مەملەکەتی باوکەکان

0
1699

کورتیلە چیرۆک

دابان عەتار

 

(بەڵێ من یەکێک بووم لە داکۆکیکارە سەرسەختەکانی ئەو بیردۆزە, تەنانەت لەوانەیە ئێوە لە هاوڕێکانمەوە بیستبێتتان، کە من چەندە سەرسەختبووم، بە شێوەیەک جاری وا هەبووە سەرکوتم کردوون لەسەر ئەوەی، کە بڕوایەکی پێچەوانەیان دەربڕیوە. هەرگیز باوەڕم نەدەکرد شتێکی وا ڕووبدات، ئاخر تێ بگەن! ئەوە تا ئەوکاتە بۆ من باوەڕنەکردەبوو) ئەم دێرانەم لەنێو دوو کەوانە داناوە، چونکە دەشێ لەم چیرۆکەدا چەندجارێک دووبارە ببێتەوە.

ڕۆژێکیان خۆم گەیاندە نەخۆشخانەی دەروونی لە تەنیشت نەخۆشخانەی جمهوری لە هەولێر لەو دەرگەیەی دەکەوتە بەرانبەر پردی شۆرش چوومە ژوورەوە. خۆم گەیاندە یەکێک لە ژوورەکان، کۆمەڵێک نەخۆشی تێدابوو.

بزانن من خەریکی لێکۆڵینەوەکەم بووم لەسەر چەند جۆرێکی نەخۆشی نیڕۆسی، هەر بۆ ئەو مەبەستەش هاتبوومە ئەو نەخۆشخانەیە، تا بیروڕای دکتۆرەکان وەرگرم و  چاویشم بە چەند نەخۆشێک بکەوێت. ئا با لەبیرم نەچێ:

من یەکێک بووم لە داکۆکیکارە سەرسەختەکانی ئەو بیردۆزە، تەنانەت لەوانەیە ئێوە لە هاوڕێکانمەوە بیستبێتتان، کە من چەندە سەرسەختبووم، بە شێوەیەک جاری وا هەبووە  بڕوایەکی پێچەوانەیان دەربڕیوە سەرکوتم کردوون. هەرگیز باوەڕم نەدەکرد شتێکی وا ڕووبدات، ئاخر تێ بگەن ئەوە بۆ من تا ئەو کاتە  باوەرنەکردەبوو. خۆم بە ژووری ژمارە سێدا کرد. ئەوەی لە ژوورەکەدا بینیم نەکردەبوو. بەڵێ بەڵێ دەڵێم ئەوەی بینیم زۆر سەرسوڕهێنەر بوو!  فڕۆیدم بینی لەچەرپای ژمارە سێ ڕاکشابوو، سەرنجی لە پانکەی سەقفەکە گیرکردبوو، بە پەنجەی شایەتومانی کونەلووتی دەکۆڵیەوە. دووسێجار چاوەکانمم هەڵگلۆفت، بەڵام ئەو دیمەنەی بینیم ڕاستی بوو. خۆم گەیاندێ و بەهەرحاڵێک بووە فڕۆیدم دواند: باشە بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان لە ساڵی ١٩٣٩ کۆچی دوایی کردبوو، کەچی ئێستا ٢٠١٧ یە و ئەو دەبینم لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر! بەڵێ دڵنیام خۆی بوو. لێیمپرسی ئەوە لێرە چی دەکەی ؟ ئەویش بەدەم کۆڵینەوەی لووتیەوە ئەم قسانەی پێ گوتم:

من یەکێک بووم لە داکۆکیکارە سەرسەختەکانی ئەو بیردۆزە، تەنانەت لەوانەیە ئێوە لە هاوڕێکانمەوە بیستبێتتان، کە من چەندە سەرسەختبووم، بە شێوەیەک جاری وا هەبووە لەسەر ئەوەی, کە بڕوایەکی پێچەوانەیان دەربڕیوە سەرکوتم کردوون . هەرگیز باوەڕم نەدەکرد شتێکی وا ڕووبدات, ئاخر تێبگەن ئەوە بۆ من تا ئەو کاتە باوەڕ نەکردەبوو . من هاتمە ئیرە بۆئەوەی تاقیکاری لەسەر لێکۆڵینەوەکەم فراوانتربێت بەوەی لە شاری جیاجیا ئەو تاقیکردنەوەیەم ئەنجام بدەم لەسەر مرۆڤی خاوەن کولتوری جیاواز. هەرچەندە پێش بیمە ئیرە وامدەزانی، کە مرۆڤی هەموو کولتورەکان هەر بەتەنێ یەک پاڵنەڕ هەڵیان دەسوڕێنێ. دەبوایە تاقیکاری لەسەر چەند نەخۆشێکی نیڕۆسی بکەم.

  • ئەدی چی وای لێ کردی خۆت بکەویە ئەم ژوورەوە و لەگەڵ نەخۆشەکانی ئێرە بەند بکرێی؟

قاقایەکی لێدا! خۆی گرمۆلەکرد و دواتر چاوەکانی بۆ دووریان ڕوانی، بەردەوام بوو: بیردۆزەکەم لیرەوە کەوتە ژێر پرسیارەوە. سەرنجمدا لێرە ئەوەی هەیە هەر لەبەرگیراوەی باوکەکانە، کەسێک بوونی نییە بەناوی کوڕەوە، تەنانەت ئەو کوڕانەش، کە دەیانەوێ لەباوک هەڵگەڕێنەوە لە کۆتاییدا هەر لەبەرگیراوەکانی باوکەکانن. باوکانی ئیرە ڕۆژانە وێنەکانی خۆیان لە کوڕەکانیاندا   لەبەردەگرنەوە. هاهاها تۆیش باوکی لەکاتێکدا کوڕی خۆشتی، ههههه کوڕە باوکەکە هاهاهاا..

بەپەلە خۆم گەیاندە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە تا لێی بپرسم: فڕۆید چی دەکرد لەوێ و چۆن هێنابوویان بۆ ئەوێ. بەڕێوەبەرەکە بۆ ساتێک لێم ڕاماو بزەی هاتێ دواتر سەری ڕاوەشاند و لە ژێر لێوەوە دەیگوت: لاحول ولا لەدەستی ئەم نەخۆشانە!

 

….

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.