عەلی عابدی: سروشتی حیزبەکانی باشوور وایە، هەر کەس دەوڵەتانی ناوچە خۆشیان نەوێ حەزی پێ ناکەن/ وتووێژ

0
1438

وتووێژکار: حەمیدە سائێب

عەلی عابدی شاعیرو ئاهەنگساز و ژەنیاری ویۆلۆن لە 1364ی هەتاوی هاتوتە دنیای هۆنەرەوەو لە بواری ئاهەنگسازیدا زۆر سەرکەوتوو بووە و چەندین سرود و گۆرانی ناوازەی چۆتە دڵی کۆمەڵگاوە و ئەم بەرهەمانە هەرمان بوونتەوەو بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بەم گۆرانیانە بکەین ؛ ” بەتەنیا جێم مە‌هێڵن” ، شەهید( شەهید گوڵی چیای بەرزە)، شار ، حماسە ، نابەزم ، ژانی گەل و چەندین سرود و گۆرانی دیکە. هەرەوها عەلی عابدی یەکەم ئاهەنگساز بووە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شێعری نوێی( بە ڕاگرتنی قاڵبی شێعرەکە بێ کەم و زیاد کردن) بەکار هێنا وەکوو ئەم بەرهەمانەی : ” زام ” ( شێعری مامۆستا ڕفێق سابیر) ” دەرکی بەهەشت ، شەهید ، تابەکەی و هتد…

زۆرجار بۆ ميلۆدیەکان هۆنراوەی نووسیوە کە ساکاربوون (لەهەمان کات پڕمانا بوون) ، زمانی ناسک و خەیاڵاوی( دووری لە وشەی زبر) ، دووری کردن لە وشەی کەسایەتی و تاکێكی تایبەت، لە بیر مانەوە و لەیادمانی هۆنراوەکان لە مێشکی بەرانبەر ، یەکگرتوویی بابەت ، ڕەوان بوون و گونجاو بوونی بۆ مێلۆدی ، لە تایبەتمەندی هۆنرواەکانی عەلی عابدیە لە وانە دەتوانین ئاماژە بکەین بە ” زەمانێک هەر تۆ بۆ من ” ، شوعلەی ئەوین ، تۆی هاودەمم ، سەربەخۆیی و هتد…

عابدی لەماوەی 3 دەیە کاری هونەری دا وەک ژەنیار و ئاهەنگساز و ئارێنجمێنت بۆ چەندین هونەرمەندی وەک ؛ کامەران عومەر ، ژاڵە سنەیی ، ئەردەوان ڕۆستەم پوور ، محەمەد ڕەئوف کەرکووکی ، عادڵ عەزیز ، شێرزاد حەسەن زادە،جەماڵ حەسن نژاد،نەبز محەموودی،وەستاخدر رادوێ ساز،عەبدوڵامحەموودی، هێدی قادری ، مەحموود هەژیر ، محەمەد گۆمانی ، تاهیر خەلیلی، حسێن خاڵدار، سەید برایم سەقزی ،حسام حسەینی، کەریم خاکی ،عەلی بینایی، سیروان خالدی ، مەنسوور کاویان ،عادڵ عەزیز،ئومێدمستەفا، حامید عوسمان ، تارا ڕەسوڵ ، دانیال ، زرار ، نەبەز مەحموودی ، نایب منبەری ، حسێن دانایی ،محەمەد کێلەشینی ، سەید محەمەد سەفایی ، فەقێ مینە ،قادر ماڵەدۆمی، جەلال کەریمی ،جەلیل مەڕانی،عەبدووڵامحەموودی،مستەفا زەریفی،هیواحسەینی،غەریب زەیناڵی، نیزام مەلازادە و هتد دەیان گۆرانی و ئەڵبۆمی تۆمار کردووە.

تا ئێستا 4 کتێبی لە بواری ئاهەنگسازی و لێکۆڵینەوەی موزیکی کوردی بەناوەکانی ” بەتەنیا جێم مەهێڵن ، وەرزێک لە ئاوازەکانی عەلی عابدی(2004سلێمانی)” ، “لە دڵمایە، ژیان و بەرهەمی ڕەشید فەیزنژاد(2006 سلێمانی )” ،” ژیلان، گۆرانی بۆ منداڵان(1391) “، ” زایەڵە ، 31 گۆرانی بۆ تار ، سێ تار و سەنتوور .

دەتوانین بڵەین عابدی یەکێکە لە جیلی یەکەمین ئاهەنگسازانێک کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مۆسیقای پاپ ی کوردی دەست پێکردوە و زۆربەی ئاوازەکانی هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا پاپن و زیاتر لە مۆدە ڕۆژاواییەکان کەڵکی وەرگرتووە و لەهەمان کات بە ڕوونی تایبەتمەندی مۆسیقای کوردی وەک ڕەوتی مێلۆدی و ڕیتمی کوردی پێوەدیارە ئاوازەکانی بۆ بیسەرانی کورد نامۆ نین و نمونەی سەرکوتووی زۆرە. هەر ئەوەندە بەسە بڵەین کە بەتەنیا جێم مەهێڵن نەوەک سرودێک بۆ هەڵەبجە بەڵکوو ئێستا وەک ڕەمزێکی نەتەوەیی لێ هاتووە کە لە بۆنە جۆراوجۆرکان دەبێتە هێما یەکگرتن و هاودڵی وەک چۆن لە فارسەکان دا ” یار دبستانی ” ئەو ڕۆڵەدەگێڕێ .

عەلی عابدی لە دەیەی 70 و 80 هەتاوی دا لە بواری مۆسیقا و کەلەپووری کوردی گەلێک چالاکی بەرچاوی ئەنجام دا و چەندین ئاوازی کۆن و ڕەسەنی لەبیرکراوە دوبارە هێنا ناو کۆمەڵگاوە لەوانە دەتوانین ئاماژە بکەین بە : پەندی پێشینیان ، 3 کاسێتی محەمەد کێلەشینی ، زێرنۆکێ (ئەڵبۆمی یەکەمی ئەردەوان ڕۆستەمپوور) ، چەندین بەرهەمی سەید محەمەد سەفایی ، سەید برایم سەقزی ، کەریم خاکی ، جەلال کەریمی ، فەقێ مینە ، حسەین خاڵدار ، جەماڵ حەسەن نژاد و …

ئەگەرچی ئەو خۆی مامۆستای خۆی بووە و بە خۆڕسک ئاهەنگسازی و نۆتە و تیئۆریی و ژەنینی ویۆلۆن و … فێر بووە بەڵام لەدەیەی 70ی هەتاوی بۆ فێربوونی زیاتر و پلەکانی باڵا دەچێتە لای مامۆستای گەورەی کورد” موجتەبا میرزادە” و شانازی شاگردی لە خزمەت ئەو مەزنە هونەرمەندەدا بووە و ئەزمونێکی هاوکێشی گەوهەری لێ فێر دەبێ .  عابدی 28 ساڵە لە فێرگە و ناوەندە هونەریەکان وانەی مۆسیقا دەڵێتەوە و چەندین قوتابی سەرکەوتوو هەبووە . ئەو لە وانە گووتنەوە ی مۆسیقا دا لە هەمان کات کە مۆسیقای ڕۆژاوایی ( کلاسیک ) دەڵێتەوە ، مۆسیقای کوردی ش بە شێوەی زانستیانە و نۆتە و تێئۆری دەڵێتەوە چوون بڕوای وایە هەردووک پێویستن.

ساڵی ١٣٩٢ هەتاوی بەرهەمێکی بەناوی “حماسە ” کە ئاهەنگسازی خۆی بوو لەگەڵ تیپی مۆسیقای نەکەرۆز بڵاو کردەوە و لە لایەن جەماوەری کورد و  میللەتانی دیکەوە زۆری پێشوازی لێ کراو و لە زۆربەی کەناڵە بیانی و فارسی و کوردیەکانەوە بڵاو کرایەوە و بوو بە هۆی ئەوەی جگە لە کورد لە نێو گەلانی دیکەش دا ناسراو بێت .

عەلی عابدی تا ئێستا چەندین گروپی مۆسیقای سەرپەرشتی کردووە لەوانە : ” سروە ی سەقز ” ، ” تیپی مۆسیقای سەردەشت ” و تیپی مۆسیقای نەکەرۆز ( کە دامەزرێنەری ئەو گروپە بووە و تائێستاش سەرپەرەشتی دەکات) و لەگەڵ گروپی نەکەرۆز تا ئێستا 2 کۆنسێرت و 19 جار بەرنامەی ساڵڕۆژی هەڵەبجە و چەندین بەرنامەی ئەنجام  داوە بەڵام دواهەمین کۆنسێرتی عەلی عابدی ، ڕەشەمەی 1377ی هەتاوی بووە و ئێستا زیاتر لە 20 ساڵە کۆنسێرتی ئەنجام نەداوە.

 لەم وتووێژەدا عەلی عابدی باسی هۆکاری بەرێوە نەچوونی کۆنسێرتمان بۆ دەکات.

ڕۆژی کورد: هۆکاری چیە بەرێزتان زیاتر لە 20 ساڵە نەچوونەتە سەر ستەیجی کۆنسێرت؟ خۆتان حەزتان نەکردوە یان ئیجازەی ئەو کارەیان پێنەداون؟

عابدی: لەماوەی  زیاتر لە 30 ساڵ چالاکی هۆنەریمدا بە شێوەیەکی ڕانەگەیندراو نەکراو واتە بەکردەوە قەدەغەی کارکراوم. چەندین جار لە رێگەی یاساییەوە بۆ بەڕێوەبردنی کۆنسێرت، کۆبوونەوە و سمیناری هۆنەری چووینەتە پێش بەڵام نەیانانهێشتووە و ڕێگر بوون.

تەنانەت چەندین جار لە فەرمانگەی ناوەندی ئیرشادی پارێزگای سنەوە ئیزنی سمینار و هکۆبوونەوەی هونەریم بۆ وەرگیراوە بەڵام فەرمانگەی ئیرشادی شاری سەقز و ناوەندە بەرپرسیارەکان ڕێگریان کردووە و سەروتر لە یاسا توانیویانە بەر بە بەرنامە سەحنەیەکانم بگرن.

ڕۆژی کورد: پێتان وایە چ لایەن و کەسانێکن کە ئاستەنگیان بۆ دروست کردوون ؟

عابدی: لای هەموو کەس ئاشکرایە ئەو کەسانە کێن، بەڵام وڵامەکە ئەوەیە کە هەندێک لۆمەێنی نەزۆکی فەرهەنگی و هۆنەری کە داردەستی دەسەڵاتداران و موتریبی دیوەخانەکانن ماوەی 30 ساڵە بێ پسانەوە ناوەندە ئەمنی و فەرهەنگیەکانیان لە من و هاورێیانم هاشەدار دەکەن بۆ ئەوەی نەتوانین چالاکی هۆنەری ئەنجام بەدەین. جودا لەوەش نیشانی سیاسی بونیان پێوە هەڵواسیوم و هەربەم بۆنەوە زیاتر لە دەجار بۆ لێکۆڵینەوە بانگهێشتی ناوەندە ئەمنیەکان کراوم بە بێ ئەوەی یەک دێڕ پەروەندەی قەزائییان لە من ببێت.

پێویستە ڕوونی بکەمەوە کە لە ماوەی 40 ساڵ حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جیا لەوەی مافی کار کردنم لێ زەوت و قۆرغ کراوە، لە تەواوی ماف گەلێک کە شارومەندێکی ئاسایی لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی هەیەتی من بێبەش بووم، تەنانەت زۆر شتی دیکەشم لەسەر هونەر و ئەم پێشهاتانە داناوە کە جارێ بۆ باس کردن نابێت.

ڕۆژی کورد: بۆچی ئەو زەخت و گوشارانەیان بۆ هێناویت؟

عابدی: هەرچەندە وڵامی ئەم پرسیارەت لای نەیارانی منە بەڵام ئەوەندە دەزانم ئەم ستەمە 30 ساڵە لەسەرمەو تەنانەت چەندین جار پلانی سڕدرانەوەی جەستەییم لە ئارادا بووە و چەندین جاریش ڕاستەوخۆ وتوویانە کە دەبێ لێرە بڕۆیت. کە واتە حەز ناکەن لە پێش چاویان بم و دەیانەوێ ڕاستەوخۆ کاریگەریم لەسەر ڕەوتی هونەریی کوردستان ببڕن و گۆشەگیر ببم و بمسڕنەوە.

ڕۆژی کورد: بەم لێکدانەوەیە دەتوانین بلێین هەر بەم هۆکارانە بووە کە لەم 30 ساڵدا چالاکیتان بە شێوەی ژێرزەمینی و سەربەخۆ بووە بە جۆرێک بونەتە هێمای موزیکی ژێرزەمینی کوردستان؟

عابدی: بەڵێ ئەو بۆچوونەکەتان دروستە و زۆرترین چالاکی نوسین و تۆمارکردنم بە شێوەی ژێر زەمینی بووە.

ڕۆژی کورد: بۆ باری ماددی و تکنیکی بەرهەمەکانتان کێ ئێسپانسێرتان بووە؟ چۆن توانیوتانە ئەو بەرهەمە بە ناوبانگ و ناوازانە ئەنجام بدەن؟

عابدی: چ لەباری ماددی و چ لە بواری تەکنیکی هیچ لایەن و جێگایێک پشتیوانی و یاریدەرم نەبووە تەواوی ئەم بەرهەمانە لەو 30 ساڵدا لە سەر گیرفانی خۆم بووە و لە هەموو بەشێکی ژیانم لێداوە بۆ ئەوەی ئەم بەرهەمانە بگاتە دەستی خەڵک کە تەنانەت زۆرجار لە بانک وامم هێناوە .

ڕۆژی کورد: ئێوە نە لەشار و نە لە دێ خاوەنی بچوکترین دەرئامەدی ئابوری دیکە نین و تەنیا لە شەهریەی قوتابیەکانت ژیانتان دەگوزەرێ، بەم شێوازە سەختەی ژیان چۆن توانیوتانە بگەنە ئەم ئاستە لە هۆنەردا؟

عابدی: بەڵێ ئەوە ڕاستە من جگە لە پارەی مانگانەی قوتابیەکان و چەند تۆمار کردنێک داهاتێکم نیە و هەر ئەو کەمەش کە پەیدام کردووە لە تۆمار و کلیپەکاندا تێچووم کردونەتەوە بۆیە باری ئابوریشم لەبار نییە.

ڕۆژی کورد: چی وای لێ کردیت نانی ڕۆژانە و تەنانەت سڵامەتیتان لەسەر هۆنەر و ئەم وڵاتە دابنێن؟

عابدی: وڵامی ئەم پرسیارەت شی کردنەوەی زۆر دەخوازێت بەڵام بە کورتی ئەڵێم کە ئەشقی ڕاستەقینە و دڵێکی پاکی مرۆڤ تووشی هەر کردارێک دەکات. ژیان و چالاکی لە کۆمەڵگایەکدا کە هەموو شت بە سیاسی و مافیایی و بنەماڵەیی و ناوچەیی و حیزبی کراوە، دژوارە و بۆ کەسێک کە بەرفراونتر لەم چەق بەستوییە بیردەکاتەوە بێ شک چالاکی و هەڵسوڕانی پڕدەبێت لە کۆسپ و تەنگەژە.

ڕۆژی کورد: بەرێز عابدی جەنابت جودا لە ڕۆژهەڵات لە گشت پارچەکانی دیکەی کوردستان دەتناسن و گوێیان لە بەرهەمەکانت بووە تەنانەت میللەتانی جگە لە کوردیش بە هەندێ لە کارەکانتان سەرسامن ، لەلایەن حوکومەتی هەرێم و ناوەندی فەرهەنگیەکانیەوە یان لەلایەن ئەو کۆمەڵە کەلتوریە کوردیانەی کە لە ئوروپان قەت پشتیوانی کراوی ؟

عابدی: نەخێر هەرگیز هاوکاری نەکراوم. تەنانەت قەڵەمێکیان پێنەداوەم پێی بنووسم.

ڕۆژی کورد: بۆچی؟ هۆکار چی بووە؟

عابدی: لە ڕوانینی منەوە دوو هۆکاری بووە یەکەم ئەوەی کە من بە مانای ڕاستەقینە هۆنەرمەندێکی سەربەخۆم و لەهیچ حکومەت و حیزب و خێڵ و ناوچەیەک خەت وەرناگرم، دووهەم، لەبەر ئەوەی کە لە لایەن داموودەزگاکانی حکومەتی ئێرانەوە لای بەرپرسە حیزبیەکانی حکومەتی هەرێم سفاریش نەکراوم. سروشتی سیاسەتی ئەم حیزبە کوردیەکان وایە ئەم حکومەتانەی ناوچە هەر کەسیان خۆش نەوێ ئەوانیش حەزی پێ ناکەن.

ڕۆژی کورد: بۆچی شێوەی مامەڵەکردنیان وایە؟

عابدی: لەبەر ئەوەی کە بەرژەوەندی سیاسی و ئابووریان وا دەخوازێ. ئەوە لای هەموو کەسێک ئاشکرایە کە هەر ئەم جەماعەتە بە ناو ڕۆشنبیر و هونەریانەی کە هەموو ڕۆژێ بەرنامەیان بۆ سازدەدرێت و تێردەکرێن و بەدیلی حوکومەتن، هەر ئەو کەسانە لە باشوریش پشتیوانی قورس و قایم دەکرێن و تەنانەت هەر ئەو هونەریانە بەدیلی حیزبە کوردیە نەیارەکانی ئێرانیشن. بەم لێکدانەەویە دیارە لە یەک ناوەندی تایبەتەوە یەک خەتی فەرهەنگی و هونەری دیکتە دەکرێت. ئەو دەموودەزگا ئاشکرا و سێبەرانەی حیزبەکان لە باشوور لە ئورووپاش لەو کەسە هۆنەریانە پشتیوانی دەکەن کە بەدیلی حوکومەتەکانن.

هۆنەرمەند و رۆشنبیری سەربەخۆ  کەسێ خۆی بە خاوەن ناکات. چۆن لە کوردستان عەقلانیەتی ناوچەیی و خێڵی و حیزبی زاڵە.

ڕۆژی کورد: لەم ساڵانەی دواییدا زۆر کەس توانیان چەندین کۆنسێرت و بەرنامە و کۆبوونەوە بەرێوە بەرن ، پێتان وانییە بارودۆخ لە چاو ساڵانی پێش کراوەتر بووە و ئاستەنگ کەمترە؟

عابدی: بە درێژایی مێژوو بارودۆخ بۆ ئەو کەسانەی کە لەگەڵ دەسەڵاتداران بوون ، باش و کراوە بووە. بەڵێ بۆچوونەکەی ئێوە ڕاستە کە هەندێ کەسی هۆنەری و ڕۆشنبیری کە تاساڵانی پێشوو دەنگ و ڕەنگ و هەمووشتێکیان قەدەغە و قاچاخ بوو ئەوە ئێستا هەموو بەرهەم و شتەکانیان لە ناو خۆی ئێران بە مجەوزەوە چاپ و بڵاو دەبێتەوەو تەنانەت جودا لە پشتیوانی ماددی بەرهەمەکانیان لە کاناڵە سەراسەری و پارێزگاکانی دەنگ و ڕەنگی ئێران بڵاو دەکرێتەوە و ریکلامیان بۆ دەکرێت، بەڵام کەسانی وەک ئێمە کە سەربەخۆ بووین لە رۆژی ئەوەڵەوە هەتا ئێستا هەر قەدەغە و قاچاخ بووین و مەمنوعول کارو مەمنوعول ژیانین. شرۆڤەی ئەم بابەتە زۆر ئاسانە، واتە ئەگەر مەوردی قەبووڵ یا لەگەڵ دەسەڵاتداران بیت ئەوە کۆنسێرت و بەرنامە لە ژوورەوە و لە دەرەوەی وڵات و میدیا و پوڵ و هەمووشتێکی بۆ ئامادە دەکەن. ئەگەر سەربەخۆش بیت حەقی کار و ژیانت پێ نادەن. بەڵام ئەوە گرینگە ئاماژە بکەین سەرکەوتنی هونەرمەند ئەو سیما جوان و پاک و ڕووسوورەیە کە لە دواڕۆژدا بە شانازیەوە باسی دەکرێت و سەری لە ئاست مەرام و باوەڕ و ئامانجەکانی خۆی و گەلی خۆی بەرزە و ئەمە هەرمان دەیهێڵێتەوە نەک دەنگ و ڕەنگی پارێزگا و قاپی ئەڵبۆمی مجەوزدار و (کۆنسێرتی بوزورگ)ی سفارش کراو .

ڕۆژی کورد: بەرێز دڵزاری کوڕتان لە بواری ئاهەنگسازی و تەنزیم و مۆسیقای نوێ و سەردەمیانە و ئەکادمیک زۆر بەتوانا و خاوەن بەهرەیە ، بۆچی ناوەندە فەرهەنگیەکان لە ئاست ئەویش دا بێ سەرنج و کەمتەرخەمن.

عابدی: ولامەکە ئاسانە هۆکەی ئەوەیە دڵزار کوڕی منە و بەهرەدارە. ئەوان نەک لە ئاست دڵزار بەڵکوو لەگەل هەر هونەرمەندێکی بەهرەدار کە بتوانێ بەردێک لەسەر بەردێک دا بنێ کێشەیان هەیە.تا نزۆکتر بی خۆشەویست تری.

بۆهەموو تاکێکی کورد و دنیا ئاشکرایە کە چۆن تەواوی بەشەکانی ژیان بە مافیا کراوە هەر ئاواش مافیای هۆنەری هەیە و ئەوانەی لە ناو ئەو مافیا جێ دەگرن خاوەن هەموو ئیمتیازێکن و ئەوەیش کە لەو ناوە نەبێت هەوڵ دەدەن حەزف و ئینکار و ڕەشی بکەن.

ڕۆژی کورد: بۆچی ڕۆشنبیران و هۆنەریەکان لە ئاست ئەم بێ عداڵەتیەی کە لەحەق بە جەنابتان کراوە و دەکرێ هیچ نانووسن و بێ دەنگن؟ یان بۆ قەت شرۆڤەی ئەو بەرهەمانە ناوازانەی ئێوە ناکەن؟

عابدی: چۆن زۆربەی ئەو بەناو ڕۆشنبیر و هۆنەریانە لە ناو ئەو مافیان وا باسم کرد و کەسی جگە لە خۆیان بۆ گرینگ نیە. ئەگەر لە من بدوێن پییان وایە ئیمتیازەکانیان لێ دەستێننەوە. ڕۆشنبیر و هۆنەرمەندی چی ؟ زۆربەیان خەریکی بساز و بفروشی ماڵ و زەمینن و بونەتە تاجر ، هونەر بۆیان خۆشگوزەرانی و کات بەسەربردنە نەک پیشە و ڕێباز و ئامانج. هونەرمەند هەیە دایکی ناردوتە ساڵمەندان ئیتر چۆن کەسانی وەک من بۆ گرنگە!!

بۆ نموونە زۆر لە رۆشنبیر و هونەریەکان حەز دەکەن هامووشۆم بکەن یان بێن لەلام گۆرانی تۆمار بکەن بەڵام لە ترسا ناوێرن بێن. جارێکیان شاعرێکم تووش بوو لەدوای ئیزهاری ئیرادەتی زۆر وتی زۆر ئاواتمە وێنەیەکت لەگەڵ بگرم بەڵام دەترسم دوایی تووشی کێشە بم.

ڕۆژی کورد: ئەم وڵاتە چی پێ بەخشیوی؟

عابدی: هیچ جگە لەوەی کە ئەو بارودۆخە سەختەی کە بوو بەهۆی ئەوەی من بەهێزتر، تیژبیرتر بم و ئیرادەم پۆڵایین بێ. ئەوەیشی کە بەڕەنجێکی زۆر پەیدام کردبوو ئەوەیشم هەر بەم وڵاتە بەخشیوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.