فەلسەفەی جامانە و هۆکاری دژایەتی کردنی لەلایەن ئانتی ناسیۆنالیستەکانەوە

0
4559
تاهیر قەرەخان

نووسینی: تاهیر قەرەخان

‏‎هەروەکوو چۆن تا ئێستا پەکەکە دژی ناسیۆنالیزم و ناسیۆنالیستەکان، ئاڵای کوردستان، ناوی پێشمەگە، سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و هەموو هێماکانی کورد وەستاوە، چاوەڕوانیی ئەوەش دەکرا بە دژی جامانە بوەستنەوە، تەنیا بە هۆکاری ئەوەیکە چالاکییەکی نەتەوەییە و لە بازنەی ناسیۆنالیزمی کوردیدا دەخولێتەوە، خەباتی ئاشکرا و کەوتنە سەر حازی ئەوان لە ناوخۆ ئەرکی ئەحزابی کوردی ئەستەمتر کردۆتەوە و بە هەموو تواناییەک هەوڵدەدەن خەباتی بزاڤی نەتەوایەتیمان بەرەو ئاقارێک بەرن کە هیچ کات لە بەرژەوەندیی کورددا نەبووە، بە گشتی دژی هەر هەوڵێکی نەتەوەخوازی هەڵویست دەگرن، هەر ئەوەش یەکێک لەو هۆکارانەیە کە دەستیان لە ڕۆژهەڵات ئاوەڵاترە، بۆیە لێرەدا هەوڵم دراوە وڵامی ئەو دوو پرسیارە بدرێتەوە کە بۆچی جامانە کوردییە و مەبەست لە کەڵک وەرگرتن لە جامانە لە ڕۆژی نەورۆزدا چیە؟

‏‎ئەحزابی ڕۆژهەڵات لە هەموو بۆنەیەکدا بۆ کۆکردنەوە و یەکڕێزیی کۆمەڵگا هێمایەک دیاری دەکەن، بۆ وێنە چەند ساڵ لەمەوبەر لە ۲۲ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی تیرۆری دوکتور قاسملوو، ڕەنگی شین بوو بە هێمایەک بۆ خەڵک و هێمایەک بۆ ناڕەزایتی دەربڕین بەرانبەر بەو کردەوەی ڕژیم، لێمان تێکنەچێت کە له نەورۆزی ئەمساڵدا، جامانە بەشێک نیە لە کولتوری نەورۆز، بەڵکوو هێمایەکە بۆ هاودەنگی و یەکڕێزیی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات.

‏‎جامانەی کوردی دوو جۆری هەیە، جامانەی سوور و سپی و جامانەی ڕەش و سپی کە هەر کامیان مێژووی تایبەت بە خۆی هەیە، لە ناو بادینان جامانەی ڕەنگی سوور و سپی، هێمای بەرنگاربوونەوەیە، ئەو مێژوویەش دەگەڕێتەوە سەردەمی شێخ ئەحمەد کە پاش هێرشی حکومەتی ئێراق، شێخ ئەحمەد بە جامانەی سوورەوە بارزان بەجێ دێڵێت و حکومەتی ئێراق بڕیاڕ دەدات هەر کەسێک به جەمەدانەی سوورەوە ببینن قۆڵبەستی بکەن، لە ئەنجام دا شوانێک دەگرن و هەر بەو جامانەوە دەیخینکێنن، لە ڕاستیدا جامانەی سوور لێکدانەوەی جوگرافیایی و مێژوویی لە پشتە کە خاوەن هێمایەکی تایبەتیە.

ئەو دوو جامانەیە مڵک و هێمای شانازیی کوردە و دژایەتی کردنی غەدرە لە مێژووی نەتەوەکەمان.

ئەمساڵ شكوی جامانە لە هەیبەتی پێشمەرگەوە دەبارێ و دەبێتە هێمایەک بۆ نەورۆز.

‏‎لە زۆربەی وڵاتانی جیهان هاوشێوەی جامانەی کوردی لە ڕەنگی ڕەش و سپی بەرهەم دەهێنرێت، تەنانەت فاشێن مۆدێلەکانی ئامریکا و بریتانیا چەندین جار کەڵکیان لەو شێوە جامانەیە وەرگرتووە بەڵام ئەوان بە تەواوی جیاوازن لە جامانەی کوردی، ئەو جامانانە یان له خاڵی گەورەتر پێک هاتووە یان هەر لەسەر ئەو فۆڕمە بە شێوازێکی دیکە دیزاین کراوە و تەنانەت لە شیرازەشدا هیچ چەشنە پێوەندییەکی بە جامانەی کوردییەوە نییە.

‏‎”هەموو نەتەوەیەک هێماگەلێکی تایبەت بە کولتوری نەتەوەیی هەیە کە چیرۆکێکی تایبەتی لە پشتە، بێگوومان نەتەوەی ئێمەش یەکێک لەو نەتەوانەیە کە هێما و سیمبولی تایبەت بە خۆی هەیە کە بەداخەوە تەنیا لە ئەدەبیاتی زارەکی دا قەتیس ماوەتەوە”.

‏‎دەست لە ملانیی دوو ڕەنگی ڕەش و سپی لە جامانەدا نیشانەی یەکسانیی پیاو و ژنە، جامانە یان هەمان ”ئاخابانو” هێمایەکە لە شۆڕش و خەباتی نەتەوایەتیی گەلەکەمان، جامانە لە دوو ڕەنگی سپی و ڕەش پێکهاتووە، ئەو ڕەش بەڵەکە بێ واتا نیە، بە پشت بەستن بە مێژووی شامانیزم و سەردەمی ڕاوچێتی، ڕەش، هێمای پیاوە واتە ئاخا، ڕەنگی سپی هێمای ژنە واتە بانوو.

‏‎لە کۆمەڵگای کوردی دا ڕەشبەڵەک یانی دەستگرتنی پیا و ژن لە شاییدا، کەوابوو شایی و ڕەش‌بەڵەک پێکهاتووە لە ژن و پیاو بە شێوازی بەشداریکردنی یەکسان کە بە هەمان ئاراستە، خاڵە ڕەش و سپییەکانیش لە جامانەدا خۆی دەنوێنێ.

‏‎”ئەم دوو ڕەنگە بە شێوەیەک ڕازاوەتەوە کە یەکسانییەکی تایبەتی خوڵقاندووە و هەربۆیە بەبێ جیاوازی، ژن و پیاو بەکاری دەهێنن”.

‏‎جامانە هێمایەکە بۆ پێشمەرگە، لە چەند دەیەی ڕابردوو تا ئێستا، جامانە لە ناو پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات دا هێمایەکی شۆڕشگێڕییە، هەر لە کفن کردنەوە بگرە تا لەسەرنان و هەڵپێچانی برین، بە جۆرێک کە تێکۆشەرانی بزاڤی ئازادیخوازیئ نەتەوەکەمان بەبێ جیاوازیی فکری و ئیدئۆلۆژیکی و مەڕامی سیاسی، جامانەیان وەکوو هێمای قارەمانایەتی بەکارهێناوە و بۆتە هاوڕێی ڕۆژە سەختەکانی پێشمەرگە.

‏‎جامانە هەم لە بواری کولتوری و فەرهەنگیەوە و هەم لە دەلاقەی پێشمەرگانەوە ئەرکێکی لە ئەستۆ بووە کە ئەمڕۆ توانیویەتی ببێت به هێمایەکی نەتەوەیی، ببێت بە هێمای قارەماناەتی و یەکسانیی ڕەگەزی، بۆیە لە نەورۆزی ئەمساڵدا لەگەڵ نوێ بوونەوەی ساڵ و سروشت، بە هێمای جامانەوە، نەورۆز پیرۆز دەکەین و لەگەڵ هەزاران شەهیدی رێگای رزگاری نەتەوەکەمان، بەتایبەتی شەهیدانی ڕاسان پەیمان نوێ دەکەینەوە و بەڵێن دووبارە دەکەینەوە کە پێشمەرگە، هێمای ئارامی و خۆشەویستی به خەباتی نەپساوەیان و گڕوتینێکی زۆرەوە جارێکی تر ئاواتی دوژمن لە گۆڕ دەنێن.

نەورۆز و جامانە، دوو هێمای شوێندانەری خەباتی نەتەوەییمانن و هەردەم هێمان بۆ چۆکدانەدان و بەرخۆدانی نەتەوەکەمان. با جامانەکان لەم نەورۆزەی ڕۆژهەڵاتی ئاگریندا، باڵا بکەن و بۆجاریکی دیکە، هەرمانی نەتەوەکەمان بەگوێی جیهاندا  بچڕین .

‏‎سەرکەوتن بۆ پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات

‏‎بژی جامانە هاوڕێی بە ئەمەگی پێشمەرگە

‏‎بەرز و پیرۆز بێ نەورۆزی ۲٧١٧ی کوردی

سەرچاوەکان:

کۆکردنەوەی وتەکانی کاک مستەفا هیجری لە نەورۆزی ۱۳۸٦ لەسەر هەڵپەڕکێ و جامانە

مێژووی جامانەی سوور/رەحیم ڕەشیدی

جامانە هێمای بەرخۆدان/هادی عەزیزی

بەرپرسیارەتیی سەرجەم ئەو بابەتانەی لە ناوەندی ڕۆژی کورد بڵاودەبنەوە، لە ئەستۆی نووسەرە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت