مامۆستایانی بۆکان ٩ پەرتووکی کوردییان بۆ ٩ قۆناغی خوێندن ئامادە کرد

0
1007

ڕۆژی کورد: گرووپێکی ٢١ کەسی لە مامۆستایانی کوردیزانی بۆکان، ٩ پەرتووکی زمانی کوردییان بۆ نۆ پۆلی خوێندنی سەرەتایی (٦ ساڵ) و مامناوەندی یەکەم (٣ ساڵ) نووسیوە و بڕیارە وەک پەرتووک لە قوتابخانەکانی ئەو شارە بگوترێتەوە.

هەرچەند بەپێی لێدوانی ئەحمەد ڕەحمانی، بەرپرسی فەرمانگەی پەروەردەی شاری بۆکان، بڕیارە زمانی کوردی بە شێوەی وانەی ئازاد لە قوتابخانەکانی ئەو شارە بگوترێتەوە، بەڵام ئەوە یەکەم جارە لە پارێزگای ئورمیە، ئیزنێکی ئەوتۆ بە کوردەکان بدرێت کە زمانی کوردی لە قوتابخانە بخوێنن.

پێشتر لە چەند شاری پارێزگای سنە، وانەی کوردی وەک وانەیەکی ئازاد لە قوتابخانەکان ئیزنی پێدراوە.

بڕیار وایە تا کۆتایی ئەو ساڵی خوێندن، ئەو پەرتووکانە لە شۆڕای پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای ئورمیە، مۆڵەتیان پێبدرێت و لە ساڵی داهاتووی خوێندندا بە فەرمی لە قوتابخانەکان، کاریان پێبکرێت.

تا ئێستا ڕوون نیە بڵاوبوونەوەی ئەو هەوڵە بە هۆی هەڵبژاردنە یان لە ساڵی داهاتووی خوێندندا دەخرێتە گەڕ و دەخوێندرێت.

مامۆستایەکی کورد لە شاری بۆکان وێڕای بەرزنرخاندنی ئەو هەوڵەی مامۆستایانی هاوکاری، باس لەوە دەکات کە هەبوونی وانەی ئازاد بۆ زمانی کوردی بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە و بە جۆرێک بەلاڕێدابردنی مافی خوێندن بە زمانی کوردی لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتی لە قەڵەم دا.

ئەو مامۆستایە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت هەروەها ئاماژەی بە نەبوونی مامۆستای پسپۆڕ لە بواری کوردیزانی لە قوتابخانەکان کرد و ڕاهێنانی مامۆستای کوردیزان و پسپۆڕ لەو بوارەی بە پێش مەرجی، خوێندن بە زمانی کوردی دانا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت