قاسم سلێمانی لە نێوان گومانی مان و مردندا

0
825

قاسم سلێمانی ئەو سەردارەی سپای قودس کە لەو ساڵانەی دوایی و لە شەڕی عێراق و سوورییەدا ناوبانگێکی دەرکرد و بەتایبەتی لە لایەن هەندێک هێز و میدیای باشوورەوە کرا بە کەسێکی ستراتژیست و خاوەن ئەقڵیەتی نیزامی و پلان داڕێژو تەنانەت هەندێ کەسی وەک مەحموود سەنگاوی خۆزگەیان خواست، کورد کەسێکی ئەوتۆ قارەمانی هەبا، ماوەیەکە لە چاوی کامێراکان و لە قەڵەمی نووسەراندا شوێن بزرە.

لڤین پرێس لە بابەتێک لە ژێر ناونیشانی “قاسم سلێمانی حیساب بۆ حکومەتی هەرێم ناکا” لە ڕێکەوتی ١٥-١٠-٢٠١٤ لەبارەی قاسم سلێمانییەوە ئاوا دەنووسێ: “قاسم سلێمانی، فەرماندەی سوپای قودس و بەرپرسی سیاسەتی ئێرانیشە لە عێراق و سووریا و لوبنان و بە “پیاوە هەرە بەهێزەكەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست” دەناسرێ.”

عەدنان مفتی لەمەڕ دەرکەوتنی قاسم سلێمانی لە ناو هیزی پێشمەرگەی یەکێتی دا ئاوا دەدوێ: “عەدنان موفتی دەربارەی دەركەوتنی قاسم سلێمانی لەنێو هێزی پێشمەرگەدا كە خۆدەرخستنێكی بەئەنقەست و پەیامدارە، دەڵێت “وەك چۆن بەرپرسێكی ئەمریكی دێتە هەرێمی كوردستان و ئاساییە، ئێرانیش دێت و بەشدارییان كردووە لە شەڕی دژی داعش، هاتنی قاسم سلێمانی سروشتییە و ئێران دەوڵەتێكی دراوسێیە”.

هەندێ کەس لایان وایە قاسم سلێمانی کوژراوە و ئەو گومانەش کاتێک بەرەو زیادبوون ڕۆیشت کە کۆڕێک کە لە زانکۆی تاران بۆ ناوبراو پێکهاتبوو وەدوا دراو تا ئێستاش نەگیراوە.

دوایین سەفەری بەرچاوی قاسم سلێمانی بۆ ڕووسیە بوو کە چەندین دەستکەوتیشی لێکەوتەوە. دوای ئەو دەنگۆی بریندار بوون و ناساز بوونی لە میدیاکان بڵاو کرایەوە و میدیاکانی ئێرانیش وەدرۆیان خستەوە بەڵام تا ئێستاش لە غەیبەتی کوبڕا دایە و ئەوەش جارێکی تر گومانی نەمان و کوژرانی زیاتر کردووە.

ڕێکەوتی ١-٢-٢٠١٦، حەسەن فەیروزئابادی ، سوپاسالاری ئێران ، ئەمریكای تۆمەتباركرد بە هەوڵدان بۆ كوشتنی سەردار قاسم سلێمانیی، فەرماندەی فەیلەقی بەدەر و ، لە هەمانكاتدا رایگەیاند كە دەنگۆكانی كوژرانی سلێمانی دوورن لەڕاستییەوە .

هەڵبەت پێشتریش بەشی فارسی ئەلعەرەبییە لە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی باسی لە بریندار بوونی قاسم سلێمانی کردبوو، هەواڵێک کە دواتر سپای پاسداران کوتی ناڕاستە.

مان و نەمانی قاسم سلێمانی لە ڕوانگە جیاوازەکانەوە، جیاوازە، هەندێک کەس بە بابەتێکی گرنگی دەزانن و هەندێک کەسیش پێیان وایە بابەتێکی ئاساییە و نەمان یان مانی ئەویش هیچ لە هیچ ناگۆرێ بەتایبەتی نەمانی ئەو بۆ کۆماری ئیسلامی هێندە گرنگ نییە. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە: چۆنە کۆماری ئیسلامی ئەو ڕووداوە دەشارێتەوە.

ڕۆژی کورد لای وایە کە قاسم سلێمانی کوژراوە و ئەوە ئاسەوار و کاریگەرییە نەرێنییەکانیەتی بۆ کۆماری ئیسلامی کە ئەو هەواڵە دەشارێتەوە و ئاشکرای ناکات، کەواتە مردن و کوژرانی قاسم سلێمانی هەر نەبی لە باری دەروونییەوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هێزەکانی ئێران لە سووریە دەبێت و لە لایەکی تریشەوە کاریگەری لەسەر لایەنە پەیوەندیدار و دەست وپەیوەندییەکانی ئێران لە ناوچە و بەتایبەت هێزە کوردییەکانی باشوور دەبێت لە شێوەی پەیوەندی سەربازییان بە ئێرانەوە.

کوژرانی قاسم سلێمانیش ڕۆژێک لە ڕڕۆژان وەک زۆر ڕاستی تر ئاشکرا دەبێت بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە لەو ماوەیەدا ئێران لە ئاستی سووریەدا بەرەو لاوازی دەڕوات و پێدەچێ ئەمریکا بەدوای قرتاندن و هەڵپاچینی پەڕ و پۆیەکانی ئێران لە ناوچەکە بێت. لە لایەکەوە وڵاتانی عەرەبی بە ڕێبەری و گوێڕایەڵی عەرەبستان بە نیازی بەڕێکردنی هێزن بۆ سووریە، بڕیارێک کە پشتگیری ئەمریکاشی بەدواوە بووە، لە لایەکی تریشەوە دەوڵەتی ئەمریکا لە واشنگتۆن لە نامەیەکدا دەستووری بە حکومەتی بەغدا داوە تا لە ماوەی دوو حەوتوودا هەموو هیزە خۆجێییەکان کۆبکاتەوە، ئەوەش بە واتای کەم بوونەوەی هێزی ئێرانە و لەو ناوەشدا نەبوونی کەسێکی وەک قاسم سلێمانی کە لە سەرەتاوە ستراتژیستی سەربازی ئێران بووە لەو ناوچە، خەسارێکی زۆری پێدەگەیێنێ، خەسارێک کدە دەکرێ بلێین بۆتە هۆکاری ئەوەی کە ئێران ڕایبگەیێنێ چی تر هێز بۆ سووریە نانێرێت.

داهاتوویەکی نزیک کە تێیدا هەموو ئەو پرسیارە بێ وڵامانە، وڵامی خۆیان وەردەگرنەوە، هەموو گرێپووچکەکان چارەسەر دەکات و دەیانکاتەوە، داهاتوویەکی کە پێدەچێ تەختی ئێران بەرەو هەڵدێر دەبات و بەختی کورد دەکاتەوە، بەختێک و دەرفەتێک کە بۆی هەیە تا سەد ساڵی تریش بە کورد نەدرێتەوە چونکو سەد ساڵ زیاترە بۆ کورد هەڵنەکەوتووە. کەڵک وەرگرتن لەو دەرفەتانەش هەندێک فاکتەر و هۆکاری دەوێ کە لە ئێستادا بە گشتی لە کوردی سەد بەرە و دە بڕیاردا بەدی ناکرێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.