لە بۆکان یادی مامۆستا هێدی بەرز ڕاگیرا

0
984

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە بۆکان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٢ خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، یادی مامۆستا هێدی، شاعیری نەتەوەیی کورد لە باژێڕی بۆکان، بەرز ڕاگیرا.

لەو ئێوارەکۆڕە ڕێزلێنانەدا کە لەلایەن کۆڕی فێرکاری و فەرهەنگی ئەدەبیی بۆکان بەڕێوە چوو، ژمارەیەکی بەرچاو لە شاعیران و نوسەرانی بۆکان بەشدار بوون.

یەکێک لە بەشدربووانی ئەو ئێوارەکۆڕە ڕێزلێنانە بە هەواڵنێری ڕۆژی کوردی گوت: “بەداخەوە نەکرا و هەوڵ نەدرا مامۆستا هێدی بگەڕێندرێتەوە زێدی سەرەکیی خۆی و ئەو ئاواتەی وەدینەهات بەڵام خزمەتەکانی مامۆستا هێدی وەک شاعیر و وەرگێڕ و زمانزانی کورد بە زمانی کوردی، هیچ کات لە بیر ناچنەوە و لە ڕاستیدا کاریگەرییەکی یەکجار زۆری لەسەر زمانی کوردی هەبووە و دەبێ نرخی زیاتری لێ بگیردرێت و بایەخی پتری پێبدرێت”.

ئەو هەروەها گوتیشی: “ئەوەی ڕاستی بێ پێویستە بە شێوەی یەکجار زانستی تر و باشتر ڕێز لە مامۆستا هێدی بگیردرێت و هیوادارین لە ساڵانی داهاتوودا ئەو کارە بە دانانی کۆڕی زانستی و شیکاری لەسەر لایەنە جیاجیاکانی شیعر و وەرگێڕانی مامۆستا هێدی ئەنجام بدرێت و هەروەها لە شارەکانی تری کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش، ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لەو کەڵە شاعیرەی کورد، بەڕێوەبچێت”

لەم ئێوارە کۆڕە ڕێزلێنانەدا چەند بەرهەمێک لە لایەن بەشداربووانەوە خوێندرایەوە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت