مەسروور بارزانی بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان سەردانی بەغدا دەکات

0
634

ڕۆژی کورد :
شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕێبەرایەتی مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سەردانی بەغدای پێتەختی عێراقی فێدراڵیان کرد و لە لایەن دوکتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقەوە پێشوازییان لێ کرا.

سەر لە بەیانی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٦ی تەمووز مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، لە گەڵ شاندێکی هاوڕێیان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نەوت و بودجەی ساڵیانەی دابین کراو بۆ هەرێمەکەیان سەردانی بەغدای پێتەختی عێراقی فێدراڵیان کرد و لە لایەن دوکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقی فێدراڵ لە کۆشکی سەلام بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندە هەواڵنێریەکانی کوردستان سەرەتا شاندەکە لە گەڵ دوکتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقی فێدراڵ کۆدەبنەوە و بڕیار وایە دواتر لە گەڵ هەر کام لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق و مۆحەممەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجۆمەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوەی جیاجیا پێک بهێنن و کێشەکان تاوتوێ بکەن و ڕێگاچارەیەکی بۆ دابین بکەن. لەم سەردانەدا کە بە مەبەستی دەرخستنی نیازپاکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر حکوومەتی ناوەندی بەغدا سازکراوە بڕیار وایە پرسەکانی نەوت و بوودجەی ساڵیانەی دابین کراو بۆ هەرێمی کوردستان بخرێنە بەرباس و تاوتوێ بکرێن ـ بڕیار وایە لە چاوپێکەوتنی داهاتوو دا دۆسیەی ناوچە کێشە لە سەرەکان، کەرکووک و دۆسیەی پێشمەرگە بخرێنە بەرباس و گفتوگۆیان لە سەر بکرێت.
لە دوای یەکەمین کۆبوونەوەی فەرمیی کابینەی نۆهەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ڕۆژێک پێش ئێستا لە ڕێکەوتی ١٥ی تەمووز ئەنجامدرا، ئەمە یەکەمین دیدار و چاوپێکەوتنی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدای پێتەختی عێراقی فێدراڵە کە وەک ئاماژەمان پێدا بە مەبەستی دەربڕینی نیازپاکی حکوومەتی هەرێم بەرانبەر حکوومەتی ناوەندییە بۆ گفتوگۆ کردن و دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ کێشە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستووردا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.