لقی دووهەمی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیی پ.ک.ک، دووهەمین کۆنگرەی خۆی بەڕێوەبرد

0
1807

لقی دووهەمی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی پ.ک.ک، دووهەمین کۆنگرەی خۆی بەڕێوەبرد و لە ئەنجامدا ڕێزان جاوید لە هاوسەرۆکیی ئەو پارتە لابدراداو “فواد بێریتان” و “زیلان تانیا” وەک هاوسەرۆکی ئەو لقەی پ.ک.ک لە کوردستانی ڕٶژهەڵات هەڵبژێردران وئازادیی ئۆجەلان وەک سەرەکیترین ئەرک و ڕێبازی ئەو لقەی پارتی کرێکارانی کوردستان، ناسێندران.

ڕۆژی کورد: بەپێی ڕاگەیاندنی ماڵپەڕی فەرمیی لقی یەکەمی کوردستانی ڕٶژهەڵاتی پ.ک.ک (پژاک)، لقی دووهەمی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی پ.ک.ک (کۆدار)، دووهەمین کۆنگرەی خۆی بەست.

لە ئەنجامی ئەو کۆنگرەیەدا خودموختاری (خۆبەڕێوەبەریی دێموکراتیک) وەک مۆدێلی داهاتوو بۆ کوردستانی ڕٶژهەڵات پەسەند کرا و جارێکی تر نکوڵی لە دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ کورد کرا و مۆدێلی کونفێدڕاڵیزمی دیموکراتیک لەجیاتی دەوڵەت-نەتەوە وەکوو ئامانجی ستراتێژێکی لقی دووهەمی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی پ.ک.ک، هەڵبژێردرا.

لەو کۆنگرەیەدا هەروەها پێداگری لەسەر گۆڕانکاری لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا کرا و خەباتی چەکداری ڕەت کرایەوە و پێداگری لەسەر خەباتی مەدەنی لە چوارچێوەی ئێراندا کرا و پێداگری کراوە :” ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە سەرووی هەموویانەوە مافی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک بە ڕەوا بناسێت، سیستەمی کۆنفێدڕاڵیزمی دیموکراتیک توانایی داوستەدی لەگەڵیدا هەیە؛ هەروەها لە ئەگەری ڕێکنەکەوتندا، کۆدار بە شێوازی یەک لایەنە بەرنامەی خۆی وەکوو بەرنامەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دادەڕژێنێت.”

“فواد بێریتان” و “زیلان تانیا

دەقی ئەنجامنامەی کۆتایی دووەمین کۆنگرەی کۆدار بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

 کۆدار وەکوو سیستەمی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی پێشخستنی تێکۆشانی ئازادیخوازانەی خۆی مۆدێلی کونفێدڕاڵیزمی دیموکراتیک لەجیاتی دەوڵەت-نەتەوە وەکوو ئامانجی ستراتێژێکی خۆی دەزانێت. بەرچاوگرتنی مافە ڕەواکانی کۆمەڵگا و دیاری کردنی چارەنووس لە چوارچێوەی مۆدێلی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک، ڕێخستنی مەجلیسی گەڕەکەکان و ناوچە، دانانی کۆمۆن، دانانی سەندیکا، دانانی حیزب و هەروەها بەشداری کۆمەڵایەتی لە ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا وەکوو مافی سەرەکی گەلان و تاکە ڕێگەی چارەسەی و گەیشتن بە دیموکراسی لە ئیڕاندا دەزانێت. هەر لەسەر ئەو ئەساسە هەموو شۆناس و کەمینە کۆمەڵایەتی، ئێتنیکی، ئاینی و مەزهەبییەکان مافی یەکسان و ڕەوایان بۆ بەشداری لە مۆدێلی کونفێدڕاڵیزمی دیموکراتیک وەکوو گەشەدانی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە و لەبەرچاوی دەگرێت.

  1. کۆدار لە نێوان شەپۆلە سیاسیەکانی ناوچە و ناوخۆدا ستراتێژی بەرەی سێهەم لەسەر ئەساسی گەشەدان بە تێکۆشانی دیموکراتیک دەگرێتە بەر. سەرەڕای سنوورداربوونی پێوەندی لەگەڵ دەوڵەتە نادیموکراتەکان سیاسەتی سەربەخۆی خۆی دەگرێتە بەر و ناکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی هیچ هێزێکی ناوچەوە.
  2. کۆدار تێکۆشانی خۆی لەسەر بنەمای ئازادی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵلا ئۆجالان –داهێنەری سیستەمی کۆنفێدڕاڵیزمی دیموکراتیک- دادەنێت و لەسەر ئەو بنەمایە هەوڵ دەدات لە هەموو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان کەڵک وەربگرێت.
  3. کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت لە پێناو دیموکراتیزەکردنی ئێراندا مافی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕەوا بناسێت کە لەو پێناوەدا پێویستی بە گۆڕینی یاسای بنەڕەتی ئێران (قانون اساسی) هەیە. ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە سەرووی هەموویانەوە مافی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک بە ڕەوا بناسێت، سیستەمی کۆنفێدڕاڵیزمی دیموکراتیک توانایی داوستەدی لەگەڵیدا هەیە؛ هەروەها لە ئەگەری ڕێکنەکەوتندا، کۆدار بە شێوازی یەک لایەنە بەرنامەی خۆی وەکوو بەرنامەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دادەڕژێنێت.
  4. لە مۆدێلی کۆنفێدڕاڵیزمی دیموکراتیکدا کە کۆدار پێشەنگی سەرکەوتنی دەکات هەموو شۆناسە سیاسی، کۆمەڵایەتی، مەزهەب، ئاین و باوەڕییەکان لە چوارچێوەی هاوولاتی ئازاد و دیموکراتیکدا بەبێ هەبوون و هەست بە هەر چەشنە جیایی جێ دەگرن.
  5. ژنان و جوانان هێزی مەزن و دینامیسمی گرینگ و پێشەنگی کۆدار بۆ ڕیخستنی سیستەمی کۆنفێدڕالیزمی دیموکراتیکن. پارادایمی دیموکراتیک و ئازادی ژن بە بنەمای خۆی دەزانێت و لە هێزی ژنان لە هەموو بوارە سیاسی، کۆمەڵایەتی، چاندی و ئابوورییەکاندا کەڵک وەردەگرێت و مافی بەشداری لە بڕیارییەکانیان پی دەدات.
  6. مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بە کەڵک وەرگرتن لە زێدەیی سەرمایە، سەنعەت گەرایی و شێواندنی سروشت و قوڵکردنەوەی مۆدێلی دەولەت-نەتەوە بە گەرەنتی مانەوەی خۆی دەزانێت. لەو چوارچێوەیەدا تێکدان و خراپکاریەکی زۆر لەسەر سرووشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە بیانووی گەشەی ئابووری ڕووی داوە. بۆیە کۆدار بە هەستیاریەکی تایبەت و تێڕوانینێکی نوێی لەسەر پاراستنی ئێکۆلۆژی و سروشت لە هەمبەر بیری داگیرکەرانەی کۆماری ئیسلامی ئێران و دزینی سامانە ژێرخاکییەکانی کوردستان دژایەتی دەکات و بۆ پاراستنی شۆناسی کۆمەلایەتی و مێژوویی گەلی کورد لە هەمبەریدا ڕادەوەستێت.
  7. کۆدار و نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان لە هەمبەر هەرجۆرە هێرش و گوشاری هێزە سەرکوت کەرە ناوخۆیی و دەرکیەکان، مافی پاراستنی ڕەوای خۆی بەکاردێنێت. هێزی پاراستنی ڕەوا بەپێچەوانەی هێرش بەڵکوو بۆ پاراستنی فرەیی و کۆمەڵگای دیموکراتە.
  8. پێک هێنانی بەرەی دیموکراتی گەلانی ئێران و یەکگرتوویی هێزە کۆمەڵایەتییە ئازادیخوازەکان وەکو پێویستی و ئەرکێکی گرینگ بۆ دیموکراتیزەکردنی ئێران دێتە ئەژمار. هەربەو بۆنەوە لە کۆنگرەی دووهەمی کۆداردا پەرەپێدانی پیوەندییەکانی نێوان کوردان لەگەڵ ئازەریەکان، عەرەبەکان، بەلوچەکان، تورکمان و گەلانی تر وەکوو بەرنامە بڕیاری لەسەر درا؛ کە کۆدار هەموو هێزی خۆی بۆ پەرەپێدان و یەکگرتوویی تێکۆشانی سیاسی و کۆمەلایەتی لە نێوان هێزە دیموکراتیکەکاندا و لە هەمبەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا پێش بخات.
  9. لەهەمان کاتدا کۆدار ئامادەی وتو وێژ و دانوستاندنە لەگەڵ پارتە ئازادیخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دەکرێ هێزی مەدەنی و سیاسی کۆمەڵگای کوردستان و ئاستی ڕێکخراوەیی بوونی بەرفراوان بکرێت؛ لەو ڕاستایەدا پێویستە میکانیزمی کارو چالاکی هاوبەش پێش بخرێت. لەسەر ئەو بنەمایە کۆدار وەکو سیستمی کۆمەڵایەتی و سیاسی دیموکراتیک، خۆی ئەرکدار و پابەندی بەجێ گەیاندنی بەرپرسیارێتی خۆی لەم زەمینەیەدا دەبینێت.

دوای نرخاندنی کار و بەرنامەی دوو ساڵی ڕابردووی کۆدار، پەیڕەو و پڕۆگرامی کۆدار سەڕاست و پەسەند کرا. لەهەمان کاتدا “فواد بێریتان” و “زیلان تانیا” وەک هاوسەرۆکی کۆدار لە هەڵبژاردنی گشتی کۆنگرەدا هەڵبژێردران.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت