لە هێرشی تورکیە بۆ سەر عەفرین، ڕۆژاوای جیهان خیانەتی بە کوردەکان کرد

0
945
Trauernde Kurden tragen am 22.01.2018 in Afrin (Syrien) Särge mit Opfern eines türkischen Angriffs auf die syrische Stadt. Die Türkei hat am 20.01.2017 eine groß angelegte Offensive gegen kurdische Truppen im Nordwesten Syriens begonnen. Die «Operation Olivenzweig» zielt auf die mit den USA verbündeten kurdischen Volksschutzeinheiten YPG in der Enklave Afrin. Foto: Sipam Jan/Rohani Newspaper/AP/dpa +++(c) dpa - Bildfunk+++

نووسینی: حەسنەین کازم

وەرگێڕانی لە ئاڵمانیەوە: هەڵمەت مەعرووفی

تورکیە لە سووریە هێرشی کردووەتە سەر کوردەکان، ئەو کوردانەی کە لە دژی تیرۆریستە ئیسلامیەکان وەستاونەوە و شەڕیان لەگەڵ دەکەن، ڕۆژاوای جیهانیش لە هەمبەردا تەنیا قسەی تەڕ و گەرم دەکەن.

مێژووی کوردەکان لەگەڵ خیانەت ئاوێتەیە و بە خیانەت دەناسرێتەوە، ئەو خیانەتە، سەد ساڵ لەمەوپێش لەلایەن ئاتاتوورک و بە شکاندنی وادە و بەڵێنیەکانی بە کوردەکان، دەستی پێکرد. ئاتاتوورک، بەڵێنیی گەورەی سەربەخۆیی بە کوردەکان دا و کاتێکیش کە گەیشتە مەڕام و ویستی خۆی و کۆماری تورکیەی دامەزراند، خیانەتی پێکردن، ئەوە درێژەی هەبوو تا ئەوەی کە لەو حەوتوویەدا، هێرشی سەربازانی تورک بۆ سەر کوردەکان دەستی پێکرد، ئەو کوردانەی کە بە دژی ڕێکخراوی ئیسلامیی تیرۆریستیی داعش لە سووریە شەڕ دەکەن و بەو حاڵەشەوە هەموو جیهان ئیزنی ئەو هێرشەی بە تورکیە دا.

هێرشی “زەیتوون”، وەک تورکیە ناوی لێناوە “عەمەلیاتی زەیتوون” لە ڕۆژی شەممەوە لەسەر ناوچەی عەفرین دەستی پێکردووە کە لە باکووری سووریە هەڵکەوتووە، هێرشێکی چاوەروانکراو بوو چونکە ئانکارا ساڵانێکی زۆرە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی، خاکی وڵاتانی دراوسێی خۆی بەکارهێناوە. تورکیە لەژێر ناوی هێرش بۆ سەر داعش چووەتە ناو خاکی وڵاتانی تر بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە تورکیە تەنیا بە مەبەستی پێشگرتن لە بەهێزبوونی کوردەکان ئەو هێرشانە ئەنجام دەدات. تورکیە بە هەمان شێوە لە ناو خودی تورکیەشدا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیە، لە ڕێگای “قەدەگەکردنی زۆرەملیی هاتووچوو”، “بەکارهێنانی گازی فرمێسک ڕێژ” و “تۆپخانە”، لە ژێر ناوی بەربەرەکانی لەگەڵ تیرۆریزم، هێرشی کردووەتە سەر کوردەکان و ئازاری داون. ئامانجی ئەو هێرشەی ئێستای تورکیەش لە سووریە، هێرش کردن و هەڵکوتانە سەر “یەکینەکانی پاراستنی گەل واتا ی.پ.گ ـەیە.

هیچ یارمەتیەک لە ئارادا نیە، تەنانەت لێدوانەکانیش ناڕوونن

ئەوە جێگای داخ و لۆمەیە. وڵاتانی ڕۆژاوایی کە سپاسی کوردەکان دەکەن بۆ ئەوەی کە لە دژی داعش شەڕیان کردووە، خیانەتیان لە کوردەکان کرد و پشتیان تێکردوون. هەمان ئەو کوردانەی کە لە شەڕ بە دژی تیرۆریزم ئامادەی مەرگن، لە ڕاستیدا لانیکەم 1500 پێشمەرگە و شەڕڤانی کورد لە ئێراق و زیاتر لە سێ هەزار لە سووریە لە شەڕ بە دژی داعشدا بەشدار بوون. ئەوان لەو ڕووەوە بۆ ڕۆژاوای جیهان زۆر باش بوون. ئەوان ڕاهێندران، پڕچەک کران و هان دران.، لێ نها کە کوردەکان لەلایەن تانکەکانی تورکیاوە هێرشیان کراوەتە سەر و لەلایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکەوە بۆمبەباران کریاگن، کەس نیە بگا بە هاواریان و فریایان بکەوێ. تەنانەت یەک وشەی ڕوونیش نابیسترێ کە بە دژی تورکیە بێ، بەتایبەتی گەمارۆ سیاسی یان ئابووریەکان بۆ ئەوەی بەر بە هێرشە سەربازیەکانی تورکیە بگرێت ناخرێنە کایەوە. ئێستا کوردەکان خاس لە خۆیان تێگەیشتوون و خۆیان دیتووەتەوە و پێگەی خۆیان دەزانن و دەزانن لە کوێ ماونەوە.

وەزیری دەرەوەی ئاڵمان، زیگمار گابریێل، ماوەیەکی کەم بەر لە ئێستا، هاوتا تورکەکەی خۆی، مەولوود چاوش ئۆغڵووی بۆ گولسەر بانگهێشت کرد و پێکەوە چایان خواردەوە و وێنەکانیشیان بە دەم و چاوی جیهان دادا و دواتریش تەنیا و تەنیا چەند وشەیەکی خۆبوێرانە و خۆپەرێزانەی لە ڕێگای وەزارەتی دەرەوە بڵاو کردەوە و گوتی: “ئێمە داوا لە سەەرجەم لایەنەکانی تێکەڵ بەو شەڕە دەکەین تا کەمێک لەسەرەخۆ بن و شەڕی نوێی تر نەهێننە ئاراوە”. هەموو لایەنەکان؟ یانی دەوڵەتی ئاڵمان ئاوا لە سەرۆک کۆماری تورکیە، رەجەب تەیب ئەردۆغان دەترسێ؟

هەروەها پێتەختی وڵاتانیتری ئوروپایی و واشنگتۆنیش بێدەنگن و هیچی تریان بۆ گوتن نیە. بەڵێ، سیاسەتی دەرەوە هەمیشە لە ڕووی بەرژەوەندیەکانەوە بەڕێوەدەچێ. بەڵام کاتێک کە بەرپرسیارەتی و ویژدان، چیتر دەور ناگێڕن و کاتێک کە هاوپەیمانەکانی تری تورکیە لە ناتۆ، یاسای ناودەوڵەتی و یاساکانی تر لێک جیا دەکەنەوە، ئەوە یانی سیاسەتی دەرەکیان تووشی شکست و داڕمان بووە.

ڕاستیەکان ئەوەن کە وەک چاوەدێران لە ناوچەکە و لە نزیکەوە دەڵێن، ئەرتەشی تورکیە، تانکی ئاڵمانی بەکار دێنێ، ئەوەش دۆخەکە خراپتر دەکات. هەرچەند تورکیە، پێشتر ئەو تانکە ئاڵمانیانەی وەگرتووە بەڵام تانکە بەرهەمهاتووەکانی ئەمریکا و چین و ڕووسیە لە رەنگێکی تردا دەرناکەون و ئەوە تەنیا تانکە ئاڵمانیەکانن کە لەو شەڕدا بەرچاو دەکەون و بەو حاڵەشەوە، ئاڵمان هەروا سەرقاڵی بەڕێوەبردنی گەڵاڵەگەلی چەک و چۆڵ لەگەڵ تورکیەیە و ئەوەش ڕووەڕشیەکە بۆ ئاڵمان.

ئەو شەڕە بۆ ئەردۆغان، دەرفەتێکە تا جارێکی تر، هێزی خۆی نیشان بدا و دەریبخا. ئەردۆغام، ڕێگە بە ڕێڕەوان و شوێنکەوتەکانی دەدا تا جەژن بۆ هەوڵی تاقەتپرووکینی خۆیان بگرن. تەنانەت کەمالیستەکانیش لەو شەڕ و هێرشە سەربازیە بۆ سووریەدا بەشدارن. ئەوان بەو کارەیان دەریانخست کە ئۆپۆزیسیۆن بوونیان تەنیا نیسێیەکە و ڕاست نیە. ئەردۆغان بە شەڕ لەگەڵ کوردەکان، تەنانەت مزگێنی و دڵخۆشی دەداتەوە بەو ئیسلامخوازانەی کە دەڵێن لە ئەردۆغان بێ هیوا بوون و بۆلای خۆیان ڕادەکێشێتەوە.

یەپەگە، لقێکی سەربازیی پەکەکە ـیە. ئەوەی کە یەپەگە لە سنوورەکانی سووریەوە بۆمبارانی خاکی تورکیەی کردبێ، ئەگەر وابێ و ڕاست بێ، ڕوون نیە کە ئایا ئەو کارەی بە ئانقەست کردووە کە هێزەکانی تورکیە هان بدا و لە ئەنجامدا بووبێتە هۆکاری پێشووەچونی هێزەکانی تورکیە یان ئەوەی کە  ئایا ئەو کارەی وەک دژکردەوە بە دژی دەستدرێژیی تورکیە بۆ سەر خاکەکەی کردووە، تا ئێستا ئەوە ناڕوونە. تا ئەو کاتەی کە داعش دراوسێی سنووری تورکیە بوو، تورکیە هیچ کات حەزی نەکرد هێرش بۆ سەر سووریە بکا لێ هەر کە کوردەکان لەو شوێنانە دەسەڵاتیان گرتە دەست، تورکیە دەستی کرد بە هێرش و دەستدرێژیی سەربازی و سەرەڕۆییەکانی ئەردۆغان دەستی پێکرد. ئەردۆغان گوتی، “درێژە بە هێرشەکەی خۆی دەدا، بەتایبەتی کە ڕووسیەی لە پشتە”، ئەوە یانی خیانەتێکی تر لە کوردەکان، ڕووسەکان زیاتر لە تورکەکان هیوادارن. ئەردۆغان گوتی “بەزوویی عەفرین دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی تورکیە و خەڵکی سووریە دەتوانن بگەڕێنەوە ناوی”، ئەوە واتا تورکەمەن و عەڕەبەکانی سووری و نەک کوردەکان دەتوانن بگەڕێنەوە ئەوێ – هەڵبەت ئەگەر کوردەکان لەوێ دەربکرێن، لە داهاتوودا زۆر بە سەختی دەتوانن بگەڕێنەوە عەفرین و لەوێ بژین-.

ڕوونە کە گەمارۆی عەفرین و شەڕ لەو ناوچەیە کۆتایی پێهاتووە، خەڵکانێکی زۆری پەنابەر، وەک ناوچەیەکی پارێزراو، هاتوونە ئەو شارە و نیشتەجێ بوون، ڕوونیشە کە کوردەکان لەوێ چالاکی دەکەن تا دەوڵەتێکی دیموکراتیک پێک بهێنن و زۆریش ئاشکرا و ڕوونە کە ی.پ.گ، دەورێکی بەرچاوی لە لاوازکردنی داعش لە سووریە هەبووە، هەموو شت ڕوونە بەڵام ئیتر هیچ شتێک لەبەرچاو ناگیردرێ و حیسابی لۆ ناکەن.

کوردەکان لە سووریە دەبوا لە چارەنووسی ساڵی ڕابردووی خوشک و براکانی خۆیان لە ئێراق، فێربووبان و بیانزانیبا کە نابێ و ناتوانن بڕوا بە ڕۆژاوا بکەن و پشتی پێببەستن. لە ئێراقیش، پێشمەرگەکان و شەڕڤانەکانی پ.ک.ک لە شەڕ لە دژی داعش، سەرکەوتن و سەرکەوتنێکی باشیان تۆمار کرد بەڵام کاتێک کە دەوڵەتی کورد لە پاییزی ساڵی ٢٠١٧، بە سەرکەوتنەوە گشتپرسی بەڕێوەبرد، ئەرتەشی ئێران بە چڕی هێرشی کردەوە سەر ئەو ناوچانەی کە پێشمەرگەکان لە دەست داعشیان ڕزگار کردبوو، پێشمەرگەکان داوای هاوکاری و بەهاناوەچوونیان لە ڕۆژاوای جیهان کرد، هەر نەبی چاوەڕوانیی هەندێ وشەی جێگای ڕێزیان دەکرد بەڵام، هیچ، هەر هیچ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.