لەماوەی شەش مانگدا نزیک بە ٧٠٠ کەس لەئێران لەسێدارە دراون

0
593

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەتازەترین راپۆرتی خۆیدا رایگەیاندووە، لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی٢٠١٥دا، ٦٩٤ کەس لەلایەن رێکخراوی زیندانەکان و دەزگا قەزاییەکانەوە حوکمی سێدارەکەیان بەڕێوە چووە.
لەتازەترین راپۆرتی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا ئاماژە بە لەسێدارەدانی ٦٩٤ کەس (بەفرانباری ١٣٩٣ ـ پووشپەڕی ١٣٩٤) کراوە و هاوکاتیش ئەو رێکخراوەیە نیگەرانی جیدی خۆی لەچوونە سەری رێژەی ئێعدامەکان دەربڕیوە.

بەپێی ئەو ئامارە رۆژانە بەشێوەی نێوەنجی سێ کەس لەئێران حوکمی سێدارەیان جێبەجێ کراوە.

لەو پێوەندییەدا و بە پێی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥(بەفرانباری ١٣٩٣ ـ پووشپەڕی ١٣٩٤) ٣٩ هاووڵاتی کوردیش لە زیندانەکانی ئێران بە تاوانی جۆراوجۆر لەسێدارە دراون.

هەر لەو ماوە زەمەنییەدا بێجگە لەو ٣٩ حاڵەتە، چوار زیندانی سیاسیش بە ناوەکانی سابیر موخەلید ماوانە، عەلی و حەبیب ئەفشاری و مەنسوور ئاروەند لەلایەن دەزگاقەزایی و رێکخراوی زیندانەکانەوە حوکمی سێدارەدانیان بەڕێوە چووە.

لەو بارەیەوە “سەعید بوومەدووحە” جێگری بەرنامەرێژی رۆژهەڵاتی ناڤین لەرێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی وتوویەتی:” ماشێنی کوشتاری قەزایی ـ حکوومەتیی لەئێران رەکابەری نیە”.

لەراپۆرتەکەی ئەو رێکخراوە جیهانییەدا هاتووە، ئەگەری ئەوە هەیە، هەتا کۆتایی ساڵی ٢٠١٥، رێژەی لەسێدارەدانەکان هەزاران حاڵەت تێپەڕێنێت.

ئەو رێکخراوە مافی مرۆڤییە باسی لەوەش کردووە، حوکمی لەسێدارەدان لەمانگی رەمەزاندا لەئێران ناشەرعی و قەدەغەیە، بەڵام هەر لەو مانگەدا ٤ کەس بە دارەوە کراون.

پێشتریش ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێران لەراپۆرتێکدا بڵاوی کردبوویەوە،” لەساڵی ٢٠١٤دا، ٧٥٣ کەس لەئێران لەسێدارە دراون”.
هه‌روه‌ها رێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لەئێران، لەبەیاننامەیەکدا داوای لەحکوومەتی ئیسلامیی ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە پێویستە لەمەوبەدوا بایەخ بە مافی مرۆڤ بدرێت.

ئەحمەد شەهید لەبەیاننامەیەکدا باسی لە کەڵک وەرگرتن لە دۆخی رێککەوتنە ناوکییەکە کردووە و رادەگەیەنێ: ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە هەوڵەکان لەپێناو باشترکردنی دۆخی مافی مرۆڤ چڕتر بکرێنەوە.

ئەو رێپۆرتێڕەی مافی مرۆڤ دەڵێت: دەبێ حەسەن روحانی پابەند بێت بەو بەڵێنیانەی کە لەکاتی هەڵبژاردنە سەرکۆماریەکەی بە خەڵکی دا و بە تایبەتی ئەو بەڵێنیانەی کە تایبەتن بە مافی مرۆڤ.

لەدرێژەی بەیاننامەکەی ئەحمە شەهیدا هاتووە، گەشە سەندن و پەرەپێدانی ئاشتی و مافی مرۆڤ پێکەوە گرێ دراوی یەکترن.

ئەو کارناسە مافی مرۆڤیە داوا لە ئێران دەکات لەهیچ هەوڵێک بۆ پێڕاگەیشتن و باشترکردنی دۆخی مافی مرۆڤ لە وڵاتەکەی دریغی نەکات.

شەهید لەدرێژەدا باسی لەوە کردووە، پێویستە ئێران نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی جیهانی کە بریتییە لە: زۆربوونی رێژەی ئێعدامەکان لە یەک ساڵی رابردوودا، بەربەست دروستکردن بۆ ئازادییەکان، رێگریی کردن لە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییەکان، رێز دانەنانی بۆ مافی کەمینەکان بڕەوێنێتەوە.

ئەو رێپۆرتێرە تایبەتیەی مافی مرۆڤە، داوای لە دەسەڵاتدارنی ئێران کردووە کە رێگەی پێبدەن سەردانی ئێران بکات و سیاسەتی ” پێک هەڵکردن” بگرنە بەر.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.