فەڕانسە “موشەکهاوێژیی حوسیەکان”ـی بەرەو مەکە، مەحکوم کرد

0
816

ڕۆژی کورد: دوابەدوای ئەوەی کە عەڕەبستانی سعودی هەواڵی هاویشتنی موشەکێک لە لایەن حوسیەکانی یەمەن ـی بەرەو مەکە بڵاو کردەوە، فەڕانسە ئەو هێرشەی مەحکوم کرد.

وەزارەتی دەرەوەی فەڕانسە لە ڕاگەیێندراودێکدا ئەو هێرشەی حومەسیەکانی یەمەن ـی مەحکووم کرد و بە ئاژاوەگێڕی و هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی دووبەرەکی لە ناوچەکەی وەسف کرد.

لە هەمان کاتدا، فەڕانسە داوا لە لایەنەکانی یەمەن دەکات دەست بە دانوستانەکان بکەنەوە و لە ڕێگایەکی ئاشتیخوازانەوە کۆتایی بە تەنگژەکان بهێنن و ئەوە بە تەنیا ڕێگاچار دەزانێت.

لەو ڕاگەیێندراوەی وەزارەتی دەرەوەی فەڕانسەدا، پشتیوانیی تەواو لە ئیسماعیل وەلەد ئەلشێخ ئەحمەد، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەمەن، دووپات کراوەتەوە.

حوسیەکانی یەمەن لە وڵامی بانگەشەکەی سعودیەدا دەڵێن ئەو موشەکە بەرەو لای جەدە هاویشتراوە نەک مەکە، بەڵام سعودیە دەڵێ ئەو موشەکە بەرە لای مەکە هایشتراوە و کاتێک هێزەکانی سعودیە پێیان زانیوە، لێیان داوە و شوێنی هاویشترانی موشەکەکەشیان بە خەستی بۆمباردومان کردووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیش وێڕای تاوانبارکردنی سعودیە بە کەڵکاژۆ وەرگرتن لە پیرۆزییە ئایینەیاکان، لەمبارەوە بە هەواڵنێرانی گوتووە: “ئامۆژگاریی من بۆ بەرپرسانی سعودیە ئەوەیە چیتر کەڵکاژۆ لە پیرۆزییە ئایینیەکان وەرنەگرن و بە مەبەستی سیاسی بەکاریان نەهێنن”.

لە حەجی ئەمساڵدا، سعودیە بە هۆی ئەوەی کە حاجیە ئێرانیەکانی بە ئاژاوەچیەتی لە ڕێوڕەسمی حەجدا تاوانبار کردووە، ئیزنی نەدا حاجیە ئێرانیەکان بەشداری ڕێوڕەسمی حەج بکەن، لە هەمبەردا چەند کەسێکی سەر بە ڕژیمی ئێران لە نزیک باژێڕی میاندواو لە پارێزگای ئورمیە، ماڵێکی هاوشێوەی مەکەیان دانا و ڕێوڕەسمی حەجیان تێدا بەڕێوە برد.

پەیوەندیی نێوان کۆماری ئیسلامی و سعودیە بەتایبەتی دوای لەسێدارەدانی شێخ ئەلنەمر، ڕێبەری شیعەکانی سعودیە لە لایەن ئەو وڵاتەوە و ئاگرتێبەردانی سفارەت و کۆنسولگەریی سعودیە لە ئێران، بە توندی گرژ بووە و ئاڵۆزتر لە هەمیشەیە.

ئەو ئاڵۆزییانە بە هۆی شەڕی سوریە و ئێراق و دەست تێوەردانەکانی ئێران و هەروەها پشتگیریی ئێران لە حوسیەکان لە یەمەن، ڕۆژبەڕۆژ ئاڵۆزتر دەبێ.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت