مەرگی گوماناویی پشتیوان و لایەنگرێکی یانەی سەرداری بۆکان دوای هێرش کرانە سەری

0
583

ڕۆژی کورد:  بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد لە بۆکان،  ئەبووبەکر لوتفی، پشتیوانی خۆبەخش و لاینگری ناسراوی  یانەی سەرداری بۆکان کە بە سەرداری کوردستانیش ناسراوە، دوای ئەوەی کە لەلایەن چەند هێرشکەرێکی نەناسراوەوە هێرشی کرایە سەر، گیانی لە دەست داوە.

هۆکاری کوشتنی ئەو چالاکوانە وەرزشی و ڕەخنەگرە و لاینگری دڵسۆزەی سەرداری بۆکان، هەتا ئێستا ناڕوونە و پۆلیس ڕایگەیاندووە بە دوای تاوانباراندایە.

بەپێی ئەو هەواڵە، دوو کەسی ماتۆڕسواری نەناسراوەوە، ڕۆژی دووشەممە ۳ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، هێرشیان کردۆتە سەر ئەبووبەکر لوتفی و بە شێوەیەکی دڕندانە پەلاماریان کردۆتە سەری و لە ئەنجامی ئەو پەلامارەدا، ناوبراو گیانی لە دەست داوە و بە ئامادەبوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی بۆکان، بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە ڕۆژی کوردی گوت: “ئەو ماتۆڕسوارانە دوای هێرش کردنە سەر کۆچکردوو ئەبووبەکر لوتفی و لێدان و کوتانی زۆر و دڕندانەی ناوبراو، ژاریان دەرخوارد داوە و هۆکاری سەرەکیی مەرگی ئەبووبەکر لوتفی، دەرخوارد دانی ژار بووە”

ئەبووبەکر لوتفی یەکێک لە چالاکترین و ناسراوترین لاینگران و پشتیوانانی یانەی سەرداری کوردستان بوو کە لە سەرەتای سازدرانی یانەی سەردارەوە بە هەموو شێوەی مادی و مەعنەوی پشتیوانی یانەی “سەرداری کوردستان” بوو.

ئەبووبەکر لوتفی، بەڕادەیەک دڵسۆز و پشتیوانی یانەی سەردار بوو کە هیچ بەرپرسێکی شار لە ڕەخنەی توند و بوێرانەی ناوبراو بێبەش نەبوون. کۆچکردوو لوتفیم تەنانەت چەندین جار ڕەخنەی توند و بوێرانەی لە قەسیم عوسمانیم نوێنەری ڕژیم لە بۆکان و سەرهەنگی سپای تیرۆریستیی قودس و هەموو ئەو کەسانە دەگرت کە بە هەر جۆرێک سەبارەت بە سەرداری کوردستان کەمتەرخەم بوون و هەر بەوبۆنەشەوە چەندین جار لە لایەن ئیتلاعاتەوە بانگێشت کراوە.

This slideshow requires JavaScript.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت