مێرکڵ و ماکڕۆن خوازیاری ڕاگرتنی هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بوون

0
800

ڕۆژی کورد :
سەرۆک وەزیرانی ئاڵمان و سەرۆک کۆماری فەرانسە داوایان لە ئەردۆغان کردووە بۆ ئەوەی هێزەکانی تورکیە لە ڕۆژئاوای کوردستان بکشێنێتەوە. ماکڕۆن ئاماژە بەوە کرد کە خواستی هاوبەشمان بۆ ڕاگرتنی هێرش و چالاکییەکانی تورکیایە. هاوکات مێرکڵیش سەبارەت بە مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعیش هۆشداری دا.

ئانگلا مێرکڵ، سەرۆک وەزیرانی ئاڵمان کە بە سەردانێک گەیشتتوەتە پاریس پێتەختی وڵاتی فەرانسە سەبارەت بە دەرئەنجامە مرۆڤایەتییەکانی هێزەکانی داعیش و مەترسی سەرهەڵدانەوەی ئەو گرووپە تێرۆریستییە بە توندی هۆشداری دا. هاوکات ئەمانوئێل ماکڕۆن، سەرۆک کۆماری فەرانسە باسی ئەوەی کرد کە هێرشی تورکیە بۆ سەر باکووری سووریە و ڕۆژئاوای کوردستان بارۆدۆخێکی نامرۆڤانەی زۆر نالەباری پێک هێناوە. ناوبراو جەختی لە سەر ئەوەش کرد کە ئاڵمان و فەرانسە ویستی هاوبەشیان لە سەر ئەوەیە کە هێرشەکان ڕابگیرێت.
سەرۆک وەزیرانی ئاڵمان کە پێشتر لە پێوەندییەکی تەلەفوونی ماوەی یەک کاژێریدا لە گەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیە، خوازیاری ڕاگرتنی خێرای چالاکییە سەربازییەکانی تورکیە دژی گرووپە هاوشێوە سەربازییە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردبوو. بە پێی وتەی مێرکڵ جیا لە پێویستی ڕاگرتنی باری ئەمنی و ئاسایشی ناوچەکە لە لایەن تورکیاوە، ئەم هێرشانە هەڕەشەیەکی مەزنە بۆ سەر ئاوارە بوونی بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی ناوچەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان و ناسەقامگیر بوونەوەی ناوچەکە و گەشانەوە و سەرهەڵدانەوەی دووبارەی هێزەکانی داعیش لە ناوچەکەدا. بە پێی وتەکانی جێگری وتەبێژی دەوڵەتی ئاڵمان پێوەندییە تەلەفوونییەکەی مێرکڵ بە پێی داخوازی ئەردۆغان بە ئەنجام گەیشتبوو.
لە لایەکی دیکەش ماکڕۆن سەرۆک کۆماری فەرانسە باسی ئەوەی کرد کە دەوڵەتانی ئاڵمان و فەرانسە بۆ هەڵویستی هاوبەشی ئەوروپا سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان هەموو هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان وەگڕ دەخەن. ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٤ی ئۆکتۆبر وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی یەکیەتی ئەوروپا سەبارەت بەم بابەتە چاوپێکەوتن و وتووێژ پێک دەهێنن. کۆبوونەوەکانی یەکیەتی ئەوروپا لە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتووش دا هەر لە سەر ئەم بابەتە درێژەی دەبێت.
ڕۆژی هەینی ڕابردوو فەرانسە هەڕەشەی دابینکردنی کۆمەڵێک بایکۆتی بۆ سەر تورکیە لە لایەن یەکیەتی ئەوروپا ڕاگەیاندبوو. لەوانە ئەم وڵاتە ڕایگەیاندبوو کە هەنگاو بۆ دابینکردنی ئاسایش و باری ئەمنی بۆ كارمه‌ندان و هێزە سەربازییەکانی خۆیان لە ڕۆژئاوای کوردستان هەڵدەگرن و پێداویستی تایبەت بۆ وەدیهێنانی خواستەکانیان و بەرگری هێزەکانیان دابین دەکەن. هەروەها پێشتر نووسینگەی سەرۆک کۆماری فەرانسە لە دانیشتنێکی نائاسایی پاڕلەمانی ئاسایشی ئەم وڵاتە دا ڕایگەیاندبوو کە وەکوو بەشێک لە بەرەی هاوبەشی نێودەوڵەتیی دژە داعیش کۆمەڵێک ڕێنوێنی لە ڕۆژانی داهاتوودا سەبارەت بە پارێزگاری هێزە چەکدارەکانی خۆیان لە ناوچەکە و کارمەندانی خۆیان دابین دەکەن. ئەم نووسینگە وردەکاری زیاتری لەم بارەوە ئاشکرا نەکردبوو.
هاوکات وەزیری بەرگری دەوڵەتی ئاڵمان و ڕێبەری پارتی دێمۆکرات مەسیحی ئاڵمان لە ڕەوتی کۆبوونەوەیەک لە شاری زاربرووکێن، بە توندی هێرشەکانی تورکیای بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریە خستە بەر ڕەخنە و توانج و سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئەو هێرشانە بۆ سەر ئانکارا بە توندی هۆشداری دا. وەزیری بەرگری دەوڵەتی ئاڵمان ئاماژەی بەوە کرد لە ئەگەری بەردەوامی ئەم هێرشانە وڵاتانی ئەندامی پەیمانی ناتۆ پێویستە وەڵامێکی ڕوون و ئاشکرا بە دەوڵەتی تورکیە بدەنەوە.
بەڵام ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیە، نە تەنیا ڕەخنە نێودەوڵەتییەکانی بۆ سەر هەنگاوەکانی خۆی وەرنەگرتووە، هاوکات بە توندی هێرشی کردووەتە سەر ئاڵمان سەبارەت بە بڕیاری بەرتەسک کردنەوەی هەناردەکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ تورکیە. ئەردۆغان لە وتەکانی خۆی لە وتارێکی لە ئەستەمبووڵ وتی : دیار نیە ئێوە لایەنی ئێمەن یان لایەنی گرووپە تێروریستییەکان!؟
سەرۆک کۆماری تورکیە هاوکات جەختی لە سەر ئەوە کرد کە هیچ بایکۆتی چەک و تەقەمەنی و دیاریکردنی سزایەک بۆ سەر وڵاتەکەی، ئەوان لە چالاکییەکانیان بۆ سەر باکووری سووریە و ڕۆژئاوای کوردستان پاشگەز ناکاتەوە. ناوبراو هەروەها وتیشی : ئەوانەی وا بیر ئەکەنەوە بەو هەڕەشانە ئەتوانن ئێمە ناچار بە پاشەکشێ بکەن لە هەڵە دان.
لەم نێوانەدا، هاوکات لە گەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئامریکا لە باکووری سووریە و ڕۆژئاوای کوردستان، هێزه‌ کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە گەڵ دەوڵەتی بەشار ئەسەد لە سەر بەرگری کردن لە هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر وڵاتەکەیان بە پێکهاتن گەیشتوون. ناوەندی هەواڵنێری دەوڵەتی سووریە “سانا” ڕایگەیاندووە که‌ دوابەدوای پێکهاتن لە نێوان هێزەکانی دەمشق و هێزە چه‌كداره‌كانی کورد، یەکەکانی سۆپای ئەم وڵاتە لە ناوچەکانی باکووری سووریە جێگر دەبن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.