كۆچی دوایی كه‌سایه‌تییه‌كی ناسراوی ناوچه‌ی مۆكریان له‌ شاری بۆكان

0
800

ڕۆژی كورد :
ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی ۲۵ی ڕه‌شه‌مه‌ به‌رانبه‌ر به‌ ۱۵ی ئاداری ساڵی ۲۰۲۰ی زایینی كه‌سایه‌تیی ناسراوی ناوچه‌ی مۆكریان ڕێزدار كاك حۆسه‌ین كوردپوور برای هاوڕێیانی ڕۆژنامه‌نووس خۆسره‌و كوردپوور و مه‌سعوود كوردپوور دامه‌زرێنه‌رانی “ناوه‌ندی هه‌واڵنێری مۆكریان” به‌ هۆی نه‌خۆشی دڵی له‌ لێدان كه‌وت و كۆچی دوایی كرد و كۆڕی هاوڕی و خۆشه‌ویستانی بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ به‌ جێهێشت و ماڵئاوایی له‌ ژیان كرد.

حوسەینی کوردپوور گەورەی ماڵباتی کوردپوور و برای مەسعوود و خوسرەی کوردپوور، دامەزرێنەرانی یەکەمین ناوەند و راگەیێنەری مافی مرۆڤ لە کورستانی ئێران لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا و لە شاری بۆکان بە هۆی نەخۆشییەوە دڵی لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
حوسەینی کوردپوور، کوڕی محەمەدرەسووڵی کوردپوور، یەکەم سەرۆکی شارەوانی مەهاباد لە سەردەمی کۆماری کوردستانە و لەدایکبووی ساڵی ١٣١٨ی هەتاوییە لە شاری مهاباد.
مەحمەدرەسووڵی کوردپوور، باوکی کاک حوسەین، لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا تێکۆشەرێکی ناسراو و نیشتمانپەروەر بووە کە پاش هاتنەوەی ئەڕتەشی شا و گرتنەوەی مەهاباد بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ کۆماری کوردستان لەگەڵ پێشوای نەمر قازی محەمەد و هەڤاڵانی لە زیندانی مهاباد دەسبەسەر بوونە و دواتر بۆ بەندیخانەی تەورێز گوازراوەتەوە و پاش ماوەیەک زیندانی، بۆ شارەکانی بیجار، سەقز و بۆکان تەبعید کراوە.
کاک حوسەین کوردپوور کە هەر لە منداڵییەوە نیشتەجێی شاری مەهاباد بووە لە وەها بنەماڵەیەکدا و لە نسێی وەها باوکێکدا چاوی بە دنیا هەڵێناوە و چرۆی کوردایەتی لە پێدەشتی دڵیدا پشکوتووە و بۆتە رێبواری رێگەی عیشق و ئازادی و وەک میراتەبەرێکی راستگۆ و بەوەفا ژیانیی باوکی بە وانە بۆ برا و خوشکە بچووکەکانی خۆی گوتۆتەوە و درێژەدەری هەمان رێبازی باوکی و پێشەوای نەمر بووە.
پاش تەبعیدکرانی محەمەدڕەسووڵی کوردپوور، ئەو وەک برایەکی گەورە باوەشی بۆ بەخێوکردنی بنەماڵە ئاوەڵا کردووە و هەر لە تەمەنی گەنجێتیدا شانی وەبەر باری قورسی ژیان داوە و هەتا گەڕانەوەی باوکی قەڵای بنەماڵەی کوردپەروەری کوردپووری پاراستووە.
دوای گەڕانەوەی باوکی بۆ بۆکان، مەهابادی بەجێهێشتووە و هەتاکوو کۆتایی تەمەنی نیشتەجێی شاری بۆکان بووە.
لە هەمووان ئاشکرایە کاک حوسەین کوردپوور هەتاکوو دوایین رۆژی ژیانی دڵی بۆ نیشتمان لێدەدا و ئاواتی ئازادی کوردستان بوو.
کاک حوسەین کوردپوور سەرەنجام رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٤ی رەشەمە بە هۆی نەخۆشییەوە دڵی لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
یادی بە خێر و رۆحی شاد بێت!
له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی “ناوه‌ندی ڕۆژی كورد” و هه‌واڵنێرانی ئه‌و ناوه‌نده‌ سه‌ره‌خۆشی و په‌ژاره‌ی خۆمان پێشكه‌ش به‌ بنه‌ماڵه‌ی كوردپوور ده‌كه‌ین و خۆمان به‌ به‌شداری خه‌میان ده‌زانین و هیوای سه‌بووری و ئارامی بۆ بنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێزیان ده‌خوازین.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ناوه‌ندی ڕۆژی كورد – پاریس ١٦ی ئاداری ۲۰۲۰ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.