوون کە بەر لە ئەو گەیشتبون ، یا تیکەڵاو بە روحێکی ئەڤیندار ببیون کە تەنیا گەیشتن بە یاریان ئەزانى ، یا هەستی هیجران بوو ئەبێ برۆن تا دەگاتە یار.  لاشەى ئەمجارەى  کەنارەکانى ئارامى چەند دێڕى خاتونێکى لێوان لێو لە ژیان بوو کە لە دونیایی جەفاکارى غەریبی دا بۆ ئەو کەسەى بە جێی هشتبوو نوسیبوى.  ئاى چەندە غەمناکە کە دابنیشی هەستى شکاوت لە رۆژگارى غوربەتتدا بیخەیە سەر لاپەرەىەک و ڕۆژەکان بژمێرى تا ڕؤژى سەفەر بێت و بە هیواى ئەوەى بگەى کەنارى ئارامى کە باوەشی خۆشەویستەکەت بێ خۆت نقومى چاڵە رەشەکانی حەسرەت و قولای  تاریکى بی.  ئای چەندە غەمناکە خۆشەویستەکەت جارنامەى خۆشەویستى تۆ لە زمانى هەواڵنێرەکان گوێلیبیتەوە نەک بە زمانى تۆ کە هەستی ئەڤینى پێوە دیارە.  تۆ نوسیبوت

“ڕۆژێک دادێ کە دەبینى چیم نوسیوە لەو دەفتەرەدا

ڕۆژێک دادێ کەدەخوێنیەوە ئەوى لەو دەفتەرەدایە

لەو خۆشەویستیە تۆ بە قەد من ماندوو نەبووى

ئەبێ تۆ لە بیر کەم بە لام ناتوانم

زۆر بیرت دەکەم دڵم دیتنى تۆى دەوێ

دەیهەوێ گوێ لە دەنگی تۆ بێ

زۆر لە من دورى و ئەو شوینەى کە تۆ لێى ژیانێکى نوێت دەست پێ کردوە

لە گەل خەڵکى نوێ داى

 ئەمن ئەمن تۆم هەر لە بیرە بۆشاییەک لە ژیانی من دایە کەسێکى وەک تۆم نەدؤزیەوە

جیا لە تۆ کەسم خوشنەویست”

بەڵێ تۆ ئەوانەت نوسی بوو بۆ ئەوکەسەى بەجیهێشتبوى . ئەتوانم هەست بکەم ئەوکاتانەى کە ئەوانەت نوسیوە لە شەوێکى تاریکى دا کە ئەژنۆى غوربەتت لە باوەشدابوو. هزرت بیرت پڕ بوو لە یارت ئەوانەت نوسی. ئێستاش ئەم کەناڵ و ئەو کەناڵ ئەونوسینانەت بۆ جیهان دەخوینەوە.  من زۆر جار پڕم لەم دونیایە ئەوەندە پر کە چۆن بەرد لە بەرد هەڵناوەشێتەوە بۆچى دەبێ لە کەنارێک خەڵکانیک ئاو بکەن بە سەر نهەنگی بەخاک نیشتوو بۆ ئەوى  نەمرێ ، لە کەنارێک بە هەزاران جەستەی مرۆڤ بکەوێ کەس نەبێ بپرسێ بۆ سەرۆکى وڵات شانازی بە حوکمى خەڵکێک بکا ئاوا خۆیان لە قولایی مەرگ بدەن بۆ ژیان . پڕم پڕم ئەپرسم جەستەى مرۆڤەکان بنێژیم با بە دەریا ئەسپێرم ئەى لاشەى ئەو نامانە لە کوی بنێژم ، لە کوێ لە بیرى دیکتاتۆرێک یا لە دڵى پەنابەرێک لە کوی بنێژم.  ئای چەندە غەمگینە ئەوکاتانى بە دیار وێنەکانى دانیشتی و تۆش حەسرەتى گرتنى  ئەو وێنانەت لە ناخ دا کێشاو نوسیت

“چاولە فیسبوکەکەت دەکەم کە دەبینم کراوەیە

هەروەک سەر لە نوێ دەست بە ژیان دەکەم زۆر خۆشحال دەبم

ئەو ڕۆژانەى کە لە تۆ دور ماوم ڕۆژانە هەزار جار دەمرم ئاسایی ناژیم وەک مردووم ” 

ئەوانە چەند وتەیەکى ناخت بون لە دەفتەرى نوسینەکانت لە ڕێگەى هەواڵنێرەکان دواى ئەو هەموو شەپؤلە بە ئێمە گەیشت.  بەڵێ تۆنەگەیشتی و وشەکانت گەیشتن و ناخی تۆیان بۆ دونیا دەربڕێ . وشەکانت لە کەنارى ئارامى دا کەوتبون ئەو کەنارەى کە تۆو ئەڤینەکەتى بۆ هەمیشە نقوم کرد . ناتناسم نەمدیوى تەنیا پیناسەکەت دڵێکى شکاو و چەند وشەى تەڕى بەر شەپۆلى نامەردى و گەردەلولى غەم و بی وەفاى چەرخى جەفایە.  ئای کە چەندە غەمگینە کاتێک ماسیەکانى دەریا جەستەت دەبێنن و سپى هەڵگراوى نە لە مەرگ بەڵکو لە نەگەیشتن لە دورى ئەشقێک کە بۆهەمیشە دەمێنێتەوە.  بەو وشانەى کە گەیشتن  بە کەنارى ئاوەوە  من ئومێدم بە مرۆڤەکان نەماوە نە بە دیتنى لاشەى منداڵ ، نە مردنى ئارەززوەکان ، نە بە مەرگى مرۆڤایەتى،  ئیتربە هیچ شتێک ئەبرؤى غەم هەلناگرن من ئومێدم بە ماسیەکانى دەریان کە شاهیدى مەرگت بوون وتا ئەو کاتەى  دوا جار کە وشەکانت نارد بۆگەیشتن.  ئەو ماسیانە ئەگەر دەردت بگەینین و بچن بۆ لاى چەرخى ڕۆژگار یاساى نوێ بۆ کەون بنوسنەوە  لە یاساکان دا بنوسنەوە کە یا

مرؤڤ ئاشق نەبێ ئەگەر بو ئاشقەکەی بەجێی نەهیڵێ.

یا جەنگ نەبێ ئەگەر بوو ئاوارەى نەبێ

لە وڵاتى خۆت بمرى

یا ئەگەر ئاوارە بوى سنور نەبێ

سنور هەبوو پەرىنەوە ئازاد بێ

یا سنورەکە دەریا نەبێ

یا ئەگەر دەریا بوو

نقوم بون نەبی یا ئەگەر نقوم بون هەبوو

وجدانى  مرۆڤایەتى هەبێ

ئەگەر ئەویش نەبوو دڵێک بلەرزێ

کەونیکمان دەوێ بە یاسایانە ، ماسیەکان بپاڕینەوە  .

تیبینى . دواى ئەوەى یاداشتەکانى کچێکى ئەڤیندارە کە بۆ خۆشەویستەکەى نوسیبووى لە کەنارەکانى یۆنان دۆزرایەوە ئەو پەخشانەم نوسی.  خاوەنى یاداشتەکان لە دریاى ئیژە دا خنکاو تەنیا ئەو یاداشتانەى سەرەوە لێی بەجێ ماون کە بە دەست ڕاگەیاندنەکان گەیشتون.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.