مالکی پێشمەرگەی بە داگیرکار و سعودیەی بە ماکەی تیرۆریسم لە قەڵەم دان

0
877

ڕۆژی کورد: نوری ئەلمالکی، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق کە بۆ سەردانێکی دیپلۆماتیک لە ئێرانە و ڕۆژی سێ شەممە ١٤ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، سەردانی عەلی شەمخانی، سکرتێری شۆڕای باڵای تەناهیی کۆماری ئیسلامی کۆبۆوە، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “ڕاشکاوانە دەڵێم ئەگەر بتوانین عێراق و موسڵ، ئازاد بکەین، بە دڵنیاییەوە یارمەتیی برایانمان لە سووریە دەدەین”.

بەپێی هەواڵی ڕۆژی کورد لە زاری ڕۆژنامەی “شەرق”، مالکی، وتەبێژی حیزبی ئەلدەعوەی عێراق، لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییە کە لە هوتێل ئازادیی تاران بەڕێوەی برد، بە هەواڵدەرییەکانی ڕاگەیاند کە حەشدی شەعبی ئەو سازی کردووە نەک ئێرانییەکان و جەختیشی کردەوە: “ڕاشکاوانە دەڵێم ئەگەر بتوانین عێراق و موسڵ، ئازاد بکەین، بە دڵنیاییەوە یارمەتیی برایانمان لە سووریە دەدەین و ئەگەر ئەوان هاوکاریی ئێمە بخوازن، ئێمە ئامادەین”.

مالکی لەو کۆبوونەوە ڕۆژنامەگەرییەدا کە ئێوارەی دووشەممە ١٣ی بەفرانبار لە تاران بەڕێوە چوو لەمەڕ ناوچە دابڕێندراوەکانی کوردستانی باشوور لەلایەن عێراقەوە گوتی: “ڕام وایە هەر بستێک لە خاکی عێراق کە وەردەگیردرێتەوە دەبێ بگەڕێتەوە عێراق، جا چ لەلایەن پێشمەرگەوە ئازاد بکرێت یان هەر رەوت و لایەنێکی تروە. خاکی هەرێمی کوردستان ئەو شوێنانەن کە دوای پردی برمێر، ساز بوو”.

مالکی هەروەها گوتیشێ: “ئەگەر مشتومرێک لەمبارەوە هەبێ، دەبێ بەپێی یاسای بنەرەتییەوە چاوی پێدابخشێندرێت نەک بە هێزی سەربازی یان داگیرکاری”.

جێگری سەرۆک کۆماری عێراق، لە حاڵێکدا بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەلێ داگیرکار کە بەپێی یاسای عێراق، هێزی پێشمەرگە بەشێکە لە هێزە سەربازییەکانی عراق و لە ماوە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠٠٠ پێشمەرگە لە شەڕ بە دژی داعش ـدا شەهید بوون و ئێستاش هێزی پێشمەرگە بەشێکە لە بەرەی ئازاد کردنی موسڵ و لە بەرەی ڕۆژهەڵاتی موسڵ لە شەڕ دایە.

سەرۆکی هاوپەیمانیی نەتەوەیی عێراق لەو دانیشتنە ڕۆژنامەوانییەدا، عەرەبستانی بە هاوکاری و پاڵپشتیی تیرۆریسم تاوانبار کرد و گوتی: “زۆر جاران گوتوومە، عەڕەبستان ماکەی تیرۆریسمە و لە ئەنجامیشدا سزای پشتیوانی لەو گرووپە تیرۆریستییانە دەداتەوە، هەروەک هەر ئێستاش لە یەمەن و سووریە، تێچووگەلی زۆر قورس و گران دەدات”.

وتەبێژی حیزبی ئەلدەعوەی عێراق لەمەڕ سیاسەتی حیزبەکەی لەمەڕ موسڵ لە دوای ئازادکرانی گوتی: “ئەوەی کە لە ناوچە لە ئارا دایە، کاریگەری لەسەر دۆخی دوای ئازادکرانی موسڵ هەیە. بەپێی دابەشکردنی ئەو ئەرکانەی کە یەکگرتوویی موسڵ و عێراقی لەبەر چاو بێ، دەتواندرێ بۆ دۆخی نوێ لەو پارێزگایە ئامادە ببین. لەگەڵ بەشێک لە فراکسیۆنەکان لە پارلمان بۆ سەرلەنوێ بەرهەمێنانەوەی یەکگرتوویی لە موسڵ، خەریکی دانوستانین. هیچ لیدوان و قسە و گەڵاڵەیەک لەمەڕ دابڕان و جیاکردنەوەی موسڵ قەبووڵ ناکەین. دۆخی دوای ئازادکردنی موسڵ دەبێ بەپێی ڕاگرتنی تەواویەتی خاک و ڕاگرتنی پێکهاتەی خێڵەکی و تایفەیی بێت”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت