فەڕانسە: ماکرۆن و لۆپێن، چوونە خولی دووهەم

0
1233

ڕۆژی کورد: هەروەک پێش بینییەکان دەریانخستبوو، ماکرۆن و لۆپێن، دوو بەربژێری سەرۆک کۆماریی فەڕانسە، لە هەڵبژاردنەکانی ئەو جارەی ئەم وڵاتەدا، چوونە خولی دووهەم.

خولی دووهەم دوو حەوتوو دواتر لە ٧ی مانگی مای ـدا بەڕێوە دەچێت واتا ١٧ی گوڵان.

ئیمانوێل ماکرۆن، بەربژێری سەربەخۆی مەیلەو چەپە و مارین لۆپێن، ڕێبەری حیزبی ڕاستگەرا و ناسیۆنالیست (بەرەی نەتەوەیی)ـن کە لە خودلی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی فەڕانسەدا کە بڕیارە دوو حەوتووی تر بەڕێوە بچێت، پێکەوە ململانێ دەکەن.

فرانسوا فیون، بەربژێری حیزبی محافزەکار (کۆماریخوازەکان)، ١٩.٧ و ژاک لوک میلانشۆن لە حیزبی چەپگەرای فەڕانسە ١٩.٢ لە سەدی دەنگەکانیان وەدەست هێناوە.

بنوا ئامۆن، بەربژێری حیزبی سوسیالیست کە ئێستا حیزبی دەسەڵاتدارە تەنیا ٦.٢ لە سەدی دەنگەکانی وەدەست هێنا و شکستی خۆی بە قەباحەت و “شکستێکی قەباحەتی مێژوویی” بۆ فەڕانسە، زانی.

فڕانسوا ئۆلاند، سەرۆک کۆماری ئێستای فەڕانسە کە لە حیزبی سووسیالیستە، بە هۆی نزم بوونی ئاستی خۆشەویستییەکەی لە ناو خەڵک، خۆی بەربژێر نەکردبۆوە.

مارین لۆپێن، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی بە ڕووداوێکی مێژووی زانی. لۆپێن لە هەڵبژاردنی پێشوودا ١٧.٩ لە سەدی دەنگەکانی وەدەست هێنابوو بەڵام لەو خولەدا، رێژەی دەنگەکانی لە سەدا ٤، زێدەی کردووە.

لۆپێن لە پرۆپاگەنداکانی هەڵبژاردنی خۆیدا باسی لە داخستنی سنوورەکان، چوونە دەر لە یەکیەتیی ئوروپا و کۆتایی هێنان بە بازرگانیی ئازاد، کردووە و لە ڕۆژانی کۆتایی هەڵبژاردنەکاندا باسی لە داخستنی مزگەوتی ئیسلامگەراکان کردووە.

ئێمانوێل ماکرۆن، سەرکەوتنی خۆی لە هەڵبژاردنەکان بە خاڵێکی وەرچەرخان لە سیاسەتی فەڕانسە زانئ و گوتی: “فەڕانسەوییەکان حەز و ویستی خۆیان بۆ چاکسازی و گۆرانکاری نیشان دا و هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە وەرزێکی نوێ لە مێژووی سیاسیی فەڕانسە هاتۆتە ئاراوە”.

بنوا ئاموون، بەربژێری حیزبی سوسیالیست کە بەپێی ڕێژەی دەنگەکان، پلەی پێنجەمی وەدەست هێناوە داوای لە خەڵک کردووە تا دەنگەکانیان بدەن بە ئیمانوێل مەکروون.

ماکروون، تەمەنی ٣٩ ساڵانە، ڕێبەری بزووتنەوەی “بۆ پێشەوە”ـە و لە کاتی پرۆپاگەندا بەڵێنیی ئەوەی دابوو کە لە ئەگەری سەرکەوتنی، بازاڕی کار و سیستەمی خانەنشینی دەگۆڕێت.

ماکرۆن پێشتر بانکدار بووە و لە کابینەی ئۆلاند دا، وەزیری ئابووری بووە. لیبراڵە و لایەنگری ئوروپایە.

لە وڵاتی فەڕانسە، ١١ بەربژێر لە کێبەرکێی هەڵبژاردندا بۆ گەیشتن بە کورسیی دەسەڵات و سەرۆک کۆماری، پێکەوە ململانێ دەکەن. سەرۆک کۆماری فەڕانسە، ڕاستەوخۆ و بە دەنگی خەڵک هەڵدەبژێردرێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت