فەرماندەیەکی پلە بەرزی سپای تیرۆریستیی پاسداران لە موسڵ کوژرا

0
1072

یەکێکی تر لە سەردارەکانی سپای تیرۆریستیی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی ئێران کوژرا بەڵام ئەمجارە لە عێراق و لە باژێری موسڵ کوژرا نەک لە سووریە.

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، نیوەڕۆی هەینی ٤ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی، یەکێکی تر لە سەردارانی سپای تیرۆریستیی پاسداران بە ناوی “حاجی شەعبان نەسیری” لە باژێری موسڵ کوژرا.

ئەو فەرماندە پلە بەرزەی سپای تیرۆریستیی پاسداران لە شاری “ئەلبوعاج”، هەڵکەوتوو لە ڕۆژئاوای موسڵ و بە دەستی هێزەکانی گرووپی داعش کوژراوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی تەسنیم، شەعبان نەسیری، یەکێک لە فەرماندە کۆنەکانی لەشکری ١٠ـی سەیدوشوهەدای پارێزگای ئەلبورز بووە و لەو دواییانەشدا جارێک بریندار بووە و هەروەها لە شەڕی سووریەشدا بەشدار بووە.

بە بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، پەردە لەسەر ئامادەبوونی چالاکانەی کۆماری ئیسلامی و سپای تیرۆریستیی قودس لە موسڵ هەڵدەدرێتەوە کە کۆماری ئیسلامی بەردەوام نکوڵی لێکردووە بەڵام چاوکانییەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی باسیان لەسەر کردووە.

لە ماوەی ڕۆژانی دواییدا، دژایەتی لەگەڵ ئامادەبوون و دەست تێوەردارنی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری ناوخۆیی عێراق، پەرەی سەندووە.

سەرۆک خێڵە عەرەبەکانی پارێزگای نەینەوا، داوایان لە کۆمەڵگای ناودەوڵەتی کردووە تا چەکدارانی حەشدی شەعبی لە موسڵ و دەورووبەری دەربکەن و پێش بە خۆسەپاندنی ئێران لەو ناوچەیە بگرن.

ئەو داواکاریی لە ڕاگەیێندراوی کۆتایی کۆنفرانسەکەیان هاتووە کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی مای، خێڵە عەرەبەکانی نەینەوا لە ناوچەی “ئیسکی” لە باکووری ڕۆژئاوای موسڵ بەڕێوەچوو کە ماڵ و سامانیان لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە تاڵان کراوە.

لەو ڕاگەیێندراوەدا هەروەها هاتووە: “گوندەکانی ئەو ناوچەیە سەرەتا لەلایەن داعش و دواتر لەلایەن حەشدی شەعبییەوە لەناو براوە و تاڵان کراوە”.

چەکدارانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێرانن و لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ڕووی مادی و چەک و چۆڵ و هەروەها ڕاوێژکاریی سەربازییەوە، تەیار کراوەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت