قاسم سولەیمانی بریندارە

0
821

 

ڕادیۆی نێودەوڵەتیی فەڕەنسا بڵاویکردەوە کە قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزی قودس سەر بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی  ئێران، لە شەڕ و پێکدادانەکانی سوریا بریندار بووە. سەرچاوەیەکی ئەمنی حکومەتی سوریا  و هەروەها سەرۆکی چاودێرانی مافەکانی مرۆڤی سوریاش ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردۆتەوە کە سولەیمانی چەند رۆژ لەمەو بەر لە دوای هێرشێک لە باشووری رۆژاوای شاری حەلەب بریندار بووە، بەڵام برینەکەی قورس نەبووە.

 

لە چەند رۆژی ڕابردوو دا هەواڵی برینداربوون و تەنانەت کوژرانی قاسم سولەیمانی لە سوریا لە هەندێ ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەلایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، بەڵام رۆژی سێ شەممە 24 نۆڤامبر ، رەمەزان شەریف وتەبێژی سوپا ئەم هەواڵەی ڕەتکردۆتەوە.

رامی عەبدوڕەحمان سەرۆکی رێکخراوی نادەوڵەتیی چاودێرانی مافەکانی مرۆڤی سوری بە هەواڵنێریی فەڕەنسای وتووە کە قاسم سولەیمانی سێ رۆژ لەمەو پێش لە ناوچەی “العیس” لە باشووری پارێزگای حەلەب کوژراوە.

جگە لە سولەیمانی، بەشێکی دیکە لە فەرماندەکان و پلەدارانی سوپای پاسدارانی ئێران لە سوریا و عێراق بوونیان هەیە کە لە حەوتووەکانی ڕابردوودا، بەشێکیان کوژراون و تەرمەکانیان بۆ ئێران گوازراونەتەوە.

لە حەڤدەی ئۆکتۆبری ڕابردوو دا، هێزەکانی سوپای سوریا ڕایانگەیاندبوو کە هێرشێکیان بۆ وەرگرتنەوەی ناوچەی حەلەب لە دەستی هێزە یاخیبووەکان دەست پێکردووە کە تیایدا هێزەکانی سەر بە سوپای پاسداران و حیزبوڵلای لوبنانیش بەشدار بوون، ئەم هێرشە بە پشتیوانیی هێرشی ئاسمانی سوپای ڕووسیا ئەنجام دەدرێت.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت