مەریوان بۆ پشتیوانی لە کۆڵبەرانی کورد، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبا

0
955

ڕۆژی کورد: بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژی کورد، بڕیارە ڕۆژی پێنج شەممە 18ی سەرماوەزی 1395ی هەتاوی، لە شاری مەریوان، ڕێپێوانێک بۆ پشتیوانی لە کۆڵبەرانی کورد و لە ژێر دروشمی “نا بۆ کوشتنی کۆڵبەر” پێک بێت.

ئەو ڕێپێوانە ناڕەزایەتییە لەسەر داوای چالاکوانانی مەدەنیی ئەو شارە و بە هۆی درێژەداربوونی کوشتنی کۆڵبەرانی کورد لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە پێک دێت.

کوشتنی کۆڵبەرانی کورد لە سنوورەکانی کوردستان لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی ڕژیم بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا هیچ کۆڵبەرێک نەکژراوە.

هەروەها بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژی کورد، کاناڵی بانگەوازیی ئەو چالاکییە مەدەنییە، ڕۆژی چوارشەممە 16ی سەرماوەزی 1395ی هەتاوی، لە لایەن کاربەدەستانی ڕژیمەوە هاک کراوە و لە ئێستادا کۆنترۆڵی بەتەواوی لەدەست چالاکان و بەرپرسانی کاناڵەکەدا نەماوە.

پێشتریش لە کاتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خەڵکی مەریوان لە هەمبەر “تانکەرەکانی مەرگ” ٥ کەس لە ڕێکخەران و هەڵسووڕانی چالاکیی ناڕەزایەتیی مەریوان لە لایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر کرابوون و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کران. ئەو پێنج کەسە بریتین لە: ئارتین حەسەنزادە، بەهرە عارفی، سەیران خۆرنیکا، عادڵ ڕەشیدی و ڕۆژین ڕەزایی.

لەلایەکی ترەوە، ئەمڕۆ سێ شەممە 16ی سەرماوەزی 1395ی هەتاوی، سەرجەم هاژوتوانی تاکسییەکانی مەریوان لە کردەوەیەکی مەدەنیدا، لە ڕێگای مانگرتنەوە، ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر کێشەکانیان و گوێ پێنەدانی بەرپرسان بە گرفتەکانیان دەربڕی.

هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە مەریوان لەمبارەوە گوتی: “ئەمڕۆ سێ شەممە سەرجەم هاژوتوانانی تاکسییەکانی مەریوان لە گۆڕەپانی شەوڕەنگی ئەو شارە، تاکسییەکانیان ڕاگرت و نەچوونە سەر کار و لەو ڕێگایەوە ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر پشت گوێ خرانی کێشە و داواکارییەکانیان لە لایەن بەرپرسانی شارەکەوە دەربڕی”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت