عەفرین کێوێکە لە ئیرادە و بەرخۆدانی جوامێرانی گەلی کورد!

0
881
محەمەد سلێمانی

پێرێ  داعش پەلاماری کۆبانی دا و دوێنی سپای داگیرکەری عێراق کەرکوكی داگیرکرد و ئەمرۆش عەفرین لەوتووەتە بەر هێرشی داگیرکاری لە لایەن تورکیەوە، کە ئەندامی ناتۆیە کراوەتە سەر بەمەبەستی داگیرکردن  و لە ئاسمان و زەویەوە ئاگر و ئاسنی بەسەردا دەبارێنرێت و خەڵکی مەدەنیش بەئامانج گیراون. بەڵام کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەبەر ڕەچاوکردنی قازانج و بەرژەوەندیە ئابووری و بازرگانیەکانیان هەتا ئەمڕۆش تەماشاچی بارگرژییەکانن و بەڕیارێكی ئەوتۆیان دەرنەکردتووە کە هێرشی سپای تورکیە سنووردار بکرێت.

کوردبوون شانازیەکی گەلێك گەورەیە و یەکێکە لە جوامێرترین نەتەوەکانی گێتی کە هەتا ئەمرۆش بە هۆی ململانەی نێوخۆی  خاوەنی کیانی سیاسی نیە و خاکەکەی بەسەرچوار وڵاتی بە هێزی ناوچەکەدا دابەشکراوە و ئێستا ئەو گەلە پرسی سیاسی و نەتەوەی لە گەڵ ئێران و تورکیە و سووریە و عێراقدا هەیە. بەدرێژایی مێژوو لە لایەن ئەو وڵاتانەوە ستەمی لێکراوە و  ڕووبەڕووی جینۆساید و کۆمەڵکۆژی کراوەتەوە و ئەو وڵاتانە بەوەشەوەنەوەستاون، چەکی قەدەغەکراویان بەدژی گەلی کورد بەکارهێناوە کە ئامانج لێی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کوردە.

دەبینین لە ئاستی رووداوەکانی عەفرین دا کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و لە نێویشیاندا ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکانی بەداخەوە سەبارەت بە کۆمەڵکوژی کە دەرهەقی کوردکراوە بێدەنگیان هەڵبژاردوە و ئەمرۆیش بەبەرچاوی جیهانەوە  هاونیشتیمانیانی عەفرین کراونەتەئامانج،  لە لایەن سپای تورکیا و بەدڕندانەترین شێوە قەڵوعامدەکرێن. کەچی  ناوەندە بڕیاردەرەکان هەر وەك ڕابردوو خۆیان کڕکردوە و،  بەوجۆرە دەستی  دەوڵەتی توركیان ئاواڵەترکردوە بۆ ئەوەی هێرش داگیرکاری و سەربازییەکانی بەدڵی خۆی بەدژی کوردی ڕۆژئاوا ئەنجام بدات.

سەیرم بەوەی دەێت، دەبێ لەو دونیا پان و بەرینەدا کەس لە گەلی کورد بێکەس و بێ پشتیووان تر بدۆزینەوە و بوونی هەبێت!  ئەو گەلەی لە ئێستادا بەبەرچاوی دونیاوە خاك و ژیان و ژینگەی بەیەکەوە خاپوور و یەکسان دەکرێت، هەتا دوێنی بەشانازییەوە باسیان دەکرا و دەوڵەتە زەبەلاحەکان بەشێوەی بەرمی  پێشوازیان لێدەکردن، چوونکی ئەو وەختی شەر بەردەرگای هەموو لایەکی گرتبوو و داعش وەك مەترسیەکی گەورە لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی جیهانی دەرکەوتبوو. ئەو هێزە دژ بەئازادی و مرۆڤایەتی بە سانای لە سەر دەستی یەپەگە لە سووریە تێکشکا. ئەمرۆ بۆ ١٥ ڕۆژدەچێت دووهەم گەورە هێزی ناتۆ  کە تورکیایە، بە شێوەی بەربڵاو هێرشی داگیرکاری کردۆتە سەر گەلی کورد لە ڕۆژئاوا، بە بیانووی بنەبڕکردنی تیڕۆر و گێڕانەوەی هێمنی و ئۆقرەی بۆ وڵاتەکەی.

هەر لەسەرەتاوە دیاربوو کە حکوومەتی تورکیە بۆمەبەستی بنەبڕکردن و لە نێوبردنی گەلی کورد هاتۆتەمەیدان و ئەمرۆش بەگشتی بەدژی گەلی کوردستان شەڕی ڕاگەیاندوە و ئەوانەی دەکرێنە ئامانج،کوردن و هەر لەبەر کوردبوونیش خەریکە وڵاتە داگیرکەر و دیکتاتۆرەکان هەڵمژینی هەواشمان لێ یاساغ دەکەن. ئەگەر گەلی کوردیش یەکێك لەبەشەکانی دەوڵەتی خۆی هەبووایە و خاوەنی ستڕاتیژی و ئامانجی ڕزگاری یەکگرتووی نەتەوەیی باین، پێموانەبوو بەوجۆرە غەدرمان لێبکرێ و هەتا دۆستەکانیش خۆیان لە گێلی بدەن و هەڵوێستی روونیان دەرنەبڕن لە ئاستی کردەوەی  کۆمەڵکۆژییەکانی حکوومەتی تورکیە لەبەر هێندێك دەسکەوتی سیاسی و ئابووری و سەربازیان لە نێو ئەو  گەمەسیاسەی لە ناوچەکەدابۆ چەند سالێكە سەری هەڵداوە.

ڕۆژێك دێت تورکیەی ئەمڕۆ دەبێتە مەترسی لە سەر ئاسایش و بەرژەوەندی زۆربەی وڵاتانی ناوچە و ئەگەر لەعەفرین براوەبێت و داگیری بکات، کە پێموانیە بەو سانایە لەوێ دەربازی بێت و وەك خۆیان پلانیان بۆ داناوە بەدەستی پڕەوە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان و شای و لۆغانی سەرکەوتن بگێڕن. ئەگەری هەیە  دواجار تورکیە حیساب بۆ دۆستە  کاتی و تاکتیکیەکانیشی نەکات و هەوڵی فراوانترکردنی قەڵەمڕەویان بەسەر جێگایتردا بدەن و خەونی ئیمپڕاتۆریەتەکەیان بەدی بێنن. بە هۆی هێرشی سپای داگیر کەری  تورکیە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا، بەسەدان لە ژن و مناڵ و پیر و لاوی کانتۆنی عەفرین بوونەتە قووربانی و زیانێکی گەورەی ماددیش بەخەڵکی دەڤەرەکان گەیشتووە.

تورکیە دەڵێت: شەڕی تیرۆر دەکات و هەوڵی لەناوبردنی پەکەکە دەدات، بەڵام ژن و مناڵی کورد بە گشتی بوونەتە ئامانجی بۆردوومانە چڕەکانی حکوومەتی تورکیە و هێرشی سپا زۆرتر هۆکاری سیاسی هەیە هەتا ئەمنی و چاویان بەسەرکەوتن و گەشەکردنی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان هەڵنایەت. ئەگەر مەبەستیانە شەڕی پەکەکەی بکەن، ئەوان لە باکوور لە گەڵ سپای تورکیە لە شەردان و گەلی عەفرین و یەپەگە و یەپەژە هێزێكنین کە تورکەکان بە سانای لە ناویان بەرن. ئۆردۆغان  و دەسەڵاتەکەی دەیتوانی وەك برا و دراوسی بوونی کوردەکانی سەلماندبا و بە توندووتیژی نەك کێشەکان چارەسەرناکرێن، بگرە ناکۆکیەکان زیاتر پەرەدەستێنن و دوژمنایەتی دەکەوێتە نێوانی گەلی کورد و تورك. بەداخەوە دەوڵەتی تورکیە بژاردە مەقووڵ و باشەکانی بەلاوە نا و  بۆ یەك لایکردنەوەی کێشەکان بەپشتیووانی کۆمەڵێك چەکداری سەربەخۆی لە سووریەدا، شەڕی بە دژی کورد ڕاگەیاندوە.

کورد وەك نەتەوەیەکی گەورەی ناوچەکە ئەگەر ئەمرۆش نەبێت، سبەی هەر دەبێتە دەوڵەت و ئەو وڵاتانەیش کە خۆیان بە کێشەی کوردەوە زۆر سەرقاڵ کردوە و دژایەتی هەنگاوە سیاسی و دیپلۆماسیەکانی دەکەن. لە دواڕۆژدا قازانجێکیان پێناگات و دەبێت ئەو جامە ژهرە بەخۆنەوە و تاڵی ژیان بەدەستی کوردەوە بچێژن. ئاشتی و لێك تیگەیشتن تەنیا بژاردەیەکە کە کورد و تورك لە سایەیدا دەتوانن بگەنە کۆمەڵێك ڕیککەوتن و پێکەوە کارکردن لەسەر ئاستی ناوچەکەدا. هیچ هێزێك ناتوانێت ناسنامەی نەتەوەیی و جوگرافایی سیاسی کوردستان بەزۆر و ستەمکارانە لە بەرژەوەندی خۆیدا بگۆڕێت.

سنووری کوردستان بە ڕوونی دیارە و دەبێت هەموولایەك دان بەو ڕاستیەدا بنێت.

محمد سلێمانی

03.02.2018

.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.