قەیران لەسەر قەیران

0
1311
ئاگری ئیسماعیل نەژاد
ئاگری ئیسماعیل نەژاد

بە پێی ڕاگەیاندنەکانی ئێران بەرنامەی شەشەمی گەشەی ئێران کە لەم رۆژانەدا لە مەجلیسەوە و خەریکی تاوتوێکردنین بناغەکەی لەسەر سەرمایەی دەرەکی داندراوە و بە پێی ئەو بەرنامەیە کە بۆ پێنج ساڵی داهاتووی ئێران نوسراوە، ئابووری ئێران پێویستی بە ٣٢٥ ملیار دۆلار سەرمایەی دەرەکی هەیە، ئەو پێویستییە لە کاتێدایە کە ئێران لە چەند ساڵی دواییدا ساڵانە تەنیا چوار ملیار دۆلاری سەرمایەی دەرەکی توانییەوە بۆ لای ئابووری خۆی ڕاکێشێت، هاوکات لەگەڵ ئەوە ئابووری ئێران لە لایان ئەمەریکاوە گەمارۆی لەسەرەو و ئەو گەمارۆیەش دەتوانێ گەورەترین بەربەست بۆ وەدیهێنانی ئەو خەونە بێت.

 هەڵبەت هەبوونی دەیان کۆمپانی ئەمنی _ئایینی کە لە ئابووری ئێراندا وەک مەختەیان لێهاتووە وای کردووە کە ئابووری ئێران بە تەواوی ئابوورییەکی رانتی_ئەمنیەتی_ئایینی بێت، بەو ماناییەی کە لایەنی ئەمنی و ئایینی بتوانن، هەم لە رووی قانونییەوە، و هەم لە رووی رانتییەوە ئاراستەی ئابووری ئێران بە پێی دڵخوازی خۆیان دیاری بکەن،  و بۆیەش ئەوەش هەتا رادەیەکی زۆر سەرمایەی دەرەکی لە خۆی دوور دەکاتەوە، و هاوکات لە ئێران چوار قەیرانی گەورەی نێوخۆی  بۆ راکێشانی رێژەی ئاوا بەرزی سەرمایی دەرەکی  لە ئێستادا لەبەر دەمە قەیرانەکان بریتین لە:

 ١: گەشەی ئێران لە سەد ساڵی ڕابردوودا گەشەیەکی ئیدلۆژیکی ناوەندە تەوەر بووە، و ئەوە وای کردووە کە گەشەی لاسەنگ ساز بێت، و زۆر یەک لە دەرفەتە پرداهاتەکان کوێر بێتەوە؛ بۆ وێنە ئەگەر کۆمپانییەک بیەوێت لە ناوچەی هەورامان و لەسەر کەرتی گەشتیاری سەرمایە بخەوێنێ، ناتوانێ!! چون رێگاوبان و بنیاتی هاتووچۆی بۆ کوردستان هێندە لاوازە کە گەشتیاران لە هاتن پەشیمان بکاتەوە ، ئەو جۆرە نمونەیە زۆر زۆرە.

٢: لاسەنگی لە گەشەدا وای کردووە ئێران تووشی قەیرانی ئاو بێت، و ئەو قەیرانەش لەگەڵ خۆی دەیان قەیرانیتر دێنێت، و ئاستی مەترسی لەسەر سەرمایە زۆر دەکات، و ئەوەش بەو مانایەیە کە کۆمپانییە دەرەکییەکان زۆر بە تەمای ئابووری ئێران نەبن چون وەک دەلێن سەرمایە لە هەموو شت ترسەنۆکترە!

٣ : ڕوانگەی ئەمنی بەرپرسانی بریاردەری کۆماری ئیسلامی رێگە بە کۆمپانییەکانییە دەرەکییەکان ندا بە دڵی خۆیان کەرتی دڵخواز هەڵبژێرن و ئەوەش دەتوانێ بەمانای پەشیمانکردنەوەی کۆمپانییەکان بێت.

٤: بەرپرسانی کۆمپانییە ئەمنی_ئاینییەکان کە لە سەرەوە باسم لێکردن لە رووی دەسەڵاتی سیاسی و قانونییەوە کەسانی بریار بەدەستن و کە وایە ئەو کۆمپانییانە سەرەڕایی ئەوەی هەمیشە سەرگوڵی سەرمایە پڕ داهاتەکان بۆخۆیان پاشقول دەدن، شەریکایەتی کردن لەگەڵیشان مەترسییدارە، بەو مانایی کە لە رێی ناقانونی و تیژکردنی خەڵک لە رووی ئایینی و “مەلۆتکە پێدادان” لە رووی ئەمنییەوە، دەتوانی سەرمایە دەرەکی شەریکیان  بخەنە قۆلەوە.

بەڵام پاش ئەو باسە باسێکیتر دێتە گۆرێ ئەوەیش ئەوەیە کە سەرمایەگوزاری دەرەکی بەو رێژەیە دەتوانێ کۆماری ئیسلامی تووشی چ قەیرانێکیتر بکات؟!

 بە گشتی قەیرانەکان پاش راکێشانی ئەو رێژەیە لە سەرمایەی دەرەکی دەتوانێ ئەوانە بێت:

 ١: هەموو باش دەزانن کە باڵبالێنی رەژیم لەبەر دژایەتی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیانە، نەک لەسەر روانینی سیاسی و هاتنی سەرمایەی ئاوا قورس لە ماوەی  ٥ ساڵدا، دەتوانێ ململانێی نێو رەژیم بە قازانجی لایەک لاسەنگ بکات.

 ٢: رەژیم لە رووی فەرهەنگی و زانیاریی بناغەی دەسەڵاتداری خۆی لەسەر  باوەر بە کۆمەڵگای داخراو داناوە و هاتنی ئەو رێژەیە لە سەرمایە لە ماوەیەکی کورتی ٥ ساڵاندا بێگومان نۆرمەکانی کۆمەڵگای داخراو تێک دەدات، و ئەوەش بە قازانجی بنیاتی فکری رەژیم نییە.

 ٣: ئەگەر بێتوو سەرمایەگوزارییەکە لە چوارچێوەی روانینی گەشەی ناوەند تەوەر بێتە دەرێ، دەتوانێ بە مانای ئەوە بێت کە بیری شوناسخوازی نەتەوەکانی ئێران روو لە گەشەی زیاتر دەکات و ئەوەش بە مانای قوڵبوونەوەی یەکی لە قەیرانەکانی نێو ئێرانە.

بە کورتی قەیرانی ئابووری نێو ئێران رەژیمی ناچار کردووە، چاوی لە سەرمایەی دەرەکی بێت، و سەرمایەی دەرەکی ئەگەر قایلیش بێت؛ بێتە ئێرانەوە بێگومان قەیرانێکیتر لەگەڵ خۆی دێنێتە نێو ئیرانەوە، ئەو باسانە سەرەڕایی ئەوەیە کە سیاسەتی “هەناردەکردنی شۆرشی ئێسلامی” کە ئەمرۆ بۆتە کۆڵەکەی چالاکییەکانی رەژیم لە ناوچەکەدا،  بەربەستێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی سەرمایەی دەرەکی بێتە نێو ئێرانەوە، و خەونی ٣٢٥ ملیار دۆلاری بێنێتە دی و رەژیم ناچارە بۆ هاتنە دی ئەو خەونە دەست لە سیاسەتی “هەناردە کردنی شۆرشی ئیسلامی”ش هەڵگرێ جا بەکاتیش بێت.

 قەیرانی ئابووری رەژیم چارەسەرییەکەشی بەمانای سازبوونی قەیرانێکترە و بۆیە دەکرێت بلێن ٥ ساڵی داهاتوو ، دەتوانێ قەیراناویترین ساڵەکانی تەمەنی رەژیم بێت، تەنانەت قەیراناویتر لە سەردەمی شەری ئێران_عێراقیش بێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت