فەرهەنگی وشەی “کوردیکا” لە کرماشان چاپ و بڵاو کراوە

0
1991

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، فەرهەنگی وشەی کوردیکا لە کرماشان، چاپ و بڵاو بۆوە.

لە ئێستادا دوو بەرگی ئەو پەرتووکە کەوتووەتە بەر دەستی خوێنەران کە دوو پیتی “ئەلف” و “بێ” لە خۆ دەگرێت.

فەرهەنگی وشەی “کوردیکا” لە نووسینی عەباس جەلیلیان، سەرجەم زاراوە کوردییەکان لە خۆ دەگرێت.

ئەو فەرهەنگە کە لە هەژمارێکی کەمدا چاپ و بڵاو بۆتەوە لە ئێستادا لە وەشانخانەی “دیباچە” لە کرماشان دەفرۆشترێت.

عەباس جەلیلیان، نووسەری کوردی کرماشانی باشتر بناسین:

عەباس جەلیلیان، ناسراو بە ئاکۆ، لەدایک بووی ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی لە شاری ئیسلام ئابادی ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشان ـە.

عەباس جەلیلیان، فەرهەنگ نووس و لێکۆڵەر لە بواری فلکلۆری کوردستانی ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی فلکلۆری ناوچەی کرماشان و ئیلام و لەکستان و لوڕستان ـە و زیاتر وەک نووسەری فەرهەنگی وشەی کوردی بە کوردی و فارسی ناسراوە و تا ئێستا تەواوترین فەرهەنگی وشەی لە بواری زاراوەی کەلهووڕی ـدا نووسیوە.

ئاکۆ جەلیلیان، جیا لە بواری فەرهەنگی وشە، یەکەمین ڕۆمانی بە زاراوەی کەلهووڕی بە ناوی “مەلووچ” نووسیوە و ئەژمارێکی بەرچاوی پێشکەش بە ئەدەب و پەرتووکخانەی کوردی کردووە کە لەناویان دەکرێ ئاماژە بە “دینسان”، “پەرتووکی فەرهەنگی وشەی کوردی بە کوردی و فارسیی باشوور، “ئاگر مەلووچ”، “زەڕینە و سیمینە”، “ڕەنگنامە” و “تاریکخانە” بکەین.

بەردەوامی و هەوڵی فراوانی ئەو نووسەر و لێکۆڵەرە کوردەی خەڵکی کرماشان لە کاتێکدایە کە بە هۆی چالاکییە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی، گوشارێکی زۆری لەلایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕژیمی ئێرانەوە لەسەرە و تا ئێستا چەیدین جار دەستبەسەر و هەڕەشەی لێکراوە.

ئاکۆ جەلیلیان، ڕێکەوتی 26ی بەفرانباری 1387ی هەتاوی، لە ئیسلام ئابادی ڕۆژئاوا، دەستبەسەر کراوە و دوای دوو مانگ دەستبەسەر بوون بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە. پاشان لەلایەن دادگا و بە تاوانی سەیروسەمەرەی “شناسایی و ڕاکێشانی سیخوڕ و ناساندنی بە وڵاتی بێگانە”، ١٥ مانگ سزای بەندیخانەی بەسەر سەپاوە.

بەپێی حوکمی دادگا لەو کاتیدا، سەفەری ئاکۆ جەلیلیان بۆ هەرێمی کوردستانی باشوور، یەکێک لە تاوانەکانی بووە کە دواتر بە بێ هەبونی هەر چەشنە ئیزنێکی سەردان لە ماوەی بەندکرانیدا لە بەندیخانەی دیزل ئابادی کرماشان، لە مانگی خەزەڵوەری 1389ی هەتاویدا، ئازاد کرا.

ئەو کۆسپ و کێشانە کە تا ئێستاش ڕووبەڕووی ئەو نووسەر و لێکۆڵەرە کوردە بوون، نەیانتوانیوە ڕێگری لە بەردەوامیی ئەو مامۆستا کوردە بکەن و تا ئێستاش لە خەبات بە ئەدەبی کوردی بەتایبەتی لە بەشی زاراوەی کەلهووڕی ـدا بەردەوامە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت