محەمەد زارعی: ئامادەکاریی تەواوم کردووە تا بە ئاڵا و سروودی نەتەوەیی بچمە کێبرکێی داهاتووم

0
1824

کوردەکان بە شێوازی جیاجیا و جیاواز، دەتوانن لە هەندەران، خۆیان، نەتەوەکەیان و ئازارەکانیان بە خەڵک و وڵاتان بناسێنن. وەرزش یەکێک لەو بوارانەیە کە بەتایبەت بە هۆی ئەوەی کە لە چەقی ڕاگەیێنەکان دایە، دەتوانێ دەورێکی بەرچاوی هەبێت. کوردی ڕۆژهەڵاتیش لەم بوارەوە، بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا، وەرزشوانێکی باشی لێ هەڵقووڵاوە، ناوەندی ڕۆژی کورد تا ئێستا چەند کەسێک لەو وەرزشوانانەی بەسەر کردووەتەوە، لێرەدا، دیمانەی ناوەندی ڕۆژی کورد لەگەڵ وەرزشوانی کوردی دانشیتووی وڵاتی نۆروێژ، “محەمەد زارعی” دەخوێننەوە.

ڕۆژی کورد: لەسەرەتادا خۆتان و بواری وەرزشی و چالاکییەکانتان بە خوێنەرانی ناوەندی ڕۆژی کورد بناسێنن.

زارعی: من محەمەد زارعی، کیک بۆکسێر و mmaکارم. ماوەی ٨ ساڵە بە بەردەوامی، خەریکی وەرزشی ڕەزمی ـم، پێشتریش بۆ ماوەی ٨ ساڵ “زۆران بازی”ـم کردووە و چەند وەرزشێکی تریشم تاقی کردووەتوە.

لە بنەماڵەیەکی مامناوەند لە دایک بووم و منداڵی دوایی ماڵێم. لە ئێستادا پاڵەوان یان بڵێم قارەمانی سکاندیناوی لە بوای کیک بۆکسینگم و ئەو پلەیەشم هەر لە یەکەم ساڵی هاتنم بۆ ئوروپا بۆخۆم مسۆگەر کرد.

تا ئێستا لە چەندین کێبرکێ لە ئاستی وڵاتی نۆروێژدا لە بواری وەرزشیی کیک بۆکسینگ بەشداریم کردووە و دوای ئەوەی کە لە کێبرکێکانی وڵاتانی سکاندیناوی بەشداریم کرد، بڕیارم دا هەموو وزەی خۆم تەرخانی بواری وەرزشە ڕەزمییە ئاوێتەییەکان بکەم،

ناسرانم وەک قارەمانی سەرجەم وڵاتانی سکاندیناوی، بوو بە هۆکار کە کۆمەڵگەی وەرزشیی نۆروێژم بە شێوەیەکی تایبەت ئاوڕ لە من بدەنەوە و سرنج بدەنە وزە و تواناییەکانم. سەرەتا و پێشتر هەر خۆم بە شێوەی ئازاد لە هۆڵەکاندا ڕاهێنمان دەکرد و فێر ببوون تا گورزی ناک ئاوت، بوەشێنم و هەر بۆیەش بڕیارم دا تا لە کێبرکێ ئاستەنگەکانی وەک “لیت کۆنتاکت”ـدا یاری نەکەم. لە ئێستادا لەگەڵ باشترین وەرزشوانانی وڵاتی نۆروێژ لە یانەیەکدا ڕاهێنان دەکەم و هەر حەوت ڕۆژی حەوتووش، ڕاهێنانەکانم بەردەوامن و مەبەستی سەرەکیشم بەشداری لە “کێبەرکێکانی قەفەس”ـە.

پێویست بە ئاماژەیە کە وەرزشە ڕەزمییەکان، وەرزشێکی تووندوتیژ نین و ئەو کەسانەش کە وەرزشی ڕەزمی دەکەن، کەسانێکی تووندوتیژ نین، بەپێچەوانە، هێمن تر، خۆبەکەمزانتر و بەهۆش و گۆشتریشن. بۆ نموونە بڕوانن، وەرزشوانێکی هونەرە ڕەزمییە ئاوێتەییەکان، دەبێ ڕاهێنانی جۆجیتسۆی برازیلی، کیک بۆکسینگ، بۆکس، لەش جوانی، بەرنامەی ڕاکردن و چەند وەرزشی تریش ئەنجام بدات، واتا هاوکات لەگەڵ جووڵە هزری و جەستەییەکانە و مێشکی دەبێ بخاتە گەڕ، بەڵام زۆر پێویستە کەڵک لە مێشک و هزری وەرگرێت چونکە دەبێ لەسەر هەزاران تەکنیکی جیاواز و ئاڵۆز، چەق بکات.

ڕۆژی کورد: کێشەی وەرزش و وەرزشوانان لە کوردستانی رۆژهەڵات، بەپێی زانیاریی ئێوە چین؟

زارعی: لە ڕاستیدا هەرچەندە لەسەر کەموکوڕییەکانی وەرزش لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بدوێن، هێشتاش وەک دڵۆپ لە هەمبەر دەریایە و کەممان گوتووە. ئیزن بدەن با باس لە وەرزش کردنی خۆم لە سنە بکەم. تەمەنم ١٥ ساڵان بوو کە چوومە یانە، دایکم و باوکم و براکەم لە حەوشە بوون، پرسیان لە کوێ بوو؟ بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە وڵامم داوە، لە یانەی کیک بۆکسینگ بووم، بەداخەوە لەوێ لە جیاتی دەست خۆشی، لێدانێکی ئەوتۆم خوارد کە  هیچ کات لە ناو وەرزشە ڕەزمییەکاندا وێمنەکەوتووە، ئەوە لە ڕووی ڕووانگەی کۆمەڵگاەوە. لەلایەکی تریشەوە وەک دەزانن لە ئێران هەموو بوارێک، بەتایبەت وەرزش، بەسیاسی کراوە. کوردستانی ڕۆژهەڵات، کەمترین پشکی لە بواری دەرفەت و ئیمکاناتی وەرزشییەوە پێدراوە. هۆڵی باش بوونی نییە. ڕاهێنەرەکان داهاتێکی ئەوتۆیان نییە. هۆڵێکی زۆر دادەخرێن، ڕژیمی ئێران لە ڕاستیدا لە وەرزش و وەرزشوانەکانی بەشی وەرزشە ڕەزمییەکان دەترسێ. هیچ داهاتوویەکی ئەوتۆش بۆ وەرزشوانان نییە کە بتوانن بە شێوەیەکی شارەزاییانە و پرۆفیشناڵ وەدوای وەرزش بکەون. وەک دەبینن قارەمانەکانی ئێران لە ئاستی جیهانیش ئەوەتا ناچار دەکرێن خەڵاتەکانیان پێشکەش بە خامنەیی و مودافعانی حەرەم بکەن کە هەر هیچ بڕوایەکیشیان پێیان نییە. کیانووش ڕوستەمی نموونەیەکی باشە لەمبارەوە کە ئاماژەی پێبکەین.

ڕۆژی کورد: وێڕای سپاس لە بەشداریتان لەم وتووێژەددا ئەگەر لە کۆتاییدا وتەیەک هەیە بۆ ئاماژە پێکردن و باس کردن، بفەرموون.

زارعی: لە کۆتاییدا، هیوای ساغی و سەربەرزی و سەرکەوتن بۆ سەرجەم وەرزشوانانی کوردو بەتایبەتی وەرزشوانانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەخوازم، بەتایبەت سنەییەکان و هیواش دەخوازم لەسەر ڕینگ بۆ جارێکی تر بە دیداری وەرزشوانانی هاوڕێم شاد ببمەوە.

هەروەها بە دڵ سپاسی ڕاهێنەری ئازیزم بڕێز “کاوە عیزەتی: دەکەم کە ساڵیانێکی ساڵ لە سنە بەیەکەوە هاوڕێ بووین و بەرهەمەکەی ئێستا بووە بە پاڵەوانەتی و قارەمانەتیی چەندین وڵات لە ئوروپا.

هەروەها دڵشادم لەوەی کە لە کۆتاییدا دایک و باوکم بە بیستنی هەواڵی قارەمانەتیم، دوای ساڵیانێکی زۆر، بە وەرزش کردنم ڕازی و دڵ خۆشن.

لە ئێستاشدا کار دەکەم بۆ ئەوەی کە لە کێبرکێکانم لە چەند مانگی داهاتووداا ئاڵای کوردستان و سروود و موزیکی کوردی لەگەڵ خۆمدا ببەم و هەموو هەوڵیشم ئەوەیە لە هەر شوێنیکی جیهان و لە هەر کاتێکدا وەک وەرزشوانێکی کورد بناسرێم و چاوم لێبکرێت.

سپاسی تایبەتیشم هەیە بۆ ناوەندی ڕۆژی کورد کە ئاوڕیان لە من داوەتەوە و ئەو دەرفەتەتان بۆ من ڕەخساندووە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت