له‌ ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامیدا بازاری منداڵ فرۆشی گەرمه‌

0
673

فرۆشتنی کۆرپە و منداڵان له‌ ئێران، چەند ساڵێکە رووی لە زیادبوونە و تەنانەت لە تارانی پایته‌خت چەندین شوێنی تایبەت بە فرۆشتنی منداڵان وەک (باخچەی سومەیە و پشتی زانکۆ) هەیە.

 

رەنگە باوەڕکردنی دژوار بێ کە چۆن باوک و دایکێک ئامادەن جگەرگۆشەیان بفرۆشن، بەڵام لە زۆر لە شارەکانی ئێران بەئاسانی ئەتوانی گوێبیستی ئەو باوک و دایکە بی کە ئامادەن بۆ پارەیەکی کەم منداڵەکەیان یان کۆرپەی ناو زگیان بفرۆشن.

 

زیاترین ئەو کەسانەی منداڵەکانیان دەفرۆشن ئالوودەن بە مادەی هۆشبەر.

 

سەردار حوسێن ساجدی نیا، فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکانی تاران لەبارەی کڕین و فرۆشتنی منداڵان دەڵێت: “هێشتا ئامارێکی ورد لەبارەی رێژەی فرۆشتنەکان لە بەردەستدا نییە، بەڵام زیاتر دایکە ئالوودەبووەکان بە مادەی هۆشبەر منداڵەکانیان دەفرۆشن”. ئەم بەرپرسە ئەمنییەی ئێران ئاشکرای دەکات لە 4 ساڵی رابردوودا رێژەی ژنانی ئالوودەبووی منداڵ فرۆش زۆر زیادی کردووە.

 

فاتمە دانشوەر، بەڕێوەبەری بەشی کۆمەڵایەتیی شوورای ئیسلامیی شاری تاران لەبارەی کڕین و فرۆشتنی منداڵانی تارانی دەڵێت: مەخابن ژمارەیەک لەو ژنانەی باری ئابوورییان باش نییە لە نەخۆشخانەکانی باشوور و ناوەندی تاران منداڵەکانیان دەهێننە دنیا و ئامادەن بە 100 بۆ 200 هەزار تمەن (30 بۆ 60) دۆلار منداڵەکانیان بفرۆشن.

 

حەبیبوڵا مەسعودی فەرید، یاریدەدەری کاروباری کۆمەڵایەتیی ئێران لەوبارەیەوە رای گەیاند: باری ئابووری و ئالوودەبوونی باوک و دایک هۆکاری سەرەکیی فرۆشتنی منداڵن لە شارەکانی ئێران.

 

ماڵپەری (جامی جەم)یش لەوبارەیەوە لە زاری یەکێک لەو دایکانەی منداڵەکەی فرۆشتووە دەنووسێ: کاتێک منداڵەکەت لە بەردەمدا بۆ پاروویەک نان دەگری و تۆ لە گیرفانتدا پارەی کڕینی نانێکت نییە، کاتێک بە مەنجەڵێک لە پاشەرۆکی ناو زبڵدانی ماڵە دەوڵەمەندێک دەگەڕێیتەوە ماڵ، ئامادەی کۆرپەی ناو زگت بەو دەوڵەمەندە بفرۆشی تا بەشکەم منداڵەکەت وەک تۆ هەژار و بەدبەخت نەبێ و تۆش بتوانی پارەی نەخۆشیی مێردەکەت پەیدا بکەی.

 

ئیستا کڕین و فرۆشتنی منداڵ تەنیا تاران و شارە گەورەکانی ئێران ناگرێتەوە بەڵکوو لە هەندێ شاری رۆژهەڵاتیش وەک کرماشان و سنە و لوڕستان کە ژمارەیەک ژنی ئالوودە بە مادەی هۆشبەر و هەژاری تێدایە کڕین و فرۆشتنی منداڵ لە رێی دەڵاڵەکانەوە کە دەتوانن بە نرخی هەرزان لە شارە بچوکەکان ئەو منداڵانە بکڕن و لە تاران بە نرخی زیاتر ساخی بکەنەوە، رووی لە زیادبوون کردووە.

 

بە گوێرەی زانیارییە نافەرمی و نیمچە فەرمییەکان نرخەکانیش لە 100 دۆلارەوە بۆ نزیکەی 10 هه‌زار دۆلار دەگۆڕدرێ. ماوەیەکیشە لەناو ماڵپەر و سایتەکان بە بیانووی وەک نەزۆکی و بەخێوکردنی منداڵان کەسانێک داوای کڕینی کۆرپە یان منداڵ دەکەن و کەسانێکیش نرخی فرۆشتنی منداڵ و تایبەتمەندییەکانی ئەو منداڵانەی دەیفرۆشن بڵاو دەکەنەوە.

سه‌رچاوه‌ : ماڵپه‌ڕی پارتی ئازادیی كوردستان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت