كۆنگرەی ڕاسانی دیموكرات و پێنج چاوەڕوانی

0
2249
هاوار بازیان

نووسینی: هاوار بازیان

 حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە كاتێكدا ئامادەكاری بۆ سازدانی كۆنگرەی 16ـی خۆی دەكات كە دەستی بۆ خەباتی چەكداری دژی دەسەڵاتی ئێران بردووتەوە. ئەو گۆڕانكارییە گەورەیە ئەگەریش شتێكی نوێ نییە بۆ دیموكرات بەتایبەت كە هەمیشە بڕوای بە سەرجەم جۆرەكانی خەبات هەبووە و هەیە، بەڵام ئەو پرسە لە ئێستەدا بۆ دیموكرات و كوردی رۆژهەڵات بەگشتی گرینگە. سازدانی كۆنگرەی حدكا لەو سەروبەندەدا گەورەترە لە پرسی تەنیا حیزبێكە هەربۆیە كۆمەڵێك چاوەڕوانی و بەرپرسیارێتی لێدەكەوێتەوە كە بەكورتی ئاماژەیان پێدەكرێ.

راگەیاندن

هەنگاوە تازەكەی دیموكرات بە هەڵگیرساندنی دووبارەی خەباتی چەكداری دژی دەسەڵاتی ئێران، قورسترە لەو میدیا و راگەیاندنەی ئێستا حیزبەكە پشتی پێ بەستووە. بە واتایەكی روونتر دەتوانین بڵێین دیموكرات سوودی لە هێزی راستەقینە و تواناكانی راگەیاندن وەرنەگرتووە و ئاستی میدیایی حیزبەكە لە ئاست قەبارەی ئامانج و بەرنامە سیاسییەكانیدا نییە. ئەگەرچی بەشێكی زۆر لە ئەركەكانی میدیایی حیزبە كوردییەكانی ئێران لەسەر دەست و بەهۆی میدیاكانی تری باشووری كوردستانەوە بەڕێوە دەچی و باس دەكرێن، هاوكات لە ناوەخۆش چاوی زۆربەی خەڵك لەسەر كەناڵەكانی تری كوردییە تا رووماڵی پرسەكانی رۆژهەڵات بكەن، بەڵام چاوەڕوان دەكرێ و پێویستە كۆنگرەی 16ـی دیموكرات بەگرینگی ئاوڕ لەو پرسە بداتەوە و ستافی تازە و پلانی نوێ دابنێ تا سوود لە سەرجەم دەرفەتەكانی میدیایی و تۆڕەكانی ئینتەرنێتی و كۆمەڵایەتی و كەناڵەكانی جۆراوجۆری پێوەندی وەربگرێ تا پەیامەكەی هەرچی خێراتر، راستتر و راشكاوتر بگات. بوونی میدیایەكی چالاك (نەك تەنیا حیزبی) بۆ ئۆپۆزسیۆنی كوردی ئێرانی كە تا ئێستە نییە، هەمیشە نیگەرانییەكی گەورەی كاربەدەستانی ئێرانی بووە، جمهوری ئیسلامی و ئێرانییەكان بەگشتی زۆر زیاتر لە حیزبێكی نەیار دژایەتی و حسێب بۆ كەناڵێكی راگەیاندن دەكەن.

بەرامبەر پارتی كرێكاران

تازەترین رووداوەكانی باشووری كوردستان پێوەست بە پارتی كرێكاران بەتایبەت لە شنگال پێویستە ئەو پەیامەی بە كوردانی رۆژهەڵات گەیاندبی كە پارتی كرێكاران لەسەر سیاسەتی خۆی بۆ “دۆزینەوەی بۆشایییەكانی پارچەكانی تر و سەپاندنی خۆی” بەردەوامە. سیاسەتێك كە ساڵانی رابردوو پ.ك.ك لەسەر دەستی پژاك (كۆداری ئێستا) تا رادەیەكی زۆر لە رۆژهەڵات سەركەوتوو بوو (دیموكرات لەوبارەیەوە ئەزموونی تاڵی لەگەڵ پارتی كرێكاراندا هەیە). لەگەڵ گەڕانەوەی دیموكرات بۆ مەیدانی خەباتی چەكداری و هەوڵدان بۆ گرتنەوەی شوێنی راستەقینە و رەسەنی خۆی لە هاوكێشەكانی ئێران-كوردستاندا، دەرفەتی قۆستنەوەی دەرفەت بۆ پارتی كرێكاران و هێزە سێبەرەكانی لە رۆژهەڵات تا رادەیەك سنووردار كردووە. ئەگەر لەلایەكەوە مافی هەموو هێزێكی كوردستانییە خاوەنداری لە كوردی هەموو پارچە و شوێنێك بكا، هاوكات پێویستە رێگری بكرێ لەوەی پارتێك یان هێزی پارچەیەك بەبێ گوێدانی پرنسیپی سیاسی و جوگرافی خۆی بسەپێنێ. چاوەڕوان دەكرێ كۆنگرەی دیموكرات بە وردی و راشكاوی ئەو پەیامە بە لایەنەكانی پارچەكانی تر بەتایبەت پارتی كرێكاران بدا و سنوورێك دابنێ.

لەگەڵ خەڵك

هەرچەندە دیموكرات و بەشێكی زۆری هێزەكانی تری كوردی ئێران پەیوەندییان لەگەڵ خەڵكی ناوەخۆدا هەیە و هەبووە، بەڵام راستییەكی تاڵە كە دابڕانی 20 ساڵە لە خەڵك و پەرتەوازەبوون لە باشوور وایكردووە حیزبەكان و خەڵكی كوردستانی ئێران بەشێوەی راستەوخۆ كەمتر یەكتریان بیستووە و بینیوە. پێویستە لەو كۆنگرەیەدا بەرنامەی ورد دابنرێ تا دیموكرات پەیامە تازەكەی خۆی بۆ شۆڕشی نوێ لەگەڵ خەڵكی ناوەخۆی وڵات بەتایبەت كەسایەتییە دیارەكانی بواری ئەدەبی، سیاسی، مەدەنی، ئایینی، كۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و … راستەوخۆ باس بكات و متمانەیەكی باشیان پێ بداتەوە. بۆ ئەو كارە چاوەڕوان دەكرێ دیموكرات سوود لە سەرجەم تواناكانی ئێستەی وەربگری، بۆ نموونە دەستنیشانكردنی كەسانی تایبەت لەناوەخۆی وڵات كە لە چوارچێوەی تۆڕی رێكخستنەكانی حیزبیدا باوەڕپێكراون. كاراكردنەوەی ئەو بەشە لە چالاكییەكانی دیموكرات سوودێكی باشی دەبی لەوەی متمانەی شار بە شاخ زیاتر بی، پرسێك كە رەمزی سەركەوتنی هەر شۆڕشێكی چەكدارییە.

لە ئاست هێزەكانی تری رۆژهەڵاتیدا

پێویستە لەو كۆنگرەیەدا، دیموكرات زیاتر لە جاران پێداگری بكا لەسەر پێكهێنانی بەرەی هاوبەشی هێزە كوردییەكانی نەیاری ئێران. لەماوەی چەند مانگی رابردوودا جووڵەیەكی باش بۆ نێزیكبوونەوەی هێزە كوردییەكانی نەیاری ئێران لە هەرێمی كوردستان هەبوو بەتایبەت لەبارەی ئەمنی (پاش تەقینەوەكەی شەوی یەلدای بەردەم بارەگای حیزبی دیموكراتی كوردستان لە كۆیە) و دەنگۆی پرۆژەیاسای پەرلەمانی عێراق بۆ دەركردنی ئۆپۆزسیۆنی كوردی ئێران. كۆنگرەی ئەمجارەی دیموكرات كە بەهەناسەی دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری ساز دەكرێ، پێویستە وەك فاكتەرێكی گرینگ و بەهێز سەیری هاوئاهەنگی و هاوكاریی لایەنەكانی تری كوردی ئێران بكات. چاوەڕوان دەكرێ كۆنگرەی راسان جەخت بكاتەوە و پێشنیازی راشكاو بكات كە دیموكرات بەكرداری هەوڵی پێكهێنان و نێزیكبوونەوەی لایەنەكان بۆ بەرەی هاوبەش بدات.

پرسی ناوەخۆی هەردوو دیموكرات

لای هیچ كەس شاراوە نییە درانگ یان زوو هەردوو لایەنی دیموكرات یەكتری دەگرنەوە (هەروەك چۆن پێشووتریش ئەو حیزبە دوو جار بەڕەسمی لەت بووە و یەكیان گرتووەتەوە)، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە چۆن و بەكام میكانیزم ئەو یەكبوونەوەی دیموكراتان سەردەگرێ. حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كە لە ئێستەدا خۆی بە پارێزەری پرسی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەزانێ (لە پاڵ هێزەكانی تری سیاسی)، پێویستە ئەركی گەورەتریش لە ئەستۆ بگرێ بەوەی یەكخستنەوەی دیموكراتەكان بەگرینگ سەیر بكا و كاری بۆ بكات. بوونی دوو دیموكرات بۆ هیچ كام لە دیموكراتەكان باش نییە و لە راستیدا ئەركی ئەو دوو حیزبە بۆ چوونەوە ناو مەیدانی سیاسی و چەكداری لە رۆژهەڵات ئەستەم كردووە. پێویستە كۆنگرەی 16ـی حدكا، وەك بەشێك لە بەرنامەی سەرخستنی ئامانجەكانی راسان (دەستەواژەیەك بۆ بزووتنەوەی نوێی چەكداریی دیموكرات دژی دەسەڵاتی ئێران) سەیری پرسی یەكگرتنەوەی هەردوو دیموكرات بكا و لەو راستییە بگات كە: یەك دیموكرات سەركەوتووتر دەبی!

لەو پێناوەدا حدكا تەنانەت ئەگەر لە ماف و خواستەكانی خۆی كەم بكاتەوە، نەك هەر بچووكبوونەوەی خۆی و پێگەكەی نابی، بگرە نیشانەیەكە بۆ ئەوەی بەرنامەیەكی گەورەی خەباتی بەدەستە كە لە ئاستی ناوەخۆی حیزبیدا ئامادەیە سازش لەسەر گەورەیی خۆی و ناوەكەی بكا. كۆنگرەی ئەمجارەی دیموكرات پێویستە گەورەتر لە حیزبێك بیر بكاتەوە تا دەستكەوتی گەورەتر لە حیزبیان لەسەر تۆمار بكرێ.

بەكورتی

دیموكرات و سەرجەم هێزەكانی تری كوردی ئۆپۆزسیۆنی ئێران خۆیان لەبەردەم نوێبوونەوە و هەڵسانەوەیەكدا دەبینین، ئەوەی دیموكرات لەوانی دیكە جیا دەكاتەوە مێژوو دوور و درێژەكەیەتی. كۆنگرەی 16ـی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دەرفەتێكی باشە كە ئەو حیزبە قەرەبووی 20 ساڵ بێدەنگبوونی خۆی بكاتەوە و هاوكات بە پلان و بەرنامەی تازەوە خۆی بگونجێنێ لەگەڵ رووداوەكانی ئەمڕۆی كوردستان و وڵاتان بەتایبەت ئێران. دڵنیام ئەم كۆنگرەیە باسی زۆر پرسی هەستیارتری وەك پەیوەندی و وەرگرتنی هاوكاری لە وڵات و نەیارانی ئێران، گۆڕانكاری لە بەرنامە و پێڕەو بۆ چۆنییەتی هەڵبژاردنەوەی رێبەرایەتی و بواری دارایی و سەربازی و زۆر پرسی هەستیار دەكا كە ئێران بەوردی چاودێریی ئەو كۆنگرەیە و سەرجەم وردەكارییەكانی دەكا، هەر بۆیە چاوەڕوان دەكرێ و پێویستە كۆنگرە بەوپەڕی بەرپرسیارێتی و لەبەرچاوگرتنی هەموو هێزەكانی تر بەرەو ئامانجە گەورەكە هەنگاو بنێ و بڕیارەكانی بدا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت