لاوێکی کورد لە کرماشان لەپێش چاوی خەڵک لەسێدارە درا

0
1054

رۆژی کورد: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری هەرسین لە پارێزگای کرماشان، لە کاتێکدا لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئیرانەوە لەسێدارە دراوە کە تەنانەت بە گوتەی خودی لێپرسراوانی دەزگای دادوەری، ئەو لاوە کوردە تووشی “دزی” یان “کوشتن” نەبووە و لەسەری نەسەلمێندراوە.

ماڵپەڕی “مرصاد” بڵاوی کردەوە، سەرلە بەیانیی ڕۆژی شەممە ١٩ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، تۆمەتبارێک بە “دزیی چەکدارانەی زێڕینگەری” لە باژێڕی هەرسین، بە بڕیاری دەزگای دادوەری لە گۆڕەپانی ئازادیی کرماشان لەسێدار درا.

لەسێدارەدرانی ئەو هاووڵاتی کوردە لە حاڵێکدایە  کە بە پێی ڕاپۆرتی “مرصادنیوز” نە تەنیا کەسێکی نەکوشتووە بەڵکوو نەیتوانیوە زێڕی ناو زێڕینگەرییەکەش لەگەڵ خۆیدا ببات.

ئەو ماڵپەڕەی سەربە سوپای پاسداران نووسیویەتی: “ئەو تۆمەتبارە ٢٦ی خەرمانانی سالی ٩٣ی هەتاوی لەگەڵ دوو کەسی دیکە هەوڵی بڕینی زێڕینگەرییەکی شاری هەرسینیان دا و تەقەیان لە دووکانەکانی دەوروبەری کرد و بەو هۆیەوە دوو کەس بریندار بوون، بەڵام نەیوانتوانی زێڕی ناو زێڕینگەرییەکە لەگەڵ خۆیاندا ببەن”.

ئەو گەنجە کوردە دواتر بە هۆکاری ناڕوون و بێ بەڵگە، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بە “محارب” ناسرا و بەو هۆیەوە سزای لەسێدارە درانی بۆ بڕایەوە و سەرئەنجام پاش دوو ساڵ زیندانی، رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕی ٩٥ی هەتاوی لەسێدار درا.

چالاکانی سیاسیی کورد لەو باوەڕەدان کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی پێکهێنانی ترس و دڵەڕاوکێ لە ناو کۆمەلگەدا هاووڵاتییان، لەبەر چاوی خەڵک لەسێدارە دەدات و ئەو کردەوەیەی ڕژیم بە ئامانجی سیاسی و بۆ سەرکوتی خەڵک لەقەڵەم ئەدەن.

لەلایەکی دیکەوە چالاکان وکارناسانی کۆمەڵایەتی، لەسێدارە دان لەبەر چاوی خەڵک بە ئاسایی کردنەوەی تاوان و توندوتیژی لەقەڵەم ئەدەن و لەو باوەڕەدان لەسێدارە دان لەبەر چاوی خەڵک کاریگەریی قووڵی نەرێنی لەسەر باری دەروونیی هاووڵاتیانیش دادەنێ.

هاوکات لە ماوەی دەسەڵاتداریی حەسەن ڕوحانیدا، لەسێدارە درانی هاووڵاتیان بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتی پێشوو، چەند قات زیادی کردووەو ئەمەش نیگەرانی وناڕەزایەتیی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و ئەحمەد شەهیدیشی لێکەوتۆتەوە.

ڕژیمی ئێران ساڵی ڕابردوو نزیک بە ١٠٠٠ هاووڵاتیی لەسێدارە دا، کە بەپێی ڕاپۆرتەکان ئەو ژمارەیە لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا لە وڵاتی ئیران پێشینەی نەبووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.