لە شاری کۆپنهاگ لە دانمارک کۆڕێک لەسەر کوردانی ئێزیدی پێکهات

0
1373

پیتەر وینگۆ، نووسەر و کۆمەڵناسی دانمارکی کە لە ساڵی ۲٠۱۲  بە مەبەستی توێژینەوەی زانستی لەسەر ئایینەکانی زەردەشتی، میترایی، یارسان، ئیزەدی…و تاد، سەردانی کوردستانی باشووری کردووە.
ئایینی ئیزەدی لە کوردستانی باشوور و هەروەها یارسان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرنجی ڕاکێشاوە و هەر بۆیەش ساڵی ۲٠۱۲/۲٠۱۳ لە ناوچەی ئیزەدی نشین لە باشوور، لە نزیکەوە توێژینەوەی لەسەر ئایین و داب و نەریتی ئەم ناوچە کردووە.

ڕێکەوتی ۲/۲/۲٠۱٦ لە شاری کۆپنهاگ لە دانمارک کۆڕێک ساز کرا بۆ پێشکەش کردنی ئەو زانیارییانە کە لەسەر ئایینی ئیزەدی کۆی کردبوونەوە کە لە پەرتووکێکدا بەنێوی “فرمێسکەکانی تاووس”.

کازیوە ئەنامەقی نووسەر و چالاکی بواری مافی ئافرەتان، کە لەو کۆڕەدا ئامادە بووە، لەو بارەوە بەم شێوە وڵامی پرسیارەکانی ڕۆژی کوردی داوە.

ڕۆژی کورد: لەو کۆبوونەوەدا چۆن باس لە کوردانی ئێزیدی کرا؟ ناسنامەی کوردانەیان چەند گرنگی پێ درابوو؟ بە گشتی باسەکانی ئەو کۆڕە چی بوون؟

کازیوە ئەنامقی
کازیوە ئەنامقی

ئەنامقی: وینگۆ باسی لەوە کرد   کە بەداخەوە بەهۆی هێرشی مۆغۆلەکان مێژووی ئیزەدییەکان لەناو چووە هەربۆیە دۆکیومێنتی تایبەت لەبەر دەست نییە . بەڵام ئەم هێرشەی داعش یەکەم هێرش نییە کە کراوەتە سەر ئیزەدییەکان و ئەم کارەساتە لەسەردەمی عوسمانییەکانیشدا بەسەریان هاتووە،  هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لەسەردەمی سەددام، ئیزەدییەکان لە ڕیزی پێشمەرگەدا بەرەنگاری بەعس بوونەتەوە و پاش دامەزرانی هەرێم، ڕەوشی ئیزەدییەکان بەرەو باشی چووە هەروەها باسی ئەوە کرا کە لە کاتی دروست کردنی بەنداوی موسل، خەڵکی ناوچەکە  و بەتایبەت ئیزەدییەکان ئاگادار نەکرابوونەوە و خەڵک هەر ئەوەیان دەدیت کە ئاوەکە بەرە زەوییەکانیان دێت بۆیە ئەوانیش ناچار بوون کە کەرەستە ئایینییەکانی زیارەتخانەکەیان بگوازنەوە بۆ شوێنەکانی دیکەی ئیزەدی نشین.

ڕۆژی کورد: کوردانی ئێزیدی کەسیان لەو کۆىوونەوەیەدا بەشدار بوو؟ ئایا باس لە فاکتەکان و نموونەی واقعیش کرا کە بەسەر ئێزیدیەکان هاتووە بەتایبەتی لە هێڕشی داعش دا؟

ئەنامەقی: تەنیا پیاوێکی ئیزەدی لەوێ بەشدار بوو بەڵام نووسەر ئاماژەی بەوە کرد کە پێش گەشتەکەی پێوەندی بە ڕێکخراوی ئیزەدییەکانی دانمارک گرتووە و بە هاوکاری و ڕێنوێنی ئەوان سەردانی باشووری کردووە.
دڵنیا نیم بەڵام پێدەچێ کە خودی ڕێکخراوەکە کۆڕێکی تایبەتی بۆ ئیزەدییەکانی دانیشتووی دانمارک ساز دابێ.

بەڵێ باسی لە نموونەی بەرچاویش کرد، بۆ نموونە  ئاماژەی بە هەواڵنێرێکی تیڤی کرد کە پێش شەڕی داعش، ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لەدەست دابوو بەهۆی تەقینەوەیەک بە دەستی القاعدە.
هەروەها ئاماژەی بە کەسێکی دیکە کرد کە پێشمەرگە بووە و بەهۆی ڕەوشی ژیانی ڕووی لە وڵاتانی ئەورووپی کردووە بەڵام پاش ۷/۸ ساڵ چەرمەسەری ئێقامەتی نەگرتووە و گەراوەتەوە باشوور.
ئاماژە بە کارەساتی دەسبەسەر کردنی ژنانی ئیزەدی بەدەست داعش و فرۆشتنان کرا و بەتایبەتی ئاماژەی بە نادیا موراد کرد .

ڕۆژی کورد: ئەگەر شتێکی تر لەو بارەوە هەیە بۆ خوێنەرانی ڕۆژی کوردی باس بکەن تکایە بفەرموون.

ئەنامەقی: ئەوەی کە سەرنجی منی ڕاکێشا، ڕێزێک بوو کە پیتەر بۆ ئیزەدییەکانی دادەنا و لە ناخەوە ئاواتی خواست کە بتوانن ئەو ئاسودەییە بەدەست بێنن لە وڵاتانی ئەورووپی و بەتایبەت لە دانمارک تاکوو ئەو کاتی کە وڵاتی خۆیان ئارام دەبێتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.