فیلمی “چارەکێک هیوا” لە بەشی کێبەرکێی فستیڤاڵی ناودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی بەشداری دەکات

0
1006

ڕۆژی کورد: فیلمی “چارەکێک هیوا”، بەرهەمی دەرهێنەری کوردی کوردستانی ڕۆژهەڵات، جەمشید بەهرامی، لە بەشی کێبەرکێی فتسیواڵی ناودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی لە کوردستان، وەرگیرا.

دووهەمین فستیواڵی ناودەوڵەتیی فلیمی سلێمانی، ئەمساڵ لە ١ی ئوکتۆبر تا ٧ی ئۆکتۆبری ئەمساڵ لە شاری سلێمانی لە کوردستانی باشوور بەرێوە دەچێت.

بڕیار وایە فیلمەکانی ئەم فستیڤاڵە ناودەوڵەتییە لە زانکۆی سلێمانی نمایش بکرێن.

کورتە فیلمی “چارەکێک هیوا”، توانیویەتی لە بەشی کێبەرکێی فیلمە نەتەوەییەکانی ئەم فستڤاڵەدا بەشداری بکات.

فیستڤاڵی ناودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی کە دوو ساڵە بەڕێوە دەچی، لە دوو بەشی ناودەوڵەتی و نەتەوەیی (کوردستانی) پێکهاتووە.

ساڵی ڕابردوو، ٧٢٠٠ فیلم بۆ ئەم فستڤاڵە ناودەوڵەتییە نێردراوە کە بەشێکی کەمیان توانیویانە بگەنە بەشی کێبەرکێ. ئەمساڵ تا ئێستا ڕوون نییە چەند فیلم بۆ فستڤاڵەکە نێردراوە.

فیلمی چارەکێک هیوا پازدە خولەکە و چیرۆکی پێشمەرگەیەک باس دەکات کە لە سەروبەندی شەڕی داعش سەرەڕای نەخۆشی و ئازاری زۆر، بە هۆی خۆشەویستیی وڵات و هەستی نیشتمانپەروەری لە وڵاتی ئاڵمانەوە بڕیاری داوە بگەڕێتەوە کوردستان.

جەمشید بەهرامی، پێشتر  لە وتووێژێکی تایبەت بۆ ناوەندی ڕۆژی کورد لەمبارەوە گوتی: “بەنیازین فیلمی چارەکێک هیوا لە چەندین فستیڤاڵی جیهانی  و لە ئاستی کوردستان بەشدار بکەین”.

دەست و پێوەندییەکانی فیلمی “چارەکێک هیوا” بریتین لە:

نووسین و دەرهێنان: جەمشید بەهرامی

دەورگێڕی سەرەکی: فاتح ساڵحی

دەورگێڕانی تر:

خاتوو ئاوات سەدیقی نیا

کەژوان محەممەدی

ڕۆژوان محەممەدی

 لینا کاروان

کورتە ئاوڕێک لە ژیان و چالاکییەکانی جەمشید بەهرامی:

جەمشید بەهرامی لەدایکی بووی  ١٣٦٠ی هەتاوی، خەڵکی مەریوان لە کوردستانی باشوورە و ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی خوێندنی لە بواری هونەرە جوانەکانی لە زانکۆی شەهید بەهەشتی تاران تەواو کردووە و دواتر وەک مامۆستای هونەر لە شاری مەریوان دەستی بەکار کردووە و دواتر ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی لە زانکۆی تەورێز، بەشی شانۆی لە ئاستی کارناسی تەواو کردووە و سەردەمی خوێندکاری لەلایەن ئیتلاعاتی ئێران لە مەریوان دەستبەسەر کراوە و وەک خوێندکاری ئەستێرەدار، مافی درێژەدان بە خوێندنی لێ زەوت کراوە.

بەهرامی وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی شانۆی سەر شەقام لە کورستانی ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی شاری مەریوانە کە تا کاتی هاتنە دەرەوەی لە ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەیان کاری شانۆیی بەڕێوە بردووە و لە دەیان فستیڤاڵی ناوخۆیی و ناودەوڵەتی بەشداری چالاکانەی هەبووە کە ڕەوتی شانۆی سەرشەقام لە مەریوان ئێستا وەک پێشەنگی شانۆی سەرشەقام لە ئاستی هەموو ئێران، ناسراوە.

بەهرامی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی بە هۆی گوشاری ئیتلاعات بە ناچاری کوردستانی ڕۆژهەڵاتی بەرەو کوردستانی باشوور بەجێهێشتووە و ساڵانی ٢٠١١ تا ٢٠١٢ وەک مامۆستا لە بەشی شانۆی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی بووە و لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە لە وڵاتی ئاڵمان دەژیت.

بەهرامی لە فیلمگەلی “زەلکاو”، فیلمی “بۆچی یان چرا”، فیلمی “ژان و ژین”، دەوری گێڕاوە.

شانۆی “چریکەی ئۆفیلیای ئەویندار”، یەکێک لە کارەکانی بەهرامییە کە وەک دەورگیڕ و وەرگێڕ و دەرهێنەر لە وڵاتی ئەویندار یەکێکی تر لە کارەکانی ئەو دەرهێنەرە کوردەیە.

شانۆی “باوک”، “چوار سندووق” دوو بەرهەمی شانۆیی تری ئەو دەرهێنەرە کوردەن کە لە ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات پێشکەش کراون.

هەروەها دەرهێنەریی فیلمگەلی “دیوار”، “هیوا”، “خنکاو”، لە ئەستۆ بووە.

 

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت